دانانی حاكمی سەربازی لە شنگال.. پێشوازی و ناكۆكی لێ دەكەوێتەوە

بینەر: (229)

دۆسیەی بەڕێوەبردنی شارۆچكەی شنگال جارێكی تر هاتەوە سەر شانۆی سیاسیی عێراق، دوای بڵاوبوونەوەی زانیاری لەسەر ئەوەی حكوومەت دەیەوێ كەسێكی سەربازی وەك حاكمی شارۆچكەكە دیاری بكات، لە پەراوێزی نەبوونی فەرمانگە كارگێڕییەكان بۆ ماوەی چەندان ساڵ و شكستی هێزەكانی سیاسی و حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكان لە گەیشتن بە چوارچێوەیەكی هاوبەشی چارەسەركردنی تەنگژەكە.

ئەو پێشهاتە لە كاتێكدایە كە كۆبوونەوەیەكی فراوانی حكوومەت سێشەمی ڕابردوو بۆ تاوتوێكردنی دۆسیەی شنگال، لە چوارچێوەی جووڵەكانی حكوومەتی نوێ بۆ چارەسەری دۆخی تەناهی و كارگێڕی و خزمەتگوزاری لە شارۆچكەكە، دانانی كەسێكی سەربازی بۆ بەڕێوەبردنی شنگال بەشێوەیەكی كاتی، دەرهاوێشتەی كۆبوونەوەكە بوون.

بەشێكی ئێزیدییەكانی نزیك لە پەكەكە ئەمە بە تەواوی ڕەت دەكەنەوە و بە دەستوەردان لە كاروباری ئێزیدییەكان ناوی دەبەن. سامان داود دەڵێ، حكوومەتی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شكستیان هێنا لە دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی بۆ دۆسیەی شنگال، ئێزیدییەكانیش لە ناو خۆیاندا یەكگرتوو نین و بەردەوام خەریكی تۆمەتبەخشینەوەن بۆ یەكتر لەبری ئەوەی بەرژەوەندیی گشتیی ئێزیدییەكان بخەنە سەرووی هەموو شتێكەوە.

دوای ڕزگاركردنی شنگال لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە لە دەستی داعش و دواجاریش كشانەوەی پێشمەرگە بەهۆی 16ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەرەوە، ناكۆكی لە نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر دۆسیەی بەڕێوەبردنی شنگال دروست بوو، سەرەڕای ئەوەیش گرووپی لۆكاڵی ئێزیدییەكان بە بیركردنەوەی سیاسیی جیاجیا، هاتنە ناو گۆڕەپانەكە و یەكینەكانی پاراستنی شنگالی سەربە پەكەكەیش لەوێ دامەزرا و حەشدی شەعبیش بە فراوانی لە شارۆچكەكە بڵاوبووەوە، ئەمەیش دۆخێكی تەناهی و كارگێڕی نەخوازراوی دروست كرد و یەكە ئیدارییەكانی شارۆچكەكە لە هەرێمی كوردستان مانەوە و نەگەڕانەوە بۆ شنگال.

هەرچەندە لە تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری 2020 هەریەك لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ، لەسەر پرسی شنگال گەیشتنە ڕێككەوتن كە بە ڕێككەوتنی شنگال ناسراوە و سێ تەوەری سەرەكی لەخۆ دەگرێت، ئەویش بەڕێوەبردن و ئاسایش و دووبارە ئاوەدانكردنەوەی شنگالە، یەكێك لە دیارترین خاڵەكانی ئەو ڕێككەوتنە دانانی قایمقامێكی نوێی شنگال بوو بە هاوئاهەنگی و رەزامەندیی بەغدا و هەولێر.

بەڵام ئەو ڕێككەوتنە بە تەواوی نەتوانرا بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەهۆی ناڕەزایی زۆر لەلایەن گرووپە چەكدارەكان و هێزەكانی سەربە پەكەكە لە ناوچەكە، بۆیە دۆسیەی دانانی قایمقامێكی نوێیش بۆ شنگال لە 2024 لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا بە هەڵپەسێردراوی مایەوە و هیچ كەسێك لەو پۆستە دانەنرا.

نووری دەحل گوتەبێژ بە ناوی ئەنجوومەنی هۆزەكانی عەرەبی لە شنگال، لەبارەی ئەو هەنگاوەی حكوومەتی عێراق خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و پێشوازی لە دانانی حاكمێكی سەربازی بۆ شنگال ڕاگەیاند، ئەمە هەنگاوێكی گرنگە بۆ كۆتاهێنان بەو ئاڵۆزییەی له شنگال هەیە و گرووپە چەكدارەكانی سەربە پەكەكە كۆنترۆڵی شارۆكەكەیان كردووە.

زیاتر گوتی، زۆرینەی ڕەهای دانیشتووانی شنگال بەتایبەت عەرەبەكان بۆ شارۆچكەكە و شارەدێكانی سەربە شنگال نەگەڕاونەتەوە، بەهۆی ئەوەی لەلایەن گرووپە میلیشیاكانی سەربە پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە ڕێگرییان لێ دەكرێت، دوای ئەوەی لە 2015ەوە هاتنە ناوچەكە و كۆنترۆڵی خۆیان بەسەر شنگال سەپاند.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، دانانی قایمقامێكی سەربازی هەنگاوی یەكەمە بۆ گێڕانەوەی كۆنترۆڵی بەغدا بەسەر شارۆچكەی شنگال و كۆتاهێنان بە زاڵبوونی پەكەكە بەسەر ناوچەكە، كە بەردەوامە لە كردەی دوژمنكارانە دژی هاووڵاتییانی شنگال و ڕێ لە گەڕانەوەی عەرەبی ئەو ناوچەیە بۆ زێدی خۆی دەگرێ كە ڕێژەی 65%ی دانیشتووانی ئەو شارۆكەیە پێكدەهێنن.

پێشتر مەحما خەلیل سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان قایمقامی شارۆكەی شنگال بوو، بەڵام ئێستە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو زانیارییانەیش، تا ئێستە پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ هەڵوێستێكی یەكلاكەرەوەی لەوبارەوە ڕانەگەیاندووە.

شێرزاد حوسێن ئەندامێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ڕۆژنامەی “عالەم ئەلجەدید” گوتی، بە سەربازیكردنی شنگال ڕەت دەكەینەوە و ئەمە پێچەوانەی دەستوور و یاسا كارپێكراوەكانی بەڕێوەبردنی خۆجێی شار و شارۆچكەكانە.

زیاتر گوتی، هیچ چارەسەرێكی تر بۆ تەنگژەی شنگال بوونی نییە، تەنیا بە گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتنی واژووكراوی نێوان هەولێر و بەغدا نەبێت، بۆ بەڕێوەبردنی هاوبەشانەی شنگال لە نێوان هەردوولادا لە ڕووی تەناهی و كارگێڕی و گەڕانەوەی دەزگە فەرمییەكانی حكوومەت بۆ ئەنجامدانی كاری ئاسایی خۆیان لە ناو شنگال، بێ ئەوەی گرووپی چەكداری سەربە حەشد و میلیشیاكان بوونیان هەبێ و شارۆچكەكە بەڕێوە ببەن.

هۆشداریی دا كە دانانی حاكمی سەربازی پێچەوانەی دەستوورە و كێشەی شنگال چارەسەر ناكات، بگرە گرفتەكە فراوانتر دەكات لەبری دۆزینەوەی چارەسەر، پێویستە هەولێر و بەغدا لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و دەست بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی پێشووی شنگال بكەن.

حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق شكستیان هێنا لە یەكلاكردنەوەی دۆسیەی قایمقامی شارۆچكەی شنگال لە ڕێی سیاسی و كارگێڕییەوە، لە ڕێی ڕێككەوتنی شنگال لە 2020 هەریەك لە بەغدا و هەولێر دەتوانن بە تەواوی جێبەجێی بكەن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *