ئەمڕۆ دووشەم 21ی ئەیلوول، عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی بە فەرمی دەستی بە جێبەجێکردنی پلانێکی قۆناغبەندی کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکان.
زەیدی لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی “نیویۆرک تایمز”، پەردەی لەسەر نەخشەڕێگەیەکی نوێی تەناهی هەڵماڵی و دووپاتی کردەوە کە چیتر ڕێگە نادرێت چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا بمێنێتەوە. هاوکات مۆڵەتی تا مانگی حوزەیرانی ساڵی 2027 داناوە تا سەرجەمیان چەک بکرێن و بخرێنە ژێر ڕکێفی دەوڵەتەوە.
لە وەڵامی ئەو گومانانەی باس لە شکستی سەرکردەکانی پێش خۆی دەکەن لە بەرانبەر ئەم هێزانەدا، زەیدی گوتی، ئەم پرسە ئارەزوومەندانە نییە، بەڵکو پێویستییەکی حەتمییە بۆ مانەوەی عێراق. ئەوانەی پێش من باسیان لەم دۆسیەیە کرد و دواتر پاشەکشەیان لێ کرد، ملکەچی گوشارەکان بوون، بەڵام بۆ من ئەم بابەتە لەگەڵ پرسی گەندەڵی، مەسەلەی شەرەفە و سازشی لەسەر ناکەم.
سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوە کرد کە حكوومەتەکەی سەرباری گوشارە قورسەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و هەوڵەکانی تاران بۆ فراوانکردنی هەژموونی خۆی، هەوڵ دەدات وڵات لە جەنگی نێوان ئەو دوو جەمسەرە دەرباز بکات. ئاماژەی بەوەش کرد کە دەیانەوێت پردی پێوەندی و ئابووری لە نێوان عێراق و وڵاتانی جیهاندا بونیاد بنێن، بۆ ئەوەی عێراق ببێتە خاڵی بەیەکگەیشتن و گفتوگۆ، نەک مەیدانی دوژمنکاری و بەریەککەوتن.
















Leave a Reply