وادەی هاتنی مووچەی فەرمانبەران ئاشكرا كرا

بینەر: (4)

گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق بودجەی پێویستی بۆ مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دابین كردووە و لە رۆژانی داهاتوودا بڕیار لەسەر ناردنی دەدرێت.

كەناڵی كوردستان24 لەزاری، دانەر عەبدولغەفار گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بڵاوی كردەوە كە دوای پێوەندیكردنیان بە فەرمانگەكانی ژمێریاری، بودجە و نووسینگەی فەرمیی وەزیری دارایی عێراق، دڵنیایان كردوونەتەوە كە پارەی پێویست بۆ مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ئامادەكراوە و تێكڕای رێكارە ئیداری و یاساییەكان كۆتایییان هاتووە و تەنیا بڕیاری كۆتایی بۆ خەرجكردنی پارەكە ماوەتەوە.

دووپاتیی كردووەتەوە كە خەرجكردنی مووچەی مانگی حەوت بە هەمان شێوازی مانگەكانی پێشوو دەبێت، واتە بڕی 120 ملیار دیناری لێ دەبڕدرێت و باقیی پارەكە رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرێت.

گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە كۆتایی لێدوانەكەیدا ئاماژەی بەوە كرد، كە چاوەڕێ دەكرێت لە رۆژانی دووشەم یان سێشەم، بڕیاری فەرمی و كۆتایی لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەغداوە بدرێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *