ئەحمەدی نەژاد بەتۆمەتی هاوکاریکردنی ئیسرائیل لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کراوە

بینەر: (47)

ڕۆژنامەی “نیویۆرک تایمز”ـی ئەمەریکی، لە ڕاپۆرتێکدا کە ئەمڕۆ دووشەم 13ی تەمووزی 2026 بڵاوی کردووەتەوە، ئاشکرای کرد کە مەحموود ئەحمەدی نەژاد سەرۆکی پێشووتری ئێران، بە فەرمانی هێزە تەناهییەکان و دەزگای هەواڵگریی ئێران لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کراوە و خراوەتە ژێر چاودێرییەوە، ئەمەش دوای ئەوەی دەسەڵاتداران بەشێکی زۆری پێوەندییەکانی ناوبراویان لەگەڵ ئیسرائیل ئاشکرا کرد.

چوار بەرپرسی باڵای ئێران بە ڕۆژنامە ئەمەریکییەکەیان ڕاگەیاندووە، ئۆپراسیۆنێکی هەواڵگریی ئیسرائیل کە چەندین ساڵی خایاندووە، تێیدا تەلئەبیب هەوڵی داوە ئەحمەدی نەژاد وەک سیخوڕێک بەکار بهێنێت، پێش ئەوەی دواتر پلان دابنێت بۆ ئەوەی دوای ڕووخانی ڕژێم بیکاتە سەرکردەی نوێی ئێران.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئۆپراسیۆنەکە بە چەندین وێستگەدا تێپەڕیوە، دیارترینیان هەوڵدان بووە بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەحمەدی نەژاد و بەرپرسانی ئیسرائیل، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ دروستکردنی پێوەندی لەگەڵیدا وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەو قۆناغەی ئیسرائیل لە ئەگەری گۆڕانکاریی سیاسی لە ئێراندا پێشبینی دەکرد.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە داوە، یەکێک لە قۆناغە هەرە هەستیارەکانی ئۆپراسیۆنەکە لە سەرەتای ساڵی 2024 ڕووی داوە، کاتێک بەرپرسێکی باڵای حكوومەتی هەنگاریا داوای لە گێرگێلی دێلی سەرۆکی زانکۆی لودۆڤیکا بۆ خزمەتگوزاریی گشتی لە بوداپێست کردووە، کە بانگهێشتنامەیەک ئاراستەی ئەحمەدی نەژاد بکات بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسێک لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا.

لە زاری دێلییەوە گواستراوەتەوە کە دواتر پێی ڕاگەیەنراوە کۆنفرانسەکە تەنیا بەرگێک بووە بۆ شاردنەوەی گفتوگۆ نهێنییەکانی نێوان ئەحمەدی نەژاد و بەرپرسانی هەواڵگریی ئیسرائیل. ناوبراو ئەوەشی گوتووە کە سەرەڕای ترسی لە کاریگەرییەکانی ئەم کارە لەسەر ناوبانگی خۆی و زانکۆکە، بەڵام ڕازی بووە بانگهێشتنامەکە بنێرێت، چونکە پێی وابووە، ئەگەر دوو دوژمن هەبن و بیانەوێت قسە لەگەڵ یەکتر بکەن، باشترە ئەوەی لە توانادایە بکرێت بۆ ئەوەی قسە بکەن.

ڕاپۆرتەکە لە زاری بەرپرسانی پێشووی ئەمەریکاوە ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی ناوخۆی ئیسرائیل، بەخۆی گەشتی بوداپێستی کردووە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەحمەدی نەژاد.

بەپێی زانیارییەکانی نیویۆرک تایمز، لە ساڵانی دواتردا ئیسرائیل بە نهێنی چەندین بڕە پارەی داوەتە عەلی ئەکبەر جەوانفکر گوتەبێژی ئەحمەدی نەژاد، هەروەها بریکارەکانی ئیسرائیل چەندین جار چاویان پێی کەوتووە پێش دەستپێکردنی هێرشە فراوانەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 13ی حوزەیرانی 2025.

ڕۆژنامەکە ئەوەشی بیر هێناوەتەوە کە لە مانگی شوباتی ڕابردوودا بڵاوی کردبووەوە، کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی ئەحمەدی نەژاد ڕووبەڕووی هێرشێکی ئیسرائیل بووەتەوە کە پاسەوانە تایبەتەکانی و ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکەی کردبووە ئامانج، پێش ئەوەی بریکارەکانی هەواڵگریی ئیسرائیل بیگوێزنەوە بۆ ماڵێکی ئارام و نهێنی.

لەلایەکی ترەوە، ئەحمەدی نەژاد دواتر بۆ هۆکارێکی نادیار ئەو ماڵەی جێهێشتووە و دەرنەکەوتووەتەوە تا کاتی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشووی ئێران. دوای ئەوەش، بەرپرسانی باڵای ئێران دووپاتیان کردووەتەوە کە دەزگای هەواڵگریی ئێران گرتوویەتی و لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەری کردووە. تا ئێستە بەرپرسانی هەواڵگریی ئیسرائیل و گوتەبێژەکەی نەژاد ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێک لەسەر ڕاپۆرتەکە بدەن.

عەبدولڕەزا داوەری ڕاوێژکاری پێشووی ئەحمەدی نەژاد، بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە کە سەرۆکی پێشووی ئێران لەپێناو پارەدا هاوکاریی ئیسرائیلی نەکردووە، و گوتوویەتی، ئەو پارە و تۆڕێکی ئابووریی فراوانی هەیە، ئەگەر شتێکی وا بکات تەنیا لەپێناو دەسەڵاتدایە، چونکە دەیەوێت لە لوتکەی دەسەڵاتدا بێت.

هاوکات یەکێکی تر لە کەسە نزیکەکانی نەژاد دووپاتی کردووەتەوە، کە ناوبراو چەندین جار باسی لە خواستەکانی کردووە بۆ ئەوەی بە پاڵپشتیی هێزە بیانییەکان ببێتە حاکمی نوێی ئێران، و ترسی ئەوەی هەبووە کە ئەمەریکا و ئیسرائیل لە کاتی هەڵگیرسانی جەنگدا کەسایەتییەکی تر هەڵبژێرن کە زیاتر توانای تێکدانی سەقامگیریی هەبێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *