ئەمڕۆ دووشەم 21ی ئەیلوول، سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی “یەکلاکەرەوە و وێرانکەر”ی لە ئەمەریکا و ئیسرائیل کرد، هاوکات دووپاتی کردەوە کە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک، ئەمەش لە کاتێکدایە واشنتن خۆی بۆ دەرکردنی بڕیارێکی گەورە دژی تاران ئامادە دەکات.
لە ڕاگەیەنراوێکدا هاتووە کە سوپای پاسدارانی ئێران بەبۆنەی “هەفتەی بەرگریی پیرۆز”ەوە بڵاوی کردووەتەوە، پێویستە ئەمەریکا و ئیسرائیل درک بەوە بکەن کە زوو یان درەنگ ناچار دەبن قبووڵی بکەن ناوچەکە لە بوونی ئەوان خاڵی ببێتەوە.
ئاماژە بەوەش کراوە کە هێزە چەکدارەکانی ئێران، بەتەواوی ئامادەیی و زانیارییە هەواڵگرییە ستراتیجییەکانیانەوە، لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ وەڵامدانەوەی یەکلاکەرەوە و وێرانکەر بۆ ئەو لایەنانەی دژایەتییان دەکەن.
سەبارەت بە گەرووی هورمزیش، لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، بەڕێوەبردنی ستراتیجیی گەرووی هورمز هەژموونی وڵاتە زلهێزەکانی شکاندووە و بێتوانایی سیستمەکانی ئەمەریکای ئاشکرا کردووە، کە ئەمەش بووەتە ڕاستییەک و جێگەی مشتومڕ نییە.
پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداریی دابووە هاووڵاتییانی لە وڵاتانی ناوچەکە و عێراق، کە ئاگاداری هەر ئەگەرێکی ئاڵۆزی بن و ئامادەییان بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانیان هەبێت.
















Leave a Reply