لبنان یەكێك بوو لە دیارترین ئەو شوێنانەی كە بەشێكی سامانی دزراوی عێراقی بۆ ڕەوانە كراوە، بەڵام دۆزینەوەی ئەو پارانە و گێڕانەوەیان ڕووبەڕووی ئاڵۆزی و ئاڵنگاری زۆر بووەتەوە.
هەڵمەتی “هێرشی بەرەبەیان” كە سەرۆك وەزیرانی عێراق عەلی زەیدی دەستی پێ كردووە، بۆ ڕیشەكێشكردنی گەندەڵی و گرتنی تۆمەتبارانی دزینی سامانی گشتی لە حوزەیران/یۆنیۆی ڕابردوو بەردەوامی هەیە، بەڵام ئەو دۆسیەیە لە گرتن و شوێنكەوتنی دزەكان لە ناوخۆی عێراق بابەتەكەی بۆ دۆسیەیەكی زۆر ئاڵۆزتر گۆڕیوە، ئەویش چاودێریكردنی سامانی دزراوی عێراق و بردنە دەرەوەیەتی.
لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا بە ملیاران دۆلار لە عێراق براونەتە دەرەوە، بەشێكی پێوەستە بە سەردەمی حوكمی ڕژێمی بەعسەوە و بەشێكی زۆریشی پێوەستە بە دەیان دۆسیەی گەندەڵی كە لە دوای ڕووخانی ڕژێم لە 2003، لەلایەن دادگا و دەستەی دەستپاكییەوە بە دواداچوونیان بۆ كراوە.
لە ساڵی 2021 بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری ئەوكاتی عێراق، پارە دزراوەكانی عێراقی لە دوای 2003ەوە بە 150 ملیار دۆلار خەمڵاندن، لبنان بەهۆی كۆمەڵێك هۆكارەوە، یەكێكە لە دیارترین ئەو شوێنانەی كە ئەو پارە دزراوانەی بۆ ڕۆیشتووە.
جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی، ئەوە یەكەمجارە كە دەسەڵاتدارانی عێراق زۆر بە ڕژدی لەگەڵ ئەو دۆسیەیە مامەڵە دەكەن، لیژنەیەك لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێكهێنراوە و لەگەڵ ئەو وڵاتانە گفتوگۆ دەكەن كە پێشبینی دەكرێ پارەی دزراوی عێراقیان بۆ ڕۆیشتبێ، یان لەو وڵاتانە ئەو پارە دزراوانە سپی كرابێتەوە.
كۆچەر ئەوەیشی گوت، لبنان یەكێكە لەو وڵاتانە و لە داهاتوودا سەردانی بەرپرسانی دەسەڵاتی دادوەری عێراق بۆ ئەو وڵاتانە زیاتر دەبن، لە ماوەی پێشتریشدا فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری سەردانی توركیا و سووریا و سعوودیەی كرد.
بردنەدەرەوەی پارەی عێراق بۆ لبنان تازە نییە و لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی ڕووخاویش لەوكاتەی لە دوای هێرشكردنە سەر كوێت، سزا و گەمارۆی قورس بەسەر عێراق سەپێنرا، تۆڕی دارایی ئاڵۆز لە دەرەوەی عێراقەوە مامەڵەیان لەگەڵ داهاتی نەوت و پارەی قورس و كەرتەكانی تری پێوەست بە پرۆگرامی نەوت بەرانبەر بە خۆراك بوونی هەبوو.
لێكۆڵینەوەكانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا ئەوە دەردەخەن، بەشێك لە داهاتی ڕێككەوتنی بازرگانی و نەوتی، پارەكەی بۆ بانكەكان لە لبنان بە ناوی كەس و كۆمپانیا گوێزراونەتەوە، وەك ڕووكەش ئەو كەس و كۆمپانیایانە بۆ شاردنەوەی جووڵەی پارەكە بەكار هێنراون.
دوای ڕووخانی ڕژێم لە 2003دا هەڵمەتێكی نێودەوڵەتی بۆ دۆزینەوەی پارەكانی عێراق لە دەرەوە دەستی پێ كرد، لبنان یەكێك بوو لەو وڵاتانە و گەڕان و لێپرسین لەبارەی هەژمارە بانكییەكانی عێراق لەو وڵاتە ئەنجام درا.
لە تەمووز/یۆلیۆی 2005 وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە، بڕە پارەیەكی زۆری سڕكراوی عێراق لە لبنان و سویسرا بوونی هەیە، واشنتن كار دەكات بۆ دیاریكردنی بڕەكەی و گێڕاندنەوەی بۆ عێراق.
دوای نەمانی سەدام، وەرزێكی تری نوێ دەستی پێ كرد، لەگەڵ هاتنی ملیاران دۆلار بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی عێراق، كەلێنی گەورە و فراوان لە چاودێریكردنی ئەو پارە زەبەلاحە بوونی هەبوو، هاوتەریب لەگەڵ دۆسیەكانی گەندەڵی و گرێبەستی ساختە و وەرگرتنی بەرتیل و سپیكردنەوەی پارە.
لبنان ئامانجی پارە دزراوەكانی عێراقە، یەكێك لە گرنگترین هۆكارەكان نهێنیی هەژماری بانكییە كە ئەو وڵاتە پێوەی پابەند دەبێت و لە 1956ەوە ئەو بڕیارەی دەركردووە، بۆیە جووڵەی پارەی خاوەن پارە زەبەلاحەكان و گۆڕانكارییەكان و مامەڵەكانیان بە دۆلاری ئەمەریكی و لە نێوان وڵاتان بە تەواوی بە شاراوەیی دەمێنێتەوە.
لەو كاتانەی عێراق گەمارۆی خرابووە سەر، بانكەكانی لبنان وەك بنكەیەكی لۆجستی پرۆسەكانی كڕینی كەلوپەل و گواستنەوەی بۆ عێراق بوون.
جاسم عەجاقە پسپۆری ئابووری بۆ “حوڕە” گوتی، لەگەڵ قووڵیی پێوەندیی سیاسی و بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات لە دوای 2003، تۆمەتەكان بە بەكارهێنانی هەژماركردنەوە و دانانی ڕووكەش بۆ شاردنەوەی سوودمەندی ڕاستەقینەی پارە دزراوەكان بوونی هەیە، بەتایبەت بەهۆی توندكردن و سزاكانی ئەمەریكا لەسەر كەسایەتی و دامەزراوەكانی سەربە كۆماری ئیسلامیی ئێران.
جەمال كۆچەر دەڵێ، پارە و سیاسەت كە سیستمی بانكی لبنان پشتیوانی دەكات و بوونی ژمارەیەكی زۆری عێراقی كە لە لبنان دەژین، زەوینەیەكی زێڕینی بۆ بردنی پارە دزراوەكان بۆ عێراق ناو بردووە.
سەرەڕای ئەوەی خەمڵاندنەكان باس لەوە دەكەن، 18 ملیار دۆلاری عێراق لە لبنانە، بەڵام ئەمە ژمارە ڕاستەكە نییە و تا ئێستەیش ژمارە ڕاستەقینەكە دیار نییە.
















Leave a Reply