برایەتیی گەلان و لافاوی خوێنی كورد

بینەر: (11)

کاتێک وردەوردە ناوەڕۆکی ئەو ڕێکەوتنە هاکەزاییەی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع بڵاو کرایەوە و تەپوتۆزی چەواشکارانەی میدیا ئاپۆچییەکان و ئیمرالیپەرستان ڕەوییەوە، نەک ڕەخنەگرانی تێزی شکستخواردووی “برایەتیی گەلان”، بەڵکوو شەقامی کوردیش لە باژێڕ و شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، بۆیان ڕوونتر بووەوە کە ئەمە چ مامەڵەیەکی کوردفرۆشانەیە.

سەرەتا با ئەوە بڵێم ئەم ڕوانگە ڕەخنەئامێزە، بەو واتایە نییە ئێمە دژی ئاشتی بین، وەک ئەو شتەی برادەران و خوشکانی ئیمانداری ئاپۆچیی باسی دەکەن و پەرەی پێ دەدەن، نەخێر، ئێمە لایەنگری ئاشتیین، نەک بۆ کورد، بەڵکوو بۆ هەموو جیهان، بەڵام بە پلەی یەکەم بۆ نەتەوەیەک کە چەندان سەدەیە لە خوێنی خۆیدا دەگەوزێت. ئێمە ئاشتیمان دەوێت، بەڵام بە چ نرخێک و لەژێر چ ناوێکدا پێمان دەفرۆشرێتەوە؟ ئاشتییەک لایەنی کەمی مافەکەت تێیدا مسۆگەر بێت؟ یاخۆ ئاشتییەک نەفسی خۆرادەستکردن بێت، بەڵام بە سەرکەوتنێکی مێژوویی بە نەتەوەیەکی وشیار و برینداری بفرۆشیتەوە؟

ئەمە کرۆکی ئەو چەواشەکارییەیە کە میدیا و پەیجی سێبەر و سوپا و لەشکری فەیسبووکی و نافەیسبووکیی ئاپۆچی، خەریکن پەرەی پێ دەدەن. لۆجیکێک کە تەنیا بە ڕستەی “من چاکتر دەیزانم” ئیش دەکات و هەمووان بە کورتبین و گێل دەزان و بەرهەمی ئەم بەناو وشیاریی و قووڵبینیەیش ئەوەتا لە ڕۆژئاوا و ئەتککردنی خوێن و گیانی کورد، دروێنە دەکات بۆمان!

لە دوای ئەمە، با بگەڕێمەوە سەر ئەو ڕاستییەی لە ڕۆژئاوای کوردستان هاتووەتە ئاراوە کە ئەویش ناڕەزایی گەلی ئێمەیە لەوێ، لەو تێکەڵبوون و ئەنتەگراسیۆنەی بە بانگەشەی مافی خوێندن بە زمانی دایک، دەیویست هەموومان بێدەنگ و دەمکوت بکات و وایدەزانی خەڵک لە گوێی گادا خەوتوون. ئەوەتا ئەم ڕۆژانە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتیی پڕن لەو ناڕەزایی و سەركۆنە لەلایەن منداڵانی قوتابخانە و ماڵباتیان و زۆرینەی کوردەوە، لەو دەسکەوتە نیوەچڵ و چاوبەستکەرە، منداڵان دەرگای قوتابخانەکانیان داخست تا کەرامەتی ڕاستەقینە و واقیعی بۆ زمانی کوردی بگەڕێنتەوە، نەک وەک زمانێک چەند وانەیەكی پێ بخوێنرێت و دواتر بخرێتە لاوە و نە بە کەڵکی بازاڕ و ڕاپەڕاندنی ژیان لە جیهانی ڕاستەقینەدا بێت و نە بەرهەمهێنەری زانست و مەعریفە بێت.

ئەمە پێشاندەری ئەو واقیعە زەق و رەقەیە کە جڤاک و کۆمەڵگەی ڕۆژئاوا لە بەرنامەی خەونوخەیاڵاویی برایەتیی گەلان و ئیدارەی خۆسەری پێشوو، مەودایان وەرگرتووە و ئیتر فریوی پەروەردەی ئایدۆلۆجیی ئەو ساڵانەیان لا کاڵ بووەتەوە کە دنیا گەش و خۆش بوو، گورگ و مەڕ برا بوون!

کێشەی ئەم بەرنامە و تێزەی ئۆجەلان لە خۆیدا نییە وەک تێز، هەموو تێزێک لەم گۆی زەوییەدا دەشێت جوان و سەرنجڕاکێش بن، بەو مەرجەی لایەنی کەمی گریمانەکانی لە ڕووێ زانستییەوە ڕێی تێ بچێت، بەڵام کێشەی ئەم تێزەی ئیمرالی ئەوەیە، نازانێ لەسەر واقیعدا چ دەگوزەرێت، پێوەندی عەقڵانی و بەرجەستەی لەگەڵ واقیع نەماوە، ئەمەیش لەلایەن خاتوونانی ڕادیکاڵی ئاپۆچییەوە دانی پێدا نراوە، کاتێک دەفەرموون لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا سەرۆکمان چەند هەزار کتێبی خوێندووەتەوە.

با وایدانێین ئەم درۆیە ڕاستە و مرۆڤ دەتوانێت ڕۆژی دوو سێ کتێب بخوێنێتەوە، هەر خۆی ئەمە نیشانەی ئەوەیە ئەم کابرایە لەناو کتێب و خەیاڵاتی ڕەهادا دەژی، نەک دنیای فاکت و واقیع، تازە ئەگەر لە باشترین حاڵەتدا وا وێنای بکەین کە هیچ پلان و پرۆژەیەکی ئەمنی و دەروونناسانەی بەسەردا جێبەجێ نەکراوە، ئێستە زیاتر و زۆرتر بەری گەنیوی ئەم تێزە دەبینین، لە ماوەی زیاتر لە دەیەیەک حوکمڕانیی ڕۆژئاوادا نەک تەنیا ددانی خێریان بە هیچ کوردێک لە پارچەکانی دیکەدا نەنا، جگە لەوانەی فیدای ئاپۆ بوون، بگرە نەیانهێشت یەک دەنگی ناڕازی و ڕەخنەگریش لە ڕۆژئاوا سەرهەڵبڕێت و بڵێ جەنابی پاشا ڕووتە!

ئێستە کە ئەندامێکی کوردی پێشووی هەسەدە و ئەندامی ئێستەی سوپای سوریا، لەلایەن خێڵێکی عەرەبەوە بە دڕندانەترین شێوە و داعەشیتیرن رەفتار و هاوکات هێماییترین جۆری پەیامی فاشیستیانەی بۆ هەموو کورد لە پشتە، دەرئەنجامی نەگریسی ئەم تێزەیە و ئەو کارەساتەی لەسەر زەوی دروستی کرد، دەبینینەوە.

سوێند بە قەندیل و ئاوەکەی ئیجە و کۆڵانە تەسکەکانی ئامەد، ئێمەیش حەزمان لە برایەتیی گەلانە، بەڵام پێمان بڵێن چۆن برایەتییەك و لەگەڵ كام گەلانە؟ ئەو تۆ بە کۆیلە و بەردەست و نۆکەری خۆی دەبینێت؟ چۆنچۆنی کۆمەڵێک ئایدۆلۆجیستی بیابانی و جێماو و تواوەوە لەناو نەریتەکانی بادییەدا، تێگەیەنین کە ئێمە دەتوانین برا بین؟ تکایە ئەتکمان مەکەن، تکایە سەرمان مەبڕن، تکایە خوشک و داکمان مەکەن بە کەنیزەک و مەیانفرۆشن؟ چۆنچۆنی ئەم لۆجیکە خۆپەرستە کە بە ناوی خودا و ئایەتی قورئان و پێغەمبەری ئیسلامەوە قسە دەکات و تۆ بە خەنازیر و گڵاو ناو دەبات، دەتوانێت ئێمە وەک برا قبووڵ بکات؟

تکایە ئەگەر ڕێگایەکی واقیعی و عەقڵانی شک دەبەن، بە ئێمەش بڵێن. بەس داوا دەکەم مەڵێن ئینتگراسیۆن! یان مەفەرموون لە ڕوانگەی سەرۆکەوە 100 ساڵی دیکە بۆمان دەردەکەوێت! ئەوە ئینتگراسیۆنەکە هێشتا ئیمزاکەی وشک نەبووەتەوە، خوێنی کورد داعشیانە ڕژێنرا و تا 100 ساڵی تریش دیار نییە دنیا چی بەسەر دێت و کام تەنی ئاسمانی لە زەوی دەدات و چ دەجالێک سەر هەڵدەدات و دیموگرافیای كوێ تەواو دەگۆڕێت. تکایە ڕێگایەکمان پێشان بدەن با لە ئاسۆیەکی زەمەنیی 10 تا 20 ساڵدا بێت، نەک یەک سەدە!

زۆر سوپاستان دەکەم ئەگەر ئەم ڕوانینە ڕەخنەگرانە و پرسیارئامێزە نەخەنە خانەی تەکفیری ئایدۆلۆجیی خۆتانەوە!

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *