ئازاد ئیسماعیل موستەفا
بڕیارە چارەنووسسازەکان لە ناو جەرگەی دامەزراوە شەرعییەکان، پەرلەمانە کاراکان و لە ڕێگەی دەستوورەوە یەکلا دەکرێنەوە؛ بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا، بە تایبەتی لە سایەی کابینەکەی مەسرور بارزانی و هەژموونی دەسەڵاتی بنەماڵەیی-حزبیدا، چارەنووسی ملیۆنان هاوڵاتی بڕدراوەتەوە بە ڕێککەوتن و لێکتێنەگەیشتنی ژوورە داخراوەکانی نێوان چەند کەسایەتییەک. لە جیاتی ئەوەی بودجە، مووچە، پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ئایندەی سیاسیی هەرێمەکە لەسەر بنەمای بەژەوەندیی نیشتمانی و ڕێکارە یاساییەکان بنپێ بنرێن،
هەموو شتێک بەند کراوە بە کەیفخۆشی، تووڕەیی و سازشی کەسیی سەرکردەکان، وەک ئەوەی وڵاتەکە کۆمپانیایەکی خێزانی یان موڵکێکی تایبەت بێت کە تێیدا بڕیارەکان لەسەر مێزی خاوەنپشکەکان دەدرێن نەک لە هۆڵی نوێنەرانی گەلدا. ئەم شێوازە تەقلیدییەی ئیدارەدان پرسیارێکی جەوهەری و ئازاربەخش بەڕووی تەواوی سیستمی حوکمڕانیدا دەکێشێتەوە: بۆچی دەبێت ئایندە و بژێویی تەواوی هەرێمێک بەند بێت بە سەوداوپەیمانی تایبەتی سیاسیی چەند کەسێکەوە لە جیاتی دامەزراوە کارا و سەربەخۆکان؟ کاتێک مافی مووچەخۆر، ئاوی خواردنەوەی هاوڵاتی و کارەبای نیشتمانی دەبنە کارت لە مناقەشە کەسییەکاندا، نیشانەی ئەوەیە کە دەسەڵاتداران چەمکی «دەوڵەتداری»یان داماڵیوە بۆ «عەشایەریی سیاسی»؛ بەڵام ئەم پشتبەستنە بە ململانێی خێزانی لەجیاتی یاسا،
ڕاستییەکی نەگۆڕمان بیردەخاتەوە کە وڵات بە کێنە و منافسەی کەسی بەڕێوە ناچێت، و کۆمەڵگەیەک کە تا بێ زەلیلکراوی سازشی ژوورە داخراوەکان بێت، ڕووبەڕووی داڕمانی یەکجارەکیی جەوهەری حوکمڕانی دەبێتەوە.
















Leave a Reply