تا چەند خواردنەوەی ئاو لەگەڵ ژەمەكان زیانی هەیە؟

بینەر: (336)

كەسانێك هەن بێ خواردنەوەی ئاو ناتوانن لە خواردنی ژەمەكان بەردەوام بن، لە سایەی ئەو قسانەی باسی ئەوە دەكەن كە ئەو كارە خراپ و ناتەندروستە، رەنگە پرسیار بكرێت زیانەكانی چین و بۆچی ئەو كاریگەرییەی هەیە؟

د. میگان رووسی شارەزا لە تەندروستی ریخۆڵەكان ئاماژە دەكات، بۆ زۆرینەی خەڵك خواردنەوەی كوپێك ئاو لەگەڵ ژەمەكان هیچ كاریگەرییەكی نەرێنی بۆ سەر هەرسكردن نییە، ئەوانەشی بە خێرایی خۆراك دەخۆن، رەنگە خواردنەوەی ئاو لە كاتی ژەمەكان سوودی هەبێت و خێراییەكە كەم بكاتەوە، جیا لەوە ئەو ئاوە یارمەتی هاڕینی پارەچە گەورەكانی خۆراك دەدات و بە ئاسانی بۆ گەدە شۆڕ دەبێتەوە و دوای ئەوەش جووڵانەوەی لە كەناڵی هەرس ئاسان دەكات و رێگری لە ئاوسان و قەبزی دەكات، هەروەها ئاو پێویستە بۆ كاری ئەنزیمەكانی هەرس.

دەكرێ ئاو حەزی خواردن و كالۆری وەرگیراو لە خۆراك كەم بكاتەوە، رێگری لە زۆرخۆری دەكات و یارمەتی دابەزینی كێش دەدات، پرۆسەی میتابۆلیسم خێراتر دەكات، بەڵام ئەگەر خواردنەوەی ئاوەكە لەگەڵ ژەمەكان تووشی بای سك یان ترشی گەدە زیاد دەكات، دەتوانی پێش ژەمەكە بیخۆیتەوە، ئەگینا خواردنەوەی ئاو پێش و لە كاتی ژەمەكان هەرسكردن باش دەكات و پارێزگاری لە شێداریی لەش دەكات و هەستی تێربوون دروست دەكات.

رەنگە ئەوانەی گەڕانەوەی ترشەلۆكی گەدەیان هەیە، لە كاتی خواردنەوەی ئاو پێش و لە كاتی ژەمەكان ئەو حاڵەتەیان زیاتر بێت، بۆیە ئەو بابەتە دەوەستێتە سەر كەسەكە خۆی، ئەگینا وەك باس كرا زیانێكی ئەتۆی بۆ پرۆسەی هەرسكردن نییە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *