ڤانس: بە دوو قۆناغ لە پابەندبوونی ئێران دڵنیا دەبینەوە

بینەر: (266)

جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا و سەرۆكی شاندی دانوستانكاری ئەو وڵاتە لەگەڵ ئێران رای گەیاند كە سەبارەت بە دۆسیەی ئێران تا ئێستەش چەندان وردەكاری تاوتوێ دەكرێن و روونكردنەوەیان پێویستە، واشنتن پێشبینی دەكات گەرووی هورمز بێ هیچ كۆتێك و بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ لەبەردەم هاتوچۆی دەریایی كراوە بمێنێتەوە.

ڤانس لە دیدارێكی تۆڕی “سی ئێن بی سی” گوتی، لە چوارچێوەی هەر رێككەوتن و رێوشوێنێك لە داهاتوو، ئەمەریكا چاودێریی ئێران دەكات تا چەند ئامادەیە سازش بكات، روونی كردەوە، ئەگەری هەیە هەر رێككەوتنێك لەگەڵ ئێران میكانیزمێكی بۆ دڵنیابوونەوە لە دوو قۆناغ لەخۆ بگرێت، بۆ مسۆگەری پابەندبوونی بە بڕگەكانی، بەڵام باسی وەردەكاری زیاتری میكانیزمەكانی نەكرد.

دووپاتی كردەوە، هەینی داهاتوو عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران نوێنەرایەتیی وڵاتەكەیان لە رێوڕەسمی واژووكردنی رێككەوتنەكە لە سویسرا دەكەن، بەڵام پێشبینی دەكەین دەقی رێككەوتنەكە ئەم هەفتەیە دەربچێت، كە هیچ بڕگەیەكی تیادا نییە بە پێدانی 24 ملیار دۆلار بە ئێران و ئێرانییەكان هەوڵ دەدەن خەیاڵ بە خەڵكەكەیان بفرۆشنەوە بە قسەكردن لەبارەی دەستكەوتنی پارە بلۆككراوەكانیان، ئەو بابەتە لە دوای كۆتاهێنانی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران باس دەكرێت و واشنتن لەبارەی چۆنیەتی لەناوبردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی قسە دەكات.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *