دووركەوتنەوە لە گۆشەگیری.. هەنگاوەكان بۆ تەندروستییەكی دەروونیی باشتر

بینەر: (418)

دڵەڕاوكێ و گۆشەگیری هەستێكە كە ئەگەری زۆرە مرۆڤ بەپێی قۆناغەكانی ژیان بیبینێت، ئەویش لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر جیاوازە، لە هەندێك حاڵەت ئاڵۆزە و لە هەندێكی تریش ئاسایی و بە ماوەیەكی زۆر كەم بەسەر دەچێت، پسپۆرانی دەروونی ئاماژە دەدەن كە هەندێك هەنگاوی رژد هەن، گرنگن بۆ تێپەڕینی حاڵەتەكە.

پێگەی “ئەهرام” هەواڵەكەی لە پێگەی EatRight وەرگرتووە كە لەوێدا راپۆتێك لەبارەی گۆشەگیری و هەنگاوەكان بۆ چارەسەركردنی بڵاو كراوەتەوە. پسپۆرانی بواری دەروونی باس لەوە دەكەن كە مرۆڤ ئەگەری زۆرە لە قۆناغێك لە قۆناغەكانی ژیانیدا تووشی گۆشەگیری بێت، ئەویش لە كەسێك بۆ كەسێكی تر جیاواز دەبێت، هەندێكیان زوو بەسەر دەچن و هەندێكی تریشیان درێژخایەن دەبن و چارەسەریان دەوێت، بۆیە چەند هەنگاوێك هەن رۆڵی سەرەكی دەبینن لە چارەسەر و تێپەڕینی حاڵەتەكە.

پسپۆران باس لەوە دەكەن كە هەڵسوكەوتكردن لەگەڵ دڵەڕاوكێ و گۆشەگیری، پێویستیی بە گۆڕانكاریی لە جۆری ژیان هەیە، وەك خواردنی خۆراكە تەندروستەكان، خواردنەوەی زۆری ئاو، خەو بەپێی پێویست و ئاسوودە، چالاكیی جەستەییش رۆڵی لە چارەسەر هەیە ئەگەر توانای راهێنانی وەرزشیی هەبێت.

زیاتر دەڵێن بەپێی دەرفەت، كات تەرخان بكرێ بۆ ئەو ئارەزووانەی كەسەكە زیاتر بەهرەی لێیان هەیە یان حەزیان پێ دەكات، ئەویش بۆ نەهێشتنی ئەو پاڵەپەستۆ دەروونییانەی لەسەری هەیە، بۆ نموونە خوێندنەوەی كتێب یان هەر ئارەزوویەكی كۆن كە حەزی لێ بكات، جیا لەوەی كات تەرخان بكرێ بۆ ئەزموونكردنی چالاكییەكی نوێ، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی بەهۆی كاری رۆژانە ناتوانن ئارەزووەكانیان پەرە پێ بدەن.

پسپۆرانی دەروونی و بەپێی ئەوەی لە راپۆرتەكەدا باسی دەكەن، هەرچی بكرێ كەسە گۆشەگیرەكە هەوڵ بدات تێكەڵی كەسە نزیكەكانی بێت تا كەمتر هەست بە تەنیایی بكات، یان پێوەندی لەگەڵ كەسە نزیكەكانی و هاوڕێكانی بكات، تەنانەت لە رێگەی تەلەفۆن یان تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش دەتوانێ هەمان پێوەندیی دروست بكات.

دواتریش پسپۆران دەڵێن، ئەگەر كەسە گۆشەگیرەكە نەیتوانی رۆژانە كارەكانی بەڕێوە ببات، ئەوكات پێویستە سەردانی پزیشكی پسپۆری دەروونی بكات و بەپێی رێنوێنییە تەندروستییەكان چارەسەر وەربگرێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *