وەك شارەزایانی ئابووری ئاماژە دەكەن ئێستە عێراق لە قووڵترین تەنگژەی داراییدایە و مەترسی كەوتووەتە سەر توانای دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرانی، سەرچاوەیەك ئاشكرای دەكات كە حكوومەت بە نیازە قسە لەگەڵ ژمارەیەك بانكی ئەمەریكی بكات بۆ وەرگرتنی قەرزی دارایی وەك چارەسەرێكی بەپەلەی تەنگژەی سیولە، دوور لە پێشنیازەكانی چاپكردنی دراو.
سەرچاوەكە روونی كردەوە، هەردوو وەزارەتی دەرەوە و دارایی عێراق تاوتوێی قسەكردن لەگەڵ چەند بانكێكی فەرمیی ئەمەریكی دەكەن بۆ وەرگرتنی قەرزی دارایی كە پارەكەی لە داهاتی فرۆشتنی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا بدەنەوە، بەو شێوەیە بتوانرێت دوور لە پێشنیازی چاپكردنی دراوی عێراق تەنگژەی كەمی سیولە چارەسەر بكرێت.
هەر بەپێی سەرچاوەكە حكوومەتی عێراق پێی وایە ئەو كارەی چارەسەرێكی گونجاو و خێرایە لەناو ئەو شەپۆلە تەنگژەی ناوچەكەی گرتووەتەوە، بێ ئاشكراكردنی زانیاری زیاتر.
دوای ئەو تەنگژە قووڵە داراییەی عێراق بەهۆی داخرانی گەرووی هورمز و وەستانی زۆرینەی هەناردنی نەوتەكەی تێی كەوت كە بووە هۆی دواكەوتنی دابەشكردنی مووچە و كەمبوونەوەی سیولەی دارایین شارەزایان قەرزكردنی دەرەكیان وەك رێگەچارەیەكی كاتی و پێویست بۆ ئەو تەنكژە دیاری كرد، پەرلەمانتارێك ئاماژە دەكات كە چاوەڕوانی گەیشتنی رەشنووی پڕۆژەیاسای قەرزن لە حكوومەتەوە.
ناسر توركی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە كە پەرلەمان چاوەڕوانی گەیشتنی رەشنووسی پڕۆژەیاسای قەرزە لە حكوومەتەوە، ئەوەش بۆ دروستنەبوونی بۆشایی دارایی و مسۆگەری نەبوونی جیاوازی لە یاساكە لە دید و سیاسەتی حكوومەتی عێراق، لیژنەی دارایی پەرلەمان رەشنووسی یاساكەی رەوانەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە، بەڵام سەرۆكی پەرلەمان پێی وایە دەبێت رەشنووسی یاساكە لە لایەن حكوومەتی عێراقیشەوە بگات بەر لەوەی لە پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ بكرێت.
















Leave a Reply