عەلی ایسماعیل
لەسەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستاندا، هاوڵاتیان ڕۆژانە لەناو زنجیرەیەکی بێبڕانەوە لە قەیراندا دەژین؛ کێشەی بەردەوامی دواکەوتنی مووچە، گوشاری زۆر لەسەر کەرتی تەندروستی و پەروەردە، داڕمانی ژێرخانی سەرەتایی وەک ڕێگاوبان و ئاو و کارەبا، بێکاریی بەربڵاوی گەنجان، و پاشەکشەی قورسی متمانە بە دامەزراوە فەرمییەکان، بوونەتە دیمەنی هەمیشەیی ژیانی خەڵک. لە بەرامبەردا، کاتێک هاوڵاتی تەماشا دەکات، دەبینێت کە هاوشانی ئەم دۆخە نالەبارە، گەشەکردن و گەورەبوونی سەروەتی نوخبەی سیاسی و بەرپرسە باڵاکان بووەتە سەردێڕی سەرەکیی گفتوگۆ گشتییەکان. لێرەوە پرسیارە هەرە بێ وەڵام و قورسەکە سەر هەڵدەدات: بۆچی هەمیشە قوربانیدان و ئارامگرتن تەنیا لە هاوڵاتیانی سادە داوا دەکرێت، لە کاتێکدا خۆشگوزەرانی و دەوڵەمەندی تەنیا لە دەوری ئەوانەدا کۆبووەتەوە کە خۆیان لە لوتکەی دەسەڵاتدان؟
کاتێک قەیرانێکی دارایی یان سیاسی ڕوودەدات، یەکەمین کاردانەوەی فەرمیی دەسەڵاتداران ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵکە بە گوتاری «سەبرگرتن» و «پشتێن کورتکردنەوە»؛ فەرمانبەران دەبێت لە پێناو دۆخی نیشتماندا لە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان خۆش ببن و گەنجان دەبێت چاوەڕێی داهاتوویەکی نادیار بن. بەڵام ئەم هاوکێشەیە کاتێک دەبێتە مایەی توڕەیی قووڵی کۆمەڵگا، کە دەبینن ئەم تەنگژە و قوربانیدانە تەنیا لەسەر شۆستەی گەڕەکە هەژارنشینەکاندا دەوەستێت و ناچێتە ناو کۆشک و پڕۆژە وەبەرهێنانە زەبەلاحەکانی سەرکردە سیاسییەکان و خێزانەکانیانەوە. دابەشبوونی کۆمەڵگا بۆ کەمینەیەکی خاوەن دەسەڵات و سەروەتی بێشومار، و زۆرینەیەکی ماندوو کە تەنیا خەونی دابینکردنی بژێوی ڕۆژانەیە، گەورەترین مەترسییە لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی.
ئەم جیاوازییە قووڵە چیتر بە پاساوی ئابوری یان یاسایی داناپۆشرێت. فەرمانبەران، دەرچووانی زانکۆ و سەرجەم چینەکانی کۆمەڵگا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە کێشەکە لە کەمیی سامانی نیشتماندا نییە، بەڵکو لە شێوازی دابەشکردن و قۆرخکردنی داهاتەکاندایە. کۆتایی ئەم هاوکێشە ناپەسندە حەقیقەتێکی تاڵمان پێدەڵێت: کاتێک قەیران دێت، هەمیشە لە هاوڵاتیان داوا دەکرێت ئارام بگرن و چاوەڕێی مووچەکانیان بکەن؛ بەڵام واقیعەکە نیشانی داوین کە دەسەڵاتداران و خاوەن هەژموونەکان، هیچ کاتێک چاوەڕێی گەشەکردنی سەروەتەکەیان ناکەن.
















Leave a Reply