سەرچاوەكان لە هەواڵگریی عێراق، دووپات لە بوونی حووسییەكان كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن لە عێراق دەكەنەوە و لەم چەند ساڵەی ڕابردوویشدا، نووسینگە و بنكەی هاوبەشیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ گرووپە میلیشیاكانی ئێران لە عێراق كردووەتەوە، خەریكی چالاكی و كاركردنن لەسەر دروستكردنی درۆن و مووشەك لە عێراق.
سەرچاوەیەكی نزیك لەو دۆسیەیە بۆ كەناڵی “حوڕە” كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێ، قسەی كرد و دەڵێ، بەشێك لە بوونی حووسییەكان لە عێراق لە ناوچەی جرف سەخری باشووری بەغدان، كە لەلایەن میلیشیای كەتیبەكانی حزبوڵا كۆنترۆڵكراوە و حكوومەتیش بۆی نییە بچێتە ئەو ناوچەیەوە، جیا لەوە نووسینگەی ئاینی و ئابوورییان لە بەغدا و كەربەلا و نەجەف و میسان و موسەننا و واست و بابل و دیالە هەیە.
ئاشكراكردنی ئەو زانیارییانە لەلایەن ئەو سەرچاوەیەوە لە كاتێكدایە، پێشتر هۆشیار زێباری وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق، لە بەرنامەی “سەعاتی بەغدا” گوتی، زانیاری هەیە و باس لە چالاكیی حووسییەكان لە ناوخۆی عێراق دەكەنەوە، لە ئەنجامی بۆردمانی بنكە و بارەگای میلیشیاكانیش، چەكداری حووسییەكانیش لە ناو كوژراوەكاندا بوونیان هەبووە.
هێمای بۆ ئەوەیش كرد، بەگوێرەی زانیارییەكان چەكدارانی حووسییەكان لە عێراق ڕۆڵیان هەبووە، لە بۆردمانكردنی بۆڕی نەوتی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای سعوودیە لە مانگی رابردوودا.
سەرچاوەكان دەڵێن، گرووپی حووسییەكان لە عێراق سەربازگەی گەورە و سەربەخۆیان نییە، بەڵكو بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە بنكە و سەربازگە هاوبەشەكانی گرووپە میلیشیاكانی ئێران لە عێراق دەبەستن، سەرەڕای پشتڕاستكردنەوەی ئەو زانیارییانە، بەڵام سەرچاوەكان و بە دواداچوونێكی وردی كەناڵی حوڕەیش نەیتوانیوە ژمارەی چەكدارانی حووسی لە عێراق بە نزیكەییش بزانێت.
چەندان ساڵە گرووپی حووسییەكان نوێنەرایەتییان لە بەغدا هەیە، لە تەك بوونی باڵوێزخانەی یەمەن كە لەلایەن حكوومەتی شەرعی یەمەنەوە بەڕێوە دەبرێت.
بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكان، چەكداران و پسپۆرانی سەربە حووسییەكان، بەشداری لە كارەكانی تایبەت بە پەرەپێدانی درۆن و مووشەك و بۆمبی چێنراو بە هاوئاهەنگی لەگەڵ میلیشیا چەكدارەكانی ئێران لە عێراق دەدەن.
هەریەك لە حزبوڵای لبنان و سوپای پاسداران، پشتیوانی سەرەكی و سەرسەختی حووسییەكانن، هاوكات بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە سوپای پاسداران حەجی حامد، سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی چالاكی حووسییەكان و پەرەپێدانی درۆن و مووشەك بە هاوبەشی لە نێوان حووسییەكان و میلیشیاكانی عێراق دەكات.
حووسییەكان هەر تەنیا ڕێگەیان پێ نەدراوە بێنە عێراقەوە، بگرە لە عێراق بە وردیش لەلایەن میلیشیاكانەوە پاسەوانییان دەكرێ و كار لەسەر ئاسایش و سەلامەتییان دەكرێت، چونكە تاران ئەو ئەركەی بە میلیشیاكانی لە عێراق سپاردووە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەوبارەوە گوتی، ئەمساڵ سەركردەیەكی حووسییەكان بە پاسپۆرتێكی ساختە هاتووەتە ناو عێراقەوە، لە كاتێكدا ناوی لە لیستی تیرۆری ئەمەریكادا هەبووە. دوای ئاشكرابوونی هاتنی ئەو سەركردەیەی حووسییەكان بۆ عێراق، واشنتن داوای لە بەغدا كرد دەسبەجێ دەسگیری بكەن، بەڵام میلیشیاكان یارمەتییان دا و سەركەوتوو بوون لەوەی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بیگەیەننە دەرەوەی عێراق.
ئەو سەرچاوە ئاگادارە دەڵێ، واشنتن چەندان جار داوای لە بەغدا كردووە، كۆتایی بە چالاكی حووسییەكان لەسەر خاكی عێراق بهێنێت، چیتر عێراق نەكەنە پێگەی خۆیان بۆ بە ئامانجگرتنی وڵاتانی دراوسێی عێراق.
لە ئاب/ئۆگەستی 2024 بوونی حووسییەكان لە عێراق بە تەواوی پشتڕاست كرایەوە، دوای ئەوەی كوشتنی سەركردەیەكی حووسییەكان بە ناوی حوسێن عەبدولا مەستوور شەعبل لە ئەنجامی بۆردمانێكی ئەمەریكا بۆ سەر بنكەیەكی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراق لە ناوچەی جرف سەخر ئەنجام درا.
ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی زانیاری لەوبارەیەوە بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە دا، شەعبل پسپۆری دروستكردنی درۆن بووە. هاوكات لە تەمووز/یۆلیۆی ئەمساڵ، دوای ئەوەی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا و سعوودیە بە هاوبەشی بۆردمانی چەندان بارەگای میلیشیاكانیان لە چەندان پارێزگەی عێراق كرد، بەوهۆیەوە زیاتر لە 20 كوژراو و 60 برینداری لێ كەوتەوە، لە ناو كوژراو و برینداران چەكدارانی حووسییەكان و ئەندامانی سوپای پاسداران بوونیان هەبووە.
















Leave a Reply