له ڕۆژانی ڕابردوو ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره و ئاگرێكی گه‌وره له سه‌ربازگه‌ی تاجی كه‌وته‌وه، كه زۆرترین جبه‌خانه و ته‌قه‌مه‌نی تانكی ئه‌برامزی ئه‌مه‌ریكی تێدایه، سه‌رچاوه ئاگهدارهكانیش دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه ئه‌گه‌ر هه‌یه ته‌قینه‌وه و ئاگره‌كه له ئه‌نجامی بۆردمانكردنی سه‌ربازگه‌كه به چه‌كێكی پێشكه‌وتووه ئه‌نجام درا بێت. وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ هه‌ڵمه‌تی هێرشی به‌ره‌به‌یانی گرتنی گه‌نده‌ڵكاران كه له‌لایه‌ن زه‌یدییه‌وه بڕیاری لێ درا و تانكه سه‌ربازییه‌كان له شه‌قامه‌كانی به‌غدا بڵاوه‌یان پێ كرا.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگه‌دار بۆ ڕۆژنامه‌ی “عاله‌م ئه‌لجه‌دید” گوتی، چه‌ند ڕۆژێك به‌ر له ئێسته ڕووداوی ته‌قینه‌وه‌ی جبه‌خانه‌ی فیرقه‌ی نۆی سوپای عێراق له سه‌ربازگه‌ی تاجی ڕووی دا، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه كه سه‌ربازگه‌كه به ته‌واوی پارێزراو بوو و پاسه‌وانی توند ده‌كرا و ڕێوشوێنه‌كانی سه‌لامه‌تی به ته‌واوی بۆ ده‌سته‌به‌ركرا بوو و هیچ كات ڕووداوی له‌مشێوه‌یه‌ی به‌خۆیه‌وه نه‌بینیووه.
به گوێره‌ی گێڕانه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كان، چه‌ند سه‌عاتێك به‌ر له ئاگركه‌وتنه‌وه و ته‌قینه‌وه‌ی سه‌ربازگه‌كه فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانی نه‌ناسراو به ئاسمانی سه‌ربازگه‌كه فڕیووه، دوای ئه‌وه ڕووداوه‌كه له سه‌ربازگه‌كه ڕووی داوه، تا ئێسته ئه‌مه یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه، ئایا ته‌قینه‌وه‌كه له ئه‌نجامی شۆرتی كاره‌با بووه، یان چه‌كێكی به‌هێز و پێشكه‌وتوو بۆ بۆردمانكردنی به‌كارهێنراوه، كه هیچ شوێنه‌وارێكی نییه.
یه‌كشه‌می ڕابردوو شانه‌ی ڕاگه‌یاندنی جه‌نگی عێراق ئاشكرای كرد، جبه‌خانه و ته‌قه‌مه‌نی یه‌ده‌گه‌ی سوپا له نێو سه‌ربازگه‌ی تاجی به‌هۆی به‌رزی پله‌ی گه‌رماوه ته‌قیوه‌ته‌وه، هیچ ورده‌كارییه‌كی تری ئاشكرا نه‌كرد.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان زیانه‌كانی ئه‌و ئاگركه‌وتنه‌وه‌یه یه‌كجار زۆر بووه و جبه‌خانه و ته‌قه‌مه‌نی تانكی ئهبرازمی لیوایه‌كی زرێپۆش كه زیاتر له 50 تانكی ئه‌برامز له‌خۆ ده‌گرێ، به ته‌واوی له‌ناوچووه و ئێسته تۆپ و ته‌قه‌مه‌نی تانكی ئه‌برامز بوونی نه‌ماوه و پێویسته دووباره ڕێككه‌وتن بكرێ بۆ كڕینه‌وه، چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێ گه‌یشتنی جبه‌خانه‌ی ئه‌و تانكانه دوو مانگی تر بگه‌ن.
زانیارییه‌كان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه هه‌ریه‌ك له فیرقه‌ی نۆی زرێپۆش و 25ی پیاده‌ڕۆ له‌و سه‌ربازگه‌یه جێگیرن و وه‌ك هێزی یه‌ده‌گی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان هه‌ژمار ده‌كرێن، تا به فه‌رمانی سه‌رۆك وه‌زیران جووڵه بۆ هه‌ر پارێزگه و شوێنێك بكه‌ن و فه‌رمانه‌كانی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن.
ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه كه شاره‌زایانی سه‌ربازی دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه سوپای عێراق له 2017ه‌وه ته‌نیا 10 هه‌زار چه‌كداری ناونووسكردووه و خستوویه‌تییه ڕیزه‌كانی خۆیه‌وه، له ئه‌نجامی نائاماده‌یی خۆبه‌خشین و نه‌بوونی خوێنی نوێ له نێو دامه‌زراوه سه‌ربازییه‌كان، كه‌سانی به‌ته‌مه‌ن له ڕیزی هێزه چه‌كداره‌كان زۆر زیادیان كردووه و 70% ڕێژه‌ی هێزی پیاده‌ڕۆ و وشكایی پێكده‌هێنن.
سه‌یف ره‌عد تالب پسپۆری ته‌ناهی گوتی، به‌رزبوونه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌ندامانی سوپا بۆ سه‌رووی 40 ساڵ بارگرانییه‌كی زۆر له‌سه‌ر نه‌رمی فه‌رمانده‌كان و كه‌رته سه‌ربازییه‌كان بۆ جووڵه‌كردن دروست ده‌كات، بۆیه پێویستی خوێنی نوێ بهێنرێته ڕیزه‌كانی سوپاوه به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان له نێوان 18 تا 35 ساڵیدایه.
له‌باره‌ی ڕووداوه‌كه‌ی سه‌ربازگه‌ی تاجیش تا ئێسته هیچ ڕوونكردنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له لیژنه‌كانی فه‌رمانده‌ی هێزه چه‌كداره‌كان و وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌رنه‌كراوه، له كاتێكدا ڕووداوی له‌مشێوه‌یه پێویستی به دانانی لیژنه و ڕاگه‌یاندنی ڕاپۆرتی لێكۆلینه‌وه‌ی لیژنه‌كانه بۆ ده‌رخستنی ڕاستییه‌كان.
سه‌یف ره‌عد تالب ده‌ڵێ، ئه‌وه‌ی تا ئێسته ده‌گوترێ ڕووداوه‌كه به‌هۆی شۆرتی كاره‌باوه بووه، په‌له‌كردن له ڕاگه‌یاندنی هۆكاری ئگاركهوتنهوهكه جێگه‌ی پرسیار، چونكه لێكۆڵینه‌وه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه پێویستی به لیژنه‌ی هونه‌ری و ته‌كنیكی و كاته‌وه هه‌یه.
له به‌شێكی تری قسه‌كانی ئه‌و پسپۆره‌ی ته‌ناهی ده‌ڵێ، به دوور نازانرێ و له‌وانه‌یشه ڕووداوه‌كه په‌لاماردان بێ، هه‌وڵی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی زه‌یدی بدرێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له ڕۆژی یه‌كه‌می هه‌ڵمه‌تی هێرشی به‌ره‌به‌یان بۆ گرتنی گه‌نده‌ڵكاران تانكی ئه‌برامزی له شه‌قامه‌كانی به‌غدا بڵاوكرده‌وه.
















Leave a Reply