سی ئێن ئێن: چین گەمارۆكانی ئەمەریكا دەشكێنێ و مامەڵە لەگەڵ ئێران دەكات

بینەر: (1.3K)

تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمەریكی ڕاپۆرتێكی شیكاری بڵاو كردووەتەوە و باس لەوە دەكات، هێرشی دارایی و سزاكانی ئەمەریكا كە بڕیارە ئەمڕۆ بیسەپێنێتە سەر ئێران، ناتوانرێ بەسەر چین پابەند بكرێت، دوای ئەوەی ئەمەریكا هەڕەشەی توندی لەو وڵاتانەیش كرد كە هاریكاری و پێوەندیی بازرگانییان لەگەڵ ئێران هەیە سزا دەدرێن، ئەمەیش وایكردووە ڕێوشوێنەكانی ئەمەریكا دژ بە ئێران كەلێنێكی گەورەی تێبكەوێت.

ماوەی هەفتەیەكە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا هەڕەشەی توند لە ئێران دەكات و دووپات لەوە دەكاتەوە، سزای ئابووری زۆر قورسیان بەسەر دەسەپێنرێت و ئەو وڵاتانەیشی مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران دەكەن، بەهەمانشێوە دەكرێنە ئامانج و سزا دەدرێن.

بەگوێرەی شیكارییەكەی سی ئێن ئێن، سەرۆكی ئەمەریكا هیچ هەژموون و كارتێكی گەورەی لە بەردەست نییە، تا لە دژی چین بەكاری بهێنێت و پەكین ناچار بكات مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران نەكات.

ئەمەیش لە كاتێكدایە كە پەكین نزیكەی 90%ی نەوتی خاوی ئێران دەكرێت، پێشتر ئەمەریكا بەرانبەر بەم كارەی چین نرخی رسووماتی لەسەر كاڵاكان و كۆمپانیاكانی چین زیاد كرد، بەڵام لیژنەی چاودێریكردنی ئەو بڕیارە لە كۆنگرێس دووپاتیان كردەوە، چین پابەندی خواستەكانی ئەمەریكا نابێ و زیادكردنی باجی گومرگیش كاری تێناكات.

چاوەڕوانی ئەوە دەكرێ كە دۆخەكە ئێستەیش گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە و چین گوشار و گەمارۆ ئابوورییەكانی سەر ئێران دەشكێنێت و مامەڵە لەگەڵ ئێران دەكات، بەتایبەت كە چین دڵنیایە لەوەی جەماوەر و پشتیوانانی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەمەریكا ڕوو لە دابەزینە، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە بڕیارە مانگی داهاتوو ئەیلوول/سێپتێمبەر شی جین پینگی سەرۆكی چین سەردانی واشنتن بكات.

دوای ساڵێك لە گرژی و ئاڵۆزی لە پێوەندییەكانی نێوان پەكین و واشنتن، بەهۆی زیادكردنی باجی گومرگی لەسەر كاڵاكانی چین، هەردوولا دواجار گەیشتنە ئەو باوەڕەی كە ڕێگری لە پەرەسەندنی گرژییەكانی نێوان دوو زلهێزترین ئابووری دنیا بكەن، سەردانەكەی ترەمیش بۆ پەكین لە مانگی ئایار/مایۆی ڕابردوو بەشێوەیەكی كاتی گرژییەكانی وەستاند.

لەبارەی ئەو هەڵمەتە قورسەی گوشاری ئابووری كە ترەمپ دەیەوێ دژی ئێران ئەنجامی بدات، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین دووپاتی كردەوە، پەكین هیچ كات سزا و گەمارۆكان و ئامرازەكانی گوشار دروستكردن بە چارەسەری كێشەكان نازانێت.

لی جی یان گوتەبێژی وەزارەتەكە گوتی، پەكین داوا لە هەردوولا دەكات، بەرپرسیارانە مامەڵە بكەن و پابەندی ڕێوشوێنی دیپلۆماسی و سیاسی بن بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان.

سەرەڕای ئەوانەیش سی ئێن ئێن نووسیویەتی، بژارە ئابوورییەكانی دەست ترەمپ بۆ گوشار خستنەسەر پەكین زۆر سنووردارن، پێشتر وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سزای بەسەر چەندان پاڵاوگەی سەربەخۆی چینی سەپاند كە نەوتی ئێرانیان هاوردە كردبوو، بەڵام دواتر پەكین فەرمانی بە پاڵاوگە و كۆمپانیاكان كرد، ئەو كۆسپ و گەمارۆیانە پەراوێز بخەن.

هەر جووڵەیەكی گەورەی ئەمەریكایش دژی چین، وەڵامدانەوەی هاوشێوەی پەكینی لێ دەكەوێتەوە، كە دووەمیان خاوەنی كارتی بەهێزە بەتایبەت لە بواری كانزا سروشتییە دەگمەنەكان كە مادەی خاوی زۆر پێویستن، بۆ زۆر لە پیشەسازییە جۆراوجۆرەكان بەتایبەتیش دروستكردنی مۆبایلی زیرەك و ئۆتۆمبێلی كارەبایی و فڕۆكە جەنگییەكان.

سەرەڕای ئەوەی چین 90%ی پێویستی دنیای بۆ ئەو جۆرە مادە و كانزایانە دەستەبەر كردووە، بۆیە ترەمپ دەبێ بە وریاییەوە مامەڵە بكات، لە كاتێكدا تەواوی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە دوای دۆزینەوەی ئەو كانزا گرنگ و دەگمەنانە وێڵن و بە دوای دۆزینەوەی شوێنگرەوەی چین بە وردی دەگەڕێن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *