شكستی هەواڵگری یان سیاسی؟ پێشبینییەكانی واشنتن بۆ جەنگ ڕاست دەرنەچوون

بینەر: (54)

گۆڤاری “زە ئەتلانتیك” بابەتێكی لەبارەی جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل دژی ئێران بڵاو كردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەكات، بەدینەهێنانی ئامانجەكانی جەنگەكە لە ماوەیەكی كەمدا، هاوشێوەی جەنگی عێراق بۆ كەموكوڕی لە زانیاریی هەواڵگری ناگەڕێتەوە، بەڵكو خراپی هەڵسەنگاندنی سیاسی و پەراوێزخستنی پێكهاتە وردەكان و هەڵسەنگاندنی تواناكانی دوژمن دەگەڕێتەوە، هەرچەندە پێشتر بەردەست بوون، بەڵام بە گرنگییەوە بایەخیان پێ نەدراوە.

لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، هەواڵگریی ئەمەریكا هەڵسەنگاندنی پوخت و وردی پێش دەستپێكردنی جەنگ پێشكەشی حكوومەت كردووە و دووپاتی لەوە كردووەتەوە، ئێران مووشەكی ئەتۆمی نییە، بۆیە ناتوانێ چەكی ئەتۆم دژی ئەمەریكا بەكار بهێنێت، هاوكات مووشەكی دوورمەودایشی نییە كە بگاتە خاكی ئەمەریكا، لەگەڵ ئەوەیشدا هۆشداریی بە حكوومەت داوە كە هەر هێرشێك بۆ سەر ئێران، ئەگەری وەڵامدانەوەی ئێران بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی لێ دەكەوێتەوە و ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز و دروستكردنی تەنگژەیەكی ئابووری جیهانی بە دوای خۆیدا دەهێنێت، ئەو سیناریۆیانە لای حكوومەتی ترەمپ بەر لە دەستپێكردنی جەنگ ئاشكرا و ڕوون بوون.

ئەوەی دواتر ڕووی دا بە تەواوی هەمان پێشبینییەكانی هەواڵگریی ئەمەریكا بوو كە لەلایەن حكوومەتەوە پەراوێز خران، هەرچەندە چەندان جار سی ئای ئەی هۆشداریی لە ئۆپراسیۆنی سەربازی و لێكەوتە ئاڵۆزەكانی داوە، بەوهۆیەشەوە ئێستە گرژیی تەواوی ناوچەكەی گرتووەتەوە و كێشەی وزە لە زۆرینەی وڵاتانی دنیا دروست بووە، لە بەرانبەر ئەوەیشدا تا ئێستەیش ڕژێمی ئیسلامیی ئێران لەسەر پێی خۆی ماوەتەوه، بە پێچەوانەی ئەو پێشبینییانەی كە دەكران، بەوەی لە ماوەیەكی زۆر كەم ڕژێم كۆتایی دێت.

گۆڤارەكە هێرشكردنە سەر ئێران و جەنگی دژی عێراق بەراورد كردووە و دەڵێ، جیاوازیی كرۆكی هەردوو جەنگەكە لەوەدایە كە حكوومەتی ئەوكات بە سەرۆكایەتیی جۆرج دەبلیو بۆش، پشتی بە زانیارییە هەواڵگرییەكان بەست و دواتریش ئەو زانیارییانە زۆر ورد و دروست نەبوون، بەوەی عێراق خاوەنی چەكی كۆكوژ بێت، بەڵام حاڵەتی جەنگ دژی ئێران پێچەوانەیە، زانیارییە هەواڵگرییەكان زۆر ورد و دروست بوون، بەڵام بڕیاری سیاسی ڕێڕەوی جەنگەكەی گۆڕی و ئەمەریكای خستە ناو جەنگەوە.

ئەو جۆرە مامەڵەكردنە بە تەواوی پێچەوانەی جۆرێكی جیاوازی بڕیاردانە، كە پێوەست نییە بە كۆكردنەوەی زانیاری و شیكردنەوەی و بەكارهێنانیەتی لە پرۆسەی دروستكردنی بڕیار، بەڵكو بە تەواوی پێچەوانەی ئەمەیە و زانیارییە وردەكان پەراوێز دەخرێن و خواستە سیاسییەكان بێ ئەوەی لێكدانەوە بۆ پێشهات و ئەگەرەكان بكرێن، بڕیار دروست دەكەن.

ئەو چاكسازییانەی لە دەزگەی هەواڵگریی ئەمەریكا لە دوای جەنگ دژی عێراق ئەنجام دران، سەركەوتوو بوون لە باشكردنی كوالێتی و وردی پێشبینییەكان، بەڵام پەراوێزخستنیان لەلایەن بڕیاربەدەستانەوە گرفتی بۆ ئەمەریكا دروست كردووە.

ئاماژەی داوە كە پەراوێزخستنی ناوەڕۆكی زانیارییە هەواڵگرییەكان، پێوەستە بە متمانەیەكی سیاسییانەی پێشوەخت و دووپات لەوە كراوەتەوە، پێشبینییەكان زێدەڕۆییان لەبارەی توانا سەربازییەكانی ئێران تێدا كراوە، بەڵام ئێستە ڕاستییەكە بە تەواوی دەركەوتووە، ئەمەیش وایكرد كە بڕیاری بە پەلە و پڕ لە مەترسی بدرێت، بێ ئەوەی هۆشدارییەكان لەبەرچاو بگیرێن.

بەشێك لە هاوپەیمانانی واشنتن ڕەخنەیان لە نەبوونی بیانوویەكی ڕوون بۆ جەنگ دەهێنایەوە و لەو بڕوایەدا بوون كە ئەگەر ئەمەریكا زانیاریی هەواڵگریی ڕوون و یەكلاكەرەوەیان پێ بدات، دەتوانن لە دواكەوتنی ئەمەریكا لە هێرشكردنە سەر ئێران تێبگەن و هانی واشنتن بدەن، بەرەو ئاراستەی دیپلۆماسی و گفتوگۆكردن لەگەڵ ئێران هەنگاو بنێت، یان بەلایەنی كەمەوە ئێستە بژارەی سەربازی بوەستێنێت و گورزی سەربازی لە ئێران نەوەشێنێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *