ئیلۆن ماسك خێرایی ئینتەرنێتی ستارشیلدی له‌ ئۆكراینا كەم كردەوە.. كییڤ لە گرفتدایە

بینەر: (387)

ڕۆژنامەیەكی ئەمەریكی لە زاری بەرپرسانی وڵاتەكەی و سەرچاوە ئاگادارەكانەوە بڵاوی كردەوە، ئیلۆن ماسك گەورە ملیاردێری ئەمەریكی و خاوەنی ئینتەرنێتی ستارلینك و ستارشیلد فەرمانی كردووە، خێرایی ئینتەرنێتی ستارشیلد لە ئۆكراینا كەم بكەنەوە، ئەمەیش گرفت بۆ هێرش و جووڵە سەربازییەكانی ئۆكراینا دروست دەكات.

ڕۆژنامەی وۆل ستریت جۆرنال لە زاری بەرپرسانی ئەمەریكا كە نەیانویستووە ناویان بڵاو بكرێتەوە نووسیویەتی، ماسك سنووری بۆ خێرایی ئینتەرنێتی ستارشیلد داناوە، كە ڤێرژنی بواری سەربازی ئینتەرنێتی ستارلینكە و بەمشێوەیەش پێوەندییەكانی سیستمی سەربازی ئۆكراینا و زۆر لەو درۆنانەی ئۆكراینا ئاراستەیان دەكات، گرفتی گەورەیان بۆ دروست دەبێت.

لە ماوەی ڕابردوودا هەریەك لە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا و ئیلۆن ماسكی ملیاردێری ئەمەریكی، نیگەرانی و ناڕەزایی توندی خۆیان لە بەرانبەر هێرشی درۆنەكانی ئۆكراینا بۆ سەر پاڵاوگە و دامەزراوەكانی وزەی ڕووسیا دەربڕی.

ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، ئیلەن ماسك سەربەخۆیانە ئەو بڕیارەی داوە و بە هیچ شێوەیەك دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا هیچ فەرمانێكی لەمجۆرەی دەرنەكردووە، تا مەسك و كۆمپانیاكەی پێوەی پابەند بن.

سەرچاوەكان دەڵێن، ئەو سنووردانانە بۆ خێرایی ئینتەرنێتی ستارشیلد دەبێتە هۆی پەكخستنی هێرشە درۆنییەكانی ئۆكراینا بۆ سەر رووسیا، هەروەها ئەركەكانی بەرگریی ئاسمانی لە ئۆكراینایش دەخاتە بەردەم گرفتی گەورەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان، ماسك و ترەمپ بەر لەوەی بڕیاری كەمكردنەوەی خێرایی ئینتەرنێتی ستارشیلد بدرێ، بە تەلەفۆن گفتوگۆیان كردووە، لەو كاتەی سەرۆك ترەمپ خەریكی كەمپەینی هەڵبژاردن بوو لە هەفتەی ڕابردوو، هەردوولا تاوتوێی ئەو بابەتەیان كردووە، تا بێ ئەوەی بڕیاری حكوومی پێویست بێ، ئەو كارە ئەنجام بدرێت.

لە بەرانبەردا پیت هێگسەس وەزیری جەنگی ئەمەریكا دوێنێ سێشەم ئاشكرای كرد، پنتاگۆن هیچ ڕێوشوێن و گۆڕانكارییەكی لە ستارشیلد نەكردووە، تا كاریگەریی لەسەر ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان دژی ڕووسیا دروست بكات، ئەمەیش لە كاتێكدایە پێشتر مەسك دووپاتی كردەوە، بەكارهێنانی ڤێرژنی سەربازیی ستارلینك كە بە ستارشیلد ناسراوە، فەرمانی بەكارهێنانی بۆ دۆناڵد ترەمپ دەگەڕێتەوە، بەهۆی ئەوەی ئەو سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایە.

ئەو هەنگاوە لە كاتێكدایە لە ڕۆژانی ڕابردوویش هەواڵ و زانیاری ئەوە هەبوو، وەزارەتی جەنگی ئەمەریكا ناردنی مووشەكی بەرپەرچدانەوەی سیستمی پاتریۆت بۆ ئۆكراینا بە ئەنقەست دوا دەخات، سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی جەنگ بە فەرمی ئەوەی ڕانەگەیاندووە، بەڵام ڕێوشوێنەكانی ناردنی ئەو مووشەكانە رۆتین و گرفتی زۆریان بۆ دروست كراوە تا بە تەواوی دوابخرێن، ئەمەیش لە كاتێكدا كییڤ چەند دانەیەك مووشەكی بەرپەرچدانەوەی سیستمی پاتریۆتی ماوە.

هاوكات زانیاریی لەسەر ئەوەیش هەیە كە ئەمەریكا ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگریی لەگەڵ ئۆكراینا وەستاندووە، ڤۆڵۆدیمێر زیلنسكی لەوبارەیەوە گوتی، بەهۆی زانیاریی هەواڵگریی ئەمەریكاوە دەمانتوانی پێشوەختە لە ئەگەری هێرش و بۆردمانەكانی رووسیا ئاگەدار بین.

ئەو گۆڕانكارییانەی ئەمەریكا بەرانبەر بە ئۆكراینا لە كاتێكدایە، پێشتر ترەمپ ڕەخنەی توندی لە زیلنسكی گرت و داوای كرد كەسێكی تر وەك سەرۆكی ئۆكراینا دیاری بكرێ و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتینی سەرۆكی ڕووسیایش گەیشتنە ڕێككەوتن، تا 300 هەزار تۆن دیزل لە ڕووسیاوە بگەیەنرێتە بازاڕی وزەی نێودەوڵەتی و ستیڤ ویتكۆفی نێردەی تایبەتی ترەمپیش، دوێنێ لە ئۆسلۆ لەگەڵ زیلنسكی كۆبووەوە و بڕیارە ئەمڕۆیش لە مۆسكۆ چاوی بە ڤلادیمێر پوتینی سەرۆكی رووسیا بكەوێت، تا هەردوولا ڕازی بكرێن بە گفتوگۆ و دانوستان كۆتایی بە جەنگی چوار ساڵەی نێوانیان بهێنن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *