ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی یەكێتی رای گەیاند، ئەوەی دەڵێت بەغدا دەتوانێ بەنزینی 450 دیناری بۆ كوردستان دابین بكات راست ناكات. گوتیشی، ئەو قسانە زیاتر بۆ موزایەدەیە، راستییەكەی ئەوەیە ئێستە بەغدا توانای كارێكی وای نییە.
سروە محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق رای گەیاند، با كەس موزایەدە نەكات، عێراق ناتوانێ بەنزینی 450 دیناری بۆ هەرێم دابین بكات، ئەگەر 50 هەزارەكەیشیان بدەنێ هەر ناتوانێ، چونكە خۆی ئێستە قەیرانی هەیە و بەهەزار حاڵ دەتوانێت بەنزین بەنرخی 450 دینار بۆ هاووڵاتییانی شارەكانی تری عێراق دابین بكات.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران گوتی، هەرێم ئامادەیە 50 هەزار بەرمیلەكە بداتەوە بەغدا، بەڵام ئەوەی وەزیری نەوت باسی كردووە، عێراق ناتوانێت بەنزین بەهەمان نرخ بۆ كوردستان دابین بكات، ئەوەی لە كوردستان و لە راگەیاندنی عێراقیش دەگوترێت، موزایەدەیە و هیچی راست نییە.
باسی لەوە كرد، ئێمە بە وەزیرمان گوت، تۆ لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیدا گوتووتە كوردستان نەوتەكەمان بداتەوە، ئامادەین لە سبەینێوە بەنزین بەنرخی 450 دیناری دابین بكەین، بەڵام وەزیر هیچ وەڵامێكی ئەوتۆی نەبوو، گوتی: لیژنەی بۆ پێكدێنین، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە راست ناكات و توانای كاری وایان نییە.
لەبارەی بەرزكردنەوەی پلەی فەرمانبەران سروە محەمەد گوتی، زەیدی بەڵێنی داوە كێشەی بەرزكردنەوەی پەلی فەرمانبەرانی كوردستان لەم یاسای بودجەدا چارەسەر بكات.
ئەوەشی راگەیاند، پرسی مووچە و بەرزكردنەوەی پەلی فەرمانبەرانی هەرێم، خراوەتە سەر عێراق و هەر گۆڕانكارییەك لە مووچە و بەرزكردنەوەی پلە روو بدات، راستەوخۆ هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ دابینكردنی بەنزینی 450 دیناری و سووتەمەنییەكانی تر، بە بڕ و نرخی وەك پارێزگاكانی تری عێراق، بە نووسراوی فەرمی بڕی سووتەمەنیی پێویست و پێشنیاری خۆی بۆ چارەسەر خستەڕوو.
بەپێی نووسراوەكە، چارەسەرەكە بەم شێوەیەیە: یان 14%ی نەوتی خاوی دابینكراو بۆ بەكاربردنی ناوخۆیی عێراق بدرێتە هەرێم كە 140 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە، یان بەقەد 14%ی بەنزین و سووتەمەنییەكانی تری دابینكراو بۆ عێراق بدەن بە هەرێم، لە بەرانبەردا لاری نییە 50 هەزار بەرمیلەكە رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بكات.
سیپان شێروانی رای گەیاند، ئێمە پێشتریش دەمانگوت هەرێم ئامادەیە 50 هەزارەكە رادەست بكات بەرانبەر پێدانی تەواوی پێداویستیی سووتەمەنی هەرێم، كەسانێك دەیانگوت راست نییە و هەرێم 50 هەزارەكە رادەست ناكات، ئێمە هەر قسەیەك دەكەین بەڵگەش دەخەینەڕوو، بۆیە ئەم نووسراوە هەموو دەنگۆ جیاوازەكانی یەكلا كردەوە.
















Leave a Reply