کوردایەتی و ئیلحاد

بینەر: (1.5K)

لە هیچ قۆناغێکی مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازیی کوردستاندا بە ئێستەیشەوە، ئێمە ناتوانین پێوەندییەکی جەوهەریی لە نێوان کوردایەتی و ئەو شتەی بە ناوی ئیلحاد باس دەکرێ، بدۆزینەوە. لە ڕاستیدا دەستەواژەی ئیلحاد بەرلەوەی تێرمێکی ئیلاهی یان هەڵخێزراوی ناو شەریعەت وەک دەق و فیقهـ بێت، دەرئەنجامی ئەو بەرنامە سیاسی و پلانە ستراتیجییە بوو بۆ خەساندنی توانا و هێزی داینامیکی ناو کۆمەڵگە ناعەرەبییەکان. ئەگەر خوێندنەوەیەکی دووبارەی مێژووی سیاسی ئیسلام و ئیسلامیی سیاسی هاوچەرخ بکەین، تێدەگەین ئەم پلان و نەخشەیە لە مێژە هەیە و ئەستەمە یەکەم چرکەساتی لەدایکبوونی بە ئاسانی بدۆزینەوە، بەڵام دەکرێت پسپۆڕانی ئەم بوارە لەسەر ئەم مژارە قسە بکەن و بەرچاوڕوونیی زیاترمان دەنێ.

ئیلحاد لە فەرهەنگەکاندا بە واتای کوفر، شیرک، بتپەرستی و چەندان وشەی هاواتای تر هاتووە، لە ڕووی ئەم مانایانەوە ئیلحاد دواپلەی دوورکەوتنەوەیە لە ئاین یان دژایەتی دینە و هیچ لێبووردەییەکی ئیلاهی و شەرعی نایگرێتەوە و بۆ هەمیشە دۆزەخ و سەقەر جێیەتی، بەڵام سەرباری ڕێنوێنییە شەرعی و ئاماژە فیقهییەکان (هەموویان لەسەر دیاریکردنی دەلالەتی ئەم جۆرە دەستەواژانە کۆک نین)، ڕەهەندی کولتووری و سیاسیی ئەو کۆمەڵگایانەی ئەم دەستەواژانەیان بۆ تەرجەمە دەکرێت و لە ڕێگەی گوتارێکی ئاینیی ڕادیکاڵ و توندئاژۆوە دەرخواردی خەڵکی ئاسایی دەدرێت، پشتگوێ دەخرێت. ئەمە هەمان مەبەستە کە ئیسلامی سیاسیی دەیەوێت، واتە دابەزاندنی عەقڵی سەلیم یان گشتی بۆ ئاستی گوێڕایەڵی و ملکەچی، لە هەمبەر گوتاری ناوەندە ئایینییەکاندا، بە تایبەتی لە سەردەمی ئێستەدا.

وەک ڕستەیەکی باوی ناو خەڵک هەیە و زۆریش ئاوەزمەندانە و ئیماندارانەیە، ناتوانین دەلالەتی ببڕایبڕ و ڕەها بۆ دەستەواژەگەلێکی وا دیاری بکەین. ئەم ڕاستییە لەو ڕستەیەدا بە باشی خۆی دەرخستووە کە دەڵێت: شەرع بنی نییە! کورت و پوخت ئەمە بەو واتایە دێت کە دەقی ئاینی بە قورئان، فەرموودە و گێڕانەوەوە … ئەوەندە بڕگە و مادەی تایبەت و شیكاری تێدایە، بە ئاسانی ناکرێت دانیشی ئیلحاد لە چەند فاکتەری نزم و نەویدا پێناسە بکەیت و بەسەر پێکهاتەی کولتووری و کۆمەڵایەتی نەتەوەیەکیدا بسەپێنێت.

ڕاستی ڕێژەییبوونی ئەحکام لە ژیانی خەلیفەکانی ڕاشیدەینیشدا بە قووڵی ڕەنگی داوەتەوە، بەڵام لێرە دەرفەتی باسكردنی نییە، بە سادەترین پێوەری هزر و عەقلی سەلیم یان گشتی (common sense)، ئەو جۆرە ئەحکامانە نەک خۆڵکردنە چاوی خەڵک، بەڵکوو خیانەتێکی گەورەی مێژووییشە هەم لە ئاینی پیرۆزی ئیسلام و هەمیش لە نەتەوەکانی دیکە کە لێرەدا بەتایبەتی نەتەوەی کورد تا ئێستە وەک قوربانییەکی دیاری ناو ئەم یارییە سیاسییە-فیقهییە ماوەتەوە.

سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم، باوەڕداریی ئاینی و ئیسلامیی جیان لە بەرنامەی سیاسی لە ڕێگەی ئیسلامەوە، واتە مسوڵمانانی باوەڕدار و بێگەرد جیان لە سیاسیکارانی ئیسلامی کە هەم ئیسلامیان شێواندووە و هەمیش بوون بە ئامێری بەرهەمهێنانی کوشتوبڕ و تۆقاندن و پەیامی سەرەکیی ئیسلامیشیان ڕووشاندووە. پێوەست بە ئێمەی کوردەوە و لە دەلاقەی ئەم باسەوە، دەتوانم بڵێم، 80%ی شۆڕشە کوردییەکان یان ڕابوون و بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکانی کورد، لە دڵی حوجرە و مزگەوتەکانەوە هەڵقوڵاون و بەشێوەی راستەوخۆ لەلایەن ئایندار و شێخ و مەلاکانەوە ڕێبەرایەتی کراوان (با لەوە گەڕێین کە بەشێکی فراوانی ئەو ئیسلامە سیاسییە-سعوودی و قەتەری و تورکیەی- لە سەرەوە ئاماژەم پێ دا، نیوەی ئەم ڕێبەرانەیش بە مولحید و بێدین دەزانن)

با شێخ عەبدوسەلام و مستەفا بارزانی نەمر بهێنینە پێش چاوی خۆمان، یان قازی محەمەد، واتە ڕەوتی ڕاستڕەوی بزووتنەوەی کوردی لەناو جەرگەی ناوەندە ئیسلامییە-کوردییەکانەوە هەڵقوڵاون و ڕێبەرەکان هەڵقوڵاوی ناو پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردی بوون. بۆ ڕەوتی چەپی کوردیش دەتوانم بڵێم ئەگەرچی لەژێر کاریگەریی ڕەوتی چەپی چینی و ڕووسیدا بوون، بەڵام بەشێکی زۆریان هەر نوێژ و عیبادەتی خۆیان دەکرد و خەباتی سیاسیی کوردانەیان لە چوارچێوەی چەپدا جیا دەکردەوە لە ئاین و بڕواداری خۆیان.

ئەوەی ئەم ماوە بەرچاوی خەڵکی ئێمەی لە هەر چوارپارچەی كوردستان ڕووناک کردەوە، ئەو بەکارهێنانە ئامرازیانەی قورئانی پیرۆز بوو لەلایەن ئەحمەد جۆلانی و دەست و پێوەندە دڕندەکانی کە تورکیا گەرای دەدانێ و سەپۆرتی دەکردن و بەشێکیشیان هەر ڕاستەوخۆ سەربە ئەنقەرە بوون، ویستیان ئەنفالێکی دیکە و فەتحێکی تر بەسەر نەتەوەی مسوڵمانی کورددا بێنن لە ڕۆژئاوا.

من لێرەوە سەرەڕای سوپاس و ستایشم بۆ ڕووناکبیر و ڕۆشنگەرانی کۆمەڵگەی کوردی لە کوردستان، حورمەتێکی فرە و بێسنوورم بۆ ئەو مامۆستا ئاینییانە هەیە کە ئەو هەڵە و چەواشەکارییە مێژووییەیان هەم پشتڕاست و هەمیش ڕاست کردەوە لە ڕێگەی لێدوان و قسە ژیرانەکانیان کە پشتئەستوور بوون بە دەقی قورئان و گێڕانەوە ئیسلامییەکان، بە تایبەتی لە دژی ئەو فەتوایەی کە وەزارەتی ئەوقافی سوریا دژی کوردی ڕۆژئاوا دەریکرد.

بابەتەکە بە ڕای من بە قازانجمان کەوتەوە، مەرسوومی وەزارەتەکە شتێکی ئیداری و ئاسایی بوو کە پێدەچێت دەیان جاری تر لەلایەن ئەنقەرە و بەغدا و تەنانەت تارانیشەوە دژی کورد و بە دزییەوە دەرکرابێ، بەڵام ئەمەی ئەمجارەیان وایکرد، جەماوەری مسوڵمانی ئێمە بە باشی لانیکەم لە بەشێک لەو چەواشەکارییانەی ئیسلامی سیاسی و یاریی هێزە بەناو ئیسلامییەکانی ناوچەکە ورد ببنەوە و ئەم پرسیارە لە خۆیان بکەن، بۆچی ئێمە بە هیچ بارێکدا بە مسوڵمان قبووڵ ناکرێین؟

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *