کابینەی دەسەڵاتدار وڵاتی کردە هۆڵی کۆبوونەوەیەکی بێکۆتایی

بینەر: (802)

هۆشەنگ بەکر

دەوڵەتێک کە تێیدا شەمەندەفەرەکان وەستاون، کارگەکان داخراون، و خەزێنەکان بەتاڵن، بەڵام لە ژوورێکی گەورەی داخراودا، چەندین سەرکردە بە جلی ئاوریشمییەوە لەسەر مێزێکی درێژ دانیشتوون و بەردەوام چا دەخۆنەوە و ڕادەگەیەنن کە “لێکتێگەیشتنی باش” هەیە! دوای سەد ساڵ، کاتێک مێژوونووسان دەگەرێنەوە بۆ ئەرشیفی ئەم سەردەمە، نازانن ئەمە قەوارەیەکی کارگێڕی بوو یان تەنها لیژنەیەکی گفتوگۆی بێکۆتایی کە هەرگیز نەگەیشتە بڕیار. لە کاتێکدا هاوڵاتی لەسەر شەقامەکان چاوەڕێی مووچە، کارەبا، و ژیانێکی ئاسایی دەکرد، حکومەت بڕیاری دابوو کە تەنها پیشەی فەرمیی بریتی بێت لە کۆبوونەوە و ڕاگەیاندنی “بەردەوامبوونی دانوستانەکان”. لەم نیشتمانەدا، حوکمڕانی واتە ئیدارەدانی بۆشایی؛ سیاسەتێک کە تێیدا هیچ شتێک دروست ناکرێت، بەڵکو تەنها کات دەکوژرێت تا کاتی کۆبوونەوەی داهاتوو.

زیگمۆنت باومان، فەیلەسوفی “مۆدێرنێتیی شل” دەڵێت: “لە کۆمەڵگەیەکدا کە هەموو شتێک کاتی و شلە، مانەوە لە باری چاوەڕوانیدا دەبێتە تاکە دۆخی جێگیر، و دەسەڵات لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکان، تەنها قەیرانەکان بەڕێوە دەبات.” ئەمە ڕێک وەسفی ئەو وەهمەیە کە نوخبەی سیاسی لەم هەرێمەدا دروستیان کردووە. ئەوان حکومەتیان لە ئامرازێکی جێبەجێکردنەوە گۆڕیوە بۆ پێشانگایەکی نمایشیی دانوستان، ڕێک وەک کۆماری ڤایمار پێش ڕووخانی یان حکومەتە ئیفلیجەکانی لوبنان کە تێیدا پاراستنی توازنی تائیفی و حیزبی گرنگترە لە دابینکردنی نانی خەڵک. بۆ ئەوان، نەگەیشتن بە ڕێککەوتن شکست نییە، بەڵکو ستراتیژێکی مانەوەیە؛ تا ئەو کاتەی حکومەت لە باری دانوستاندایە، کەس ناتوانێت لێپرسینەوەی لێ بکات لەسەر ئەنجام نەدانی کارەکانی.

ئەم یاریپێکردنە بە چارەنووسی گەل، ڕاستەوخۆترین سووکایەتییە بە ئارامی و هۆشیاریی هاوڵاتی. ئەگەر بەڕاستی ئێوە حکومەتن، بۆچی بۆ هەر بڕیارێکی بچووک، هەر دابەشکردنێکی مووچە، یان هەر هەڵبژاردنێک پێویستتان بە ساڵێک دانوستان و سەدان کۆنگرەی ڕۆژنامەوانییە؟ ئەگەر ئەمە ئەنجامی ئەو هەموو “لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنە مێژووییانەیە”، ئەی ئەو ملیۆنان دۆلارەی داهاتی خاڵە سنوورییەکان و نەوتە دزراوەکە لەناو کام بەندی ڕێککەوتنەکانتاندا ون بوو؟ ئەو سوپا زەبەلاحە لە وەزیر و ڕاوێژکارە ملیۆنێرە لە پایتەخت کاریان چییە، ئەگەر نەتوانن بەبێ مۆڵەتی حیزبەکانیان یەک فەرمانی خزمەتگوزاری واژۆ بکەن؟ کابینەیەک کە پیشەی تەنها درێژکردنەوەی قەیرانەکان بێت بەناوی “دانوستان”ەوە، نەک تەنها حوکمڕان نییە، بەڵکو بارگرانییەکی کوشندەیە بەسەر شانی کۆمەڵگەوە.

دەسەڵاتێک کە ناتوانێت حکومەتێک پێکبهێنێت بەبێ ئەوەی وڵاتەکە فەلەج بکات، دەسەڵاتێکی بەهێز نییە، بەڵکو گروپێکی ترسنۆک و بێئیرادەیە کە لە دەنگی تووڕەیی و پرسیارەکانی ئێوە دەترسێت. ئەمە دەوڵەتداری نییە، ئەمە تەنها خەرجکردنی تەمەنی نەتەوەیەکە بۆ کڕینی کات بۆ چەند خێزانێکی سیاسی، و مێژوو هەرگیز لەبیری ناکات کە چۆن ئەم نوخبەیە نیشتمانیان لەسەر مێزی دانوستانە وەهمییەکانیان هەڕاج کرد!

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *