لابردنی سفرەكانی دیناری عێراقی.. مشتومڕێكی فراوان و پرسیاری بێ وەڵام

بینەر: (1.3K)

ئێوارەی شەمووی ڕابردوو وەزیری پێوەندییەكانی عێراق مستەفا سەنەد، بڕیارێكی حكوومەتی بۆ لابردنی سفرەكانی سەر دیناری عێراقی ئاشكرا كرد، بۆ وەستانەوە بە رووی پارە دزراو و بەهەدەردراوەكان كە بە هەشت تریلیۆن دینار دەخەمڵێنرێت، تا دوای گۆڕینی دراو ئەو پارەیە بێ سوود بێ، بەڵام هیچ وردەكارییەكی تری نەخستە ڕوو، ئەمەیش دەرگەی بۆ مشتومڕ و پرسیاری زۆر واڵا كردووە.

حكوومەتی عێراق لە ڕێی بانكی ناوەندییەوە بە ڕژدی بیر لە لابردنی سێ سفرەكەی سەر دیناری عێراقی دەكاتەوە، ئەو پرۆسەیەیش دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی بەهای دراوی عێراقییە، بەمشێوەیەیش هەر هەزار دینارێكی ئێستە دەبێتە یەك دینار، مووچە و نرخ و پابەندییەكان هەمووی گۆڕانكارییان بەسەردا دێت، ئەمەیش مامەڵەی كاش و ژمێریاری ئاسان دەكات و قەبارەی ژمارەی بودجە و ژمێریاری پسوولە و مامەڵەی بانكی بە تەواوی كەمتر دەكاتەوە، دەتوانرێ بڕێكی زۆر مامەڵەی پێوە بكرێ و تێچووی چاپكردن و گواستنەوە و هەڵگرتنی كەم بكرێتەوە.

لەگەڵ ئەو سوودە زۆرانەیشی چاودێران هۆشداری دەدەن، ئەو ڕێوشوێنە جیا لە ڕێوشوێنێكی كارگێڕی و ڕێككاری چیتر نییە و ناچێتە خانەی چاكسازی ئابووری، دوای لابردنی سفرەكانیش هاووڵاتییان دەوڵەمەند نابن و بەهای ڕاستەقینەی دیناریش بەرانبەر بە دۆلار وەك ئێستە دەبێت.

راوێژكارێكی پێشووی حكوومەتی سوودانی دەڵێ، ئەو پرۆسەیە هیچ سوودێكی نییە، ناتوانێ جێگیری كاش و دۆخی ئابووری ڕابگرێت، تەنانەت لە رووی سیاسیشەوە سوودێكی ئەو تۆی نییە، چونكە لابردنی سفرەكان بێ زاڵبوون بەسەر هەڵئاوسان و پاراستنی جێگیری نرخی گۆڕینەوەی دراوەكان و چاكسازی دارایی گشتی و كەرتی بانكی، ئەو پرۆسەیە دەكاتە گۆڕانێكی ڕووكەش بێ ئەوەی كاریگەری ئەرێنی ڕاستەقینەی لەسەر ئابووری عێراق هەبێت.

زیاتر گوتی، چاپكردنی دراوێكی نوێ پێویستی بە تێچوویەكی زۆری چاپكردن هەیە و پێویستی بە نوێكردنەوەی سیستمی ژمێریاری و بانكی و پارەدان هەیە، گۆڕینی دراو بە تەواوی زۆر فراوانترە لەوەی تەنیا سفرەكان بسڕێنەوە، ئامانجی نوێكردنەوەی دەبێ گۆڕینی نەخشەسازی و جۆری بڕی دراوەكان و بەرزكردنەوەی ئاستی ڕێگری لە ساختەكردن و دووبارە ڕێكخستنەوەی پەیكەری نەختینەی مامەڵە پێ كراو.

ئەو ڕاوێژكارە كە نەیویست ناوی ئاشكرای بكرێت، بۆ “العربی الجدید” گوتی، بانكی ناوەندی عێراق دەسەڵاتی ڕێكخستنی هەڵمەتی كشانەوەی دراو و گۆڕین و دیاریكردنی ماوە و شوێنی گۆڕینەوەی دراوی هەیە، بەڵام پرسیارێك دەخرێتە ڕوو ئەوەیە كە ئایا گۆڕینی دراو دەتوانێ ببێتە ڕێگر لە بەردەم هەڵمەتی نەهێشتنی گەندەڵێ؟ وەڵامەكە بە ڕوونی بریتییە لەوەی ئەوە هیچ مانایەكی بۆ ئەو پرۆسەیە نییە، تەنانەت ئەو پارەیەشی كە دزراوە هیچ بەهایەكی نامێنێت، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە كە پارە دزراوەكان كاریگەریی لەسەر ئابووری عێراق نابێت، بەڵێ كاریگەریی هەیە و ئەمە پارەی عێراقییەكان و دەوڵەتە كە دزراوە. جیا لەوە بڕیارێكی لەمجۆرە چارەسەری كورتهێنانی دارایی و لاوازی بەرهەمهێنان و بێكاری ناكات، هەروەها جێگیری بەهای دراویش پێوەست نییە بە لابردن یان بوونی سفر یان شێوەی دراو.

سەرەڕای ئەو قسانەی مستەفا سەنەدی وەزیری پێوەندییەكان، ئەوا پێشتر حەیدەر عەبوودی گوتەبێژ بە ناوی حكوومەتی عێراق گوتی، ئەو هەواڵ و زانیارییانەی باس لە نزیكبوونەوە بۆ لابردنی سفرەكانی سەر دراوی عێراق و دووبارە هەڵسەنگاندنەوە و هەمواركردنی نرخی دینار بەرانبەر بە دۆلار دەكەن، هیچ بڕیارێكی فەرمییان لە پشتەوە نییە، حكوومەت هیچ پڕۆژەیەكی بەو ئاراستەیە بۆ ئێستە نییە.

لەلایەكی ترەوە ڕوانگەی “ئیكۆ عێراق”ی تایبەت بە كاروباری ئابووری لەوبارەیەوە بڵاوی كردەوە، بڕیاری ئابووری و نەختینە و گۆڕین و چاپكردنی دراو بڵاوبوونەوەی بەشێوەیەكی نافەرمی و بێدەنگی حكوومەت و بانكی ناوەندی و وەزارەتی دارایی لە ڕێی لێدوانی دژ بەیەكەوە ناكرێت. دۆسیەی دراوی نیشتمانی پرسێكی گرنگە و دەبێ لە ڕێی كۆنگرە و بەیاننامە و زانیاریی فەرمییەوە لەلایەن شوێنە پێوەندارەكانەوە كاری لەسەر بكرێت، یان ڕەت بكرێتەوە.

ئاماژەی داوە، ئەو جۆرە زانیارییە پشتڕاست نەكراو و دەنگۆیانە دەرگە بۆ دەنگۆ و هەواڵی ساختەی زۆر دروست دەكەن، ئەمەیش كاریگەری لەسەر بازاڕ دروست دەكات و هاووڵاتییان و وڵات زیانمەند دەبن.

لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەی ئیكۆ عێراقدا هاتووە، ئەو ناڕوونییە لە دەستبردن بۆ ئاسایشی ئابووری هاووڵاتییان، كاریگەریی لەسەر متمانەی خەڵك بە دراوی نیشتمانی كەم دەكاتەوە و خواست لەسەر كڕینی دراوی بیانی و زێڕ زیاد دەكات، ئەمەیش نیگەرانی و گرفت لە بازاڕ دروست دەكات.

هێمای بۆ ئەوەیش كردووە، بانكی ناوەندی و وەزارەتی دارایی بەرپرسن لە پێدانی روونكردنەوە لە ڕاستی و دروستی ئەو بڕیارە، بۆیە پێویستە بە ڕاگەیەنراوی فەرمی هۆكارەكانی گۆڕینی دراو و میكانیزمی جێبەجێكردن و خشتەی كاتی و گەرەنتی پاراستن و داهاتی هاووڵاتییان و جێگیری بازاڕ زۆر بە وردی ڕوون بكاتەوە.

حكوومەتی عێراق لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە دەست كەمیی سیولە دەناڵێنێت، كورتهێنانی زۆر لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران هەیە و ڕێژەی قەرزی ناوخۆیی زۆر زیادی كردووە و داهاتی عێراقیش ڕۆژ دوای ڕۆژ كەمتر دەبێتەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *