هەڕەشەی حووسییەكان نەوتی سعوودیە لە سێ ملیۆنەوە بۆ 400 هەزار بەرمیل كەم دەكاتەوە

بینەر: (698)

دووبارە هەڕەشەی حووسییەكان بۆ سەر جووڵەی كەشتیوانی لە دەریای سوور، بووەتەوە دیمەنێكی سەرەكی شانۆی سیاسیی ناوچەكە، بەهۆی نزیكبوونەوەیان لە كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی گەرووی بابولمەندەب. شارەزایانیش دووپات لەوە دەكەنەوە كە بە گرتنی بابولمەندەب، گەورەترین هەڕەشە لەسەر هەناردەی نەوتی سعوودیە دروست دەبێت و سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی ئەو وڵاتە كە ڕۆژانە بەو گەرووە تێپەڕ دەبێت، بۆ 400 هەزار بەرمیل نەوت كەم دەبێتەوە.

تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمەریكی ڕاپۆرتێكی لەوبارەیەوە بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، بابولمەندەب كە یەكێكی ترە لە گەرووە ستراتیجییەكان بۆ بازرگانی جیهانی و دەكەوێتە نێوان جیبۆتی و یەمەنەوە، دەروازەیەكی ڕۆیشتنی نەوتی كەنداوە بۆ ئاسیا و ئەوروپا، بەڵام هەڕەشەی حووسییەكان و نزیكییان لە كۆنترۆڵكردنی ئەو گەرووە بە پشتیوانی ئێران، گەورەترین مەترسی لەسەر هەناردەی نەوت دروست دەكات.

لە پەراوێزی بەردەوامی ململانێكانی نێوان تاران و واشنتن و داخراوی و نیوچە كراوەیی گەرووی هورمز كە پێنجیەكی نەوتی دنیای لێ تێپەڕ دەبێت، داخستنی گەرووی بابولمەندەب دۆخەكە هێندەی تر ئاڵۆز دەكات،كاریگەرییەكانی لەسەر نرخی نەوت و گەیشتنی نەوت بە بازاڕی وزەی نێودەوڵەتی زۆر گەورە دەبێت.

سی ئێن ئێن نووسیویەتی، هەڕەشەكان و پێشهاتەكانی ئەمدواییە مەترسی گەورەیان لەسەر تێپەڕینی سەلامەتی كەشتییەكان بەو گەرووە دروست كردووە، دوای ئەوەی سەرچاوەكان لە حكوومەتی یەمەن كە لەلایەن سعوودیەوە پشتیوانی دەكرێ، دووپاتیان لەوە كردووەتەوە كە حووسییەكان توانیویانە شاری ئەلمەخای كەناراوی دەریای سوور و دوورگەی بریمی ستراتیجیان داگیر كردووە، كە دەكەوێتە ناو دڵی گەرووی بابولمەندەبەوە.

ڕیچارد بڕۆنز دامەزرێنەری هاوبەشی كۆمپانیای ئینێرجی ئەسپێكتس بۆ سی ئێن ئێن دەڵێ، بابولمەندەب وەك شادەماری ژیانە بۆ بازاڕی نەوتی نێودەوڵەتی، لە دەستدانی ئەو ڕێڕەوە ئاماژەیەكی ڕوونە كە دۆخی وزە لە دنیا زۆر قورس دەبێ و بەردەوامبوونیشی بازاڕی وزە بە تەواوی دەشێوێنێت.

لە چەند مانگی ڕابردوودا سعوودیە بەهۆی داخرانی گەرووی هورمز، لە ڕێی گەرووی بابولمەندەبەوە بە ملیۆنان بەرمیل نەوتی هەناردەی ئاسیا كردووە، جیا لەوەی بە نۆكەندی سوێسیش نەوت هەناردەی ئەوروپا دەكات.

بەهۆی داخرانی گەرووی هورمز، سعوودیە بۆڕیی نەوتی بەستنەوەی كێڵگە نەوتییەكانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەكەی بە بەندەرەكانی لەسەر دەریای سوور لە ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە بۆ گواستنەوەی نەوت و باركردنی لە كەشتییە نەوتهەڵگرەكان لە دەریای سوور گواستەوە، بەندەری یەنبەع بووە مۆڵگەیەكی سەرەكی هەناردەكردنی نەوت لە دەریای سوور و لەوێوە ڕۆژانە بە ملیۆنان بەرمیل نەوت بۆ بازاڕی نەوت دەگوێزرانەوە.

ڕیچارد بڕۆنز دەڵێ، هەناردەی نەوتی خاو لە بەندەری یەنبەع گەیشتە نزیكەی 4.5 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا، لەو ڕێژەیەیش سێ ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەرووی بابولمەندەب تێپەڕ دەبوون، بەڵام بەهۆی زیادبوونی هەڕەشەی حووسییەكان لەسەر گەرووی بابولمەندەب، لە مانگی ئاب/ئۆگەستی ڕابردوو هەناردەی نەوتی سعوودیە لە ڕێی گەرووی بابولمەندەب بۆ 400 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا كەم بووەوە.

هەرچەندە داخرانی گەرووی بابولمەندەب واتەی داخرانی تەواوەتی ڕێگەی گەیشتن بە بازاڕی نەوتی ئاسیا نییە، بەڵام كەشتییە نەوتهەڵگرەكان پێویستە دوورترین رێگە ببڕن، تا نەوت بگەیەننە ئاسیا، ئەویش بە دەریای ناوەڕاست و زەریای ئەتلەسی و سووڕانەوە بە دەوری كیشوەری ئەفریقا، ئینجا دەتوانن بگەن بە وڵاتانی باشووری ئاسیا.

ئەمە ڕێگەیەكی یەكجار دوورە و تێچووی گواستنەوەی نەوت زۆر زیاتر دەكات، بەلای كەمەوە مانگێك كاتی پێویستە تا نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بگاته باشووری ئاسیا، جیا لە بەرزبوونەوەی ئاستی پێویستی وزە و دەستەبەری كەشتییەكان و مووچەی كەشتیوانەكان، بۆیە هەرچەندە ڕێگەكە بنەبڕ نابێت، بەڵام وەك ئەوەیە كە بوونی نەبێت بەهۆی تێچووە زۆرەكەیەوە.

هەڕەشەی حووسییەكان بۆ سەر جووڵەی كەشتیوانی لە گەرووی هورمز، دیاردەیەكی تازە نییە و لە 2023یش ئەو گرووپە لە سەروبەندی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەزە، كەشتییە بازرگانییەكانیان لە گەرووی بابولمەندەب كردە ئامانج.

بەگوێرەی قسەكانی پیتەر ساند گەورە شرۆڤەكار لە كۆمپانیای زینتا، ئەوكات ڕێژەی هاتوچۆی كەشتییەكان بە گەرووی بابولمەندەب 60 تا 70% كەمی كرد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوویش بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەكان و نزیكبوونەوەی حووسییەكان لە كۆنترۆڵی تەواوەتی گەرووی بابولمەندەب، جووڵەی كەشتییەكان ئێستە بە ڕێژەی 46% كەمی كردووە.

ساند دەڵێ، پێشبینی ئەوە ناكرێ كە جووڵەی كەشتییەكان بە گەرووی بابولمەندەب بە تەواوی كۆتایی بێ و هیچ كەشتییەكی پێ تێپەڕ نەبێت، چونكە كۆمپانیاكانی گواستنەوە ئەزموونی زۆریان لە جووڵەكردن لە ژینگە مەترسیدارەكان هەیە، بۆیە هەرچۆنێك بێ جووڵەی كەشتیوانی دەمێنێت، بەڵام زۆر كەم دەبێتەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *