محمد زیاد عەزیز
وەک ماکینەیەکی زەبەلاح کە هەر لە بنەڕەتەوە بۆ ئەوە دروستکرابێت کە کار نەکات و تەنها دەنگی گەورە دەربکات بۆ ترساندنی دەوروبەرەکەی؛ سیستەمی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستانیش ڕێک بەمجۆرە داڕێژراوە. کاتێک دەبینین دوای زیاتر لە دوو ساڵ دواخستنی هەڵبژاردن و پاشان ئەنجامدانی لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤دا، حیزبەکان بۆ چەندین مانگ ناتوانن حکومەت پێکبهێنن و پەرلەمان ئیفلیج دەکەن ، ئێمە دەبێت تێبگەین کە ئەمە هەڵەیەکی کاتی یان قەیرانێکی ئاسایی نییە. ئەوەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا بوونی هەیە، دەوڵەتێک نییە کە تووشی قەیران بووبێت و پێویستی بە چاکسازی بێت؛ بەڵکو سیستمێکە کە بەئەنقەست و بە شێوەیەکی ئەندازیارییانە وا دروستکراوە کە ڕێگری لە هەر چاکسازییەک بکات و ڕێگە نەدات دامەزراوەکان جێگەی بڕیاری حیزبی بگرنەوە.
ئەم سیستەمە دژە-چاکسازییە، لەسەر چەند پایەیەکی دیاریکراو وەستاوە کە گرنگترینیان نەبوونی دەستوورە. مانەوەی هەرێم بەبێ دەستوور، هەڵەیەکی یاسایی نییە، بەڵکو بڕیارێکی سیاسییە بۆ ئەوەی هێڵەکان هەمیشە کاڵ بن و دەسەڵاتی حیزب (پارتی و یەکێتی) هەمیشە لە سەرووی دەسەڵاتی پەرلەمان و دادگاکانەوە بمێنێتەوە. کاتێک باس لە “چاکسازی” دەکرێت، حیزبەکان یەکسەر دەیکەنە کەرەستەیەکی شەڕی ناوخۆیی؛ بۆ نموونە، پرۆژەی بەبانکیکردنی مووچە (هەژماری من) لەبری ئەوەی خزمەتێک بێت بۆ فەرمانبەر، دەبێتە شەڕی نێوان “هەژماری مەسرور” و بەردەوامیی دوو ئیدارەیی.
ئەمەش ڕێک هەمان ئەو واقیعەیە کە لە لوبنانی ئەمڕۆدا بەرجەستە دەبێت، کاتێک سیستەمی “تائیفی” بە جۆرێک داڕێژراوە کە هەر هەوڵێک بۆ چاکسازیی ئابووری یان یاسایی، وەک هێرش بۆ سەر تائیفەیەک لێکدەدرێتەوە و یەکسەر ڤیتۆی لێ دەدرێت. لە لوبنان، سەرکردەکان وڵاتیان بەرەو مایەپووچبوون برد، بەڵام ڕێگەیان نەدا یەک یاسای چاکسازی تێپەڕێت کە بەرژەوەندییەکانیان بخاتە مەترسییەوە. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە لە کوردستان، لە مافیاکانی لوبنانیش شارەزاترن؛ ئەوان دامەزراوەکانیان بە جۆرێک دابەش کردووە، کە تەنانەت ناتوانن یەک شەقامی خێرا لە نێوان هەولێر و سلێمانی دروست بکەن ، بەڵام لە هەمان کاتدا لەسەر شاشەکانەوە بانگەشەی “کوردستانێکی بەهێز” دەکەن و وەزارەتەکان وەک پشکی کۆمپانیاکان لە نێوان خۆیاندا بەش دەکەن.
وشەی “چاکسازی”یان کردووەتە گەورەترین تەماشاگەریی مەدەنی بۆ خەڵەتاندنی باڵیۆزخانەکان و خەڵک. کاتێک پەرلەمانێک لەبری دەرکردنی یاسا بۆ ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی، خەریکی درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی دەبێت و دواتر لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە هەڵدەوەشێنرێتەوە ، ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە کە پەرلەمان خۆی بەشێکە لە کێشەکە نەک چارەسەر. ئەوان ئۆپۆزسیۆنیان هێندە پەراوێز خستووە کە ئیتر هیچ هێزێک ناتوانێت لە ناوەوەی سیستەمەکەدا گۆڕانکاری بکات ، چونکە خودی سیستەمەکە بەرگەی گۆڕانکاری ناگرێت و بە بچووکترین چاکسازی، کۆشکە ئابووری و ئەمنییەکانیان دەڕووخێت.
















Leave a Reply