چەند هەفتەیەكە خۆپێشاندەران لە تەواوی فڕەنسا بە شەقامەكان بڵاو بوونەتەوە، ئەوان ناڕەزایەتیی توند بەرانبەر بە دۆخی خراپی قوتابخانەكان و بەرزیی خەرجی بژێوی و حكوومەتێك دەردەبڕن كە پێیان وایە هیچ كارێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی خەڵك ناكات، بۆیە ناڕەزایەتییەكان بۆ تەنگژەیەكی سیاسی گۆڕا.
بە گوێرەی زانیارییەكانی وەزارەتی ناوخۆی فڕەنسا، لە شەمووی ڕابردووەوە نزیكەی 550 هەزار كەس لە سەرانسەری وڵاتەكە بەشداریی خۆپێشاندانەكانیان كردووە، زۆرینەیان بە شێوەیەكی ئاشتیخوازانە بەشدار بوون و لە هەمان كاتدا كەمینەیەكی بچووك هێرشیان دەكردە سەر باڵەخانەكان و فرۆشگەكانیان تاڵان دەكرد، بەم هۆكارەش پۆلیسەكان گازی فرمێسكڕێژیان بەكار هێنا و هێرشیان كردە سەر خۆپێشاندەران.
سێباستیان لوكۆرنو سەرۆك وەزیرانی فڕەنسا ڕای گەیاند كە 1200 كەس گیراون و 150 ئەفسەری پۆلیسیش بریندارن، لە پشت ئەم ڕووبەڕوو بوونەوەیە كێشەیەكی گەورەتری سیاسی هەیە، خەڵكی بەهۆی خراپی خزمەتگوزارییە گشتییەكانی وەك قوتابخانەكان و خزمەتگوزارییەكانی تری حكوومەت، كە بەردەوام خراپتر دەبن توڕەن، لە هەمان كاتدا خێزانەكان ناتوانن خەرجیی پێداویستی ڕۆژانەیان دابین بكەن بەهۆی بەرزیی نرخەكان، لەگەڵ ئەوەش دامەزراوە سیاسییەكان هیوایەكی زۆر بە خەڵك بۆ گۆڕانی بارودۆخەكە نادەن.
چۆن خۆپێشاندەران دەستیان پێ كرد و داواكارییەكانیان چییە؟
ئەم بزووتنەوەیە مانگی ڕابردوو لە قوتابخانەكانی باكوری پاریس دەستی پێ كرد، كە قوتابییەكان بەرانبەر نەبوونی مامۆستا و خراپی باڵەخانە و كەلوپەلەكانی ناوی ناڕەزایەتییان دەربڕی، پاشان ناڕەزایەتییەكان شارەكانی تری وەك بۆردو، رێن، نانت، لیون، لیل، مارسیلیای گرتەوە.
ڕۆژی شەموو قوتابییان و كرێكاران، لەگەڵ لایەنگرانی بزوتنەوەی هێلەك زەردەكان، كە لە ساڵی 2018 بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی خەرجی ژیان و نایەكسانیی ئابووری سەری هەڵدا، كۆبوونەوە.
ئێمیڵ شەبال مامۆستای مێژوو لە زانكۆی ئیدنبڕە، بە “جەزیرە”ی ڕاگەیاند، خۆپێشاندانەكان ئەنجامی لۆجیكی یەك لە دوای یەكی خۆپێشاندەرانن، كە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی هێلەك زەردەكان نەك بابەتێكی نوێ كە تازە سەری هەڵدابێت.
زیاتر گوتی، هاندەر بۆ سەرهەڵدانی ئەم بزووتنەوەیە گوشاری دارایی و هەستكردن بە نادادپەروەری بەرانبەر بە سیستمی سەرۆكایەتیی فڕەنسا بوو، بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ مەبەستی سیستمی سیاسی بوو، كە ئەمەش بۆ پرۆسەی دەنگدان و ئەو كاندیدانەی كە هەڵبژێردران، وەك ئیمانوێڵ ماكڕۆن دەگەڕێتەوە.
ڕۆژی شەموو ئەو كەسانەی چەندین ساڵە ناڕازین، هاوشانی قوتابییان وەستان و سكاڵایان لەبارەی خراپیی بارودۆخی قوتابخانەكان هەبوو، بزووتنەوەی هێلەك زەردەكانیش لە ڕابردوودا داوای باشتركردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكانیان دەكرد.
داواكارییە ڕاستەوخۆكانی قوتابییان دەربارەی بارودۆخی قوتابخانە ئامادەییەكان ئەوەیە كە پۆلی بچووكتر و مامۆستای زیاتر و خشتەی كاتی گونجاویان دەوێت، بەڵام سكاڵاكانیان نیگەرانی زیاتر لەوە دەخاتە ڕوو، كە ئاخۆ دەوڵەت دەتوانێت ئەو پەروەردە و دەرفەتانەی لە داهاتوودا گەنجەكان پێویستیانە دابینی بكات؟، لە هەمان كاتدا فەرمانبەرانی قوتابخانەكان دەربارەی مووچەكانیان و سەرچاوەی خزمەتگوزارییە گشتییە پێویستەكان نیگەرانن.
شەبال زیاتر گوتی، بە ڕێكەوت خۆپێشاندانی قوتابییان لە هەمان كاتی مانگرتنی فەرمانبەران دژی پلانەكانی حكوومەت بۆ دابینكردنی مووچە دەستی پێ كرد، ئەمەش هەموو نیگەرانییەكانی لە ژێر یەك چەتردا كۆ كردەوە، كە پێی دەگوترێت “خراپترین ئەنجام كە دەكرێ بۆ حكوومەتی فڕەنسا ڕووبدات”.
هەروەها خۆپێشاندانەكە لە هەمان كاتی بڵاوبوونەوەی بوودجەی ساڵی 2027 بوو، كە تیایدا كەمكردنەوەی خەرجی و گۆڕینی ڕێژەی باج بە بڕی 54 ملیار یۆرۆی لە خۆ گرت، كە بە گوتەی حكوومەت پێویستە بۆ ئەوەی لە داهاتی وڵات خەرجی كەمتر بێت، پێشنیازەكە ئەوەش دەخاتە ڕوو كە بە هیچ شێوەیەك مووچەی فەرمانبەران گۆڕانگاری تێدا ناكرێت، سەندیكای كارمەندانیش دەڵێ ئەمە چوارەم ساڵە بە بەردەوام گۆڕانی مووچە ڕاگیراوە.
وەڵامی حكوومەت چی بوو؟
حكوومەتی فڕەنسا ڕاستەوخۆ سەرنجی خستە سەر ئارامیی گشتی، ماكڕۆن ئاماژەی بەوە كرد كە هەر كەسێك توندوتیژی ئەنجام دابێت، ڕووبەڕووی دادگە دەبێتەوە و سزا دەدرێت، لە هەمان كاتی ئەم لێدوانەدا ئاگرێك بە خراپی باڵەخانەیەكی دێرین و مێژوویی شارەوانی لە شاری لیمۆژ وێران كرد و باڵەخانە گشتی و فرۆشگەكانیش لە شوێنی جیاواز هێرشیان دەكرایە سەر.
ئەگەرچی ئەم توندەتیژییانەی ئەنجام دران لە لایەن كەمینەیەكی خەڵكەوە بوو، ژان لوك مێڵانشون سەركردەی حزبێكی فڕەنسی، حكوومەت بە ڕێگەدان بە گەیشتن بەو بارودۆخە و چارەسەرنەكردنی بەر لە سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەكان تۆمەتبار دەكات.
و: ئەوین مەحموود
















Leave a Reply