بڕیارە هەڵبژاردنی نیوەیی كۆنگرێسی ئەمەریكا لە 3ی تشرینی دووەم بەڕێوە بچێت، هاوكات دەنگدانی پێشوەختە دەستی پێ كردووە، ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەردەكەون جێگەی نیگەرانین، دەنگدەرێك دەست لە ناوی كاندیدێك دەدات بۆ ئەوەی دەنگی پێ بدات، دەبینێت ئامێرەكە كاندیدێكی بەرانبەری دەستنیشان دەكات.
لە كاتێكدا هەڵبژاردن پێش كاتی خۆی دەستی پێ كردووە، چەندان ڕاپۆرت لە سەرانسەری وڵات لەبارەی هەڵبژاردنی كاندیدی هەڵە لە ئامێرەكانی دەنگدان بڵاو كراونەتەوە، لە ویلایەتەكانی تێنسی بۆ تێكساس و فلۆریدا، ڤیدیۆكانی بڵاو كراوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان خەڵكیان لەبارەی دەنگەكانیان نیگەران كردووە، كە دەكرێت ئامێرەكان دەنگەكانیان بگۆڕن.
ئەگەرچی هەندێك كات ئەو ڤیدیۆیانە كە بە شێوەیەكی بەرچاو بڵاو دەبنەوە، لە ڕاستیدا هی ساڵانێك لەمەوبەرن، بەرپرسانی هەڵبژاردن و شارەزایان دەڵێن ئەوە كێشەیەكە و نزیكەی هەموو دەنگدانێك ڕوو دەدات، بەڵام هیچ بەڵگەیەك نییە بیسەلمەنێت ناڕاستگۆیی و فێڵكردن لە دوای ئەم كێشەیە هەیە، بەڵكو دەكرێت زۆر جار دەنگدەرەكە بە هەڵە دەست لە شاشەكە بدات، یان بە هۆی نینۆكی درێژەوە بێت، لە هەندێك دۆخیشدا دەكرێت ئامێرەكە پێویستی بە ڕێكخستنەوە هەبێت.
شارەزایانی هەڵبژاردن دەڵێن ئەوە كێشەیەكی بەردەوامی دەنگدانە، چونكە ئامێرەكانی دەنگدان تەمەنیان نزیكەی 20 ساڵ پێش دروست بوونی ئایفۆنە، ئەمەش واتە شاشەی ئەو ئامێرانە كێشەیان زیاترە و بەكارهێنانیان خاوترە وەك لە شاشەی مۆبایلەكەت یان ئۆتۆمبێلەكەت.
تامی پاتریك سەرۆكی پڕۆگرامی كۆمەڵەی نەتەوەیی بەرپرسانی هەڵبژاردن گوتی، ئەمە یەكێكە لەو شتانەی كە هەمیشە كاردانەوەیەكی زۆری لەلایەن خەڵكەوە لێ دەكەوێتەوە، ئەمە شتێكی باشە كە خەڵك ئاگەدارن و سەرنج دەدەن.
زیاتر گوتی، هەواڵە باشەكە ئەوەیە لەم ئەم دۆخانەدا هەموو كەسێك كاغەزێكی دەنگدانی هەیە و دەتوانێت سەیری بكات و لێی دڵنیا ببێتەوە.
ستیڤن ڕیچەر بەرپرسی باڵای پێشووی هەڵبژاردن لە ناوچەی ماریكۆپا لە ئەریزۆنا ئاماژە دەكات، لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا ئەمەریكا یاسای زیاتری بۆ دوای هەڵبژاردن، وەك ژماردنی دەنگەكان بە دەست داناوە، هەروەها تاقیكردنەوەی وردی ئامێرەكان پێش و دوای هەڵبژاردن، بۆ دڵنیابوون لەوەی هەموو شتێك بە ڕێكی بەڕێوە دەچێت.
بەرپرسانی هەڵبژاردن دووپاتیان لەوە كردەوە كە پێویستە دەنگدەران بەر لەوەی بە فەرمی ڕادەستی بكەن، بە وریاییەوە سەیری كاغەزی دەنگدانەكەیان بكەن، چەند قۆناغێك هەیە بۆ دڵنیابوون لەوەی دەنگدەران بە شێوەیەكی دروست دەنگەكان ڕادەست بكەن، یاسای فیدڕاڵی دەڵێت، دەنگدەران دەرفەتی ئەوەیان هەیە پشكنینی دەنگەكانیان بكەن و نزیكەی هەموو ناوچەكانی هەڵبژاردن بەر لەوەی بە فەرمی ڕادەستی بكەن، كۆپییەكی كاغەزەكە بە دەنگدەران دەدەن.
جێری هۆڵەند بەڕێوبەری هەڵبژاردن لە ناوچەی دوڤال لە فلۆریدا بە “سی ئێن ئێن”ی ڕاگەیاند، لە ماوەی چەند ڕۆژی پێشوو لە نزیكەی 30 هەزار كەس كە لە ناوچەكەیدا كە ئامێرەكانیان بەكار هێناوە، تەنیا پێنج بۆ شەش كەس كێشەیان هەبووە و پێوەندییان پێوە كردووە.
دووپاتی كردەوە، ئامێرەكان دەنگەكان ناگۆڕن، ئەگەر تۆ دەست لە ناوێك بدەیت، بە ئاسانی دەكرێت دەستت یان نینۆكت بەر ناوێكی تری سەرووی ئەو بكەوێت، لە ناوچەكەی ئەودا دەنگدەران دەتوانن خۆیان كاغەزێكی هەڵبژاردن پڕ بكەنەوە، یان ئامێرێك بەكار بێنن كە بە هەمان شێوە كاغەزێك بەرهەم دێنێت بۆ ئەوەی دەنگەكە هەژمار بكرێت، هەموو ئامێرێكیش پێنووسێكی تایبەت بە هەڵبژاردنی هەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی وردتر دەستكاری شاشەكە بكەیت.
هۆڵەند دەڵێت، ئێمە متمانەیەكی تەواومان هەیە كە دەنگدەران ئەوە هەڵدەبژێرن كە بەڕاستی دەیانەوێت.
ستێلا پارتۆن نووسەر و گۆرانیبێژی ئەمەریكی، خوشكی دۆڵی پارتۆنی كۆچكردوو، ئەم هەفتەیە لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك باسی لە كێشەكانی هەڵبژاردن و بەكارهێنانی ئامێرەكانی هەڵبژاردن لە ناشڤیل لە ویلایەتی تێنسی كرد، كە ئامێرەكە بە هەڵە سیناتۆر مارشا بلاكبێرن، كاندیدی حزبی كۆماری هەڵبژاردووە.
پارتۆن بە “سی ئێن ئێن”ی ڕاگەیاند كە پێویست بوو لە سێیەم هەوڵیدا داوای یارمەتی لە كارمەندێك بكات، بەر لەوەی دەنگەكە بە دروستی وەربگیرێت.
زیاتر گوتی، كاتێك بینیم خەڵك هەمان كێشەیان هەیە نیگەرانی كردم و پێیانم گوت بڕۆن ئێوەش دەربارەی ئەو كێشەیەی بە سەرتان هاتووە بڵاوی بكەنەوە، چونكە خەڵكانی تر پێویستە ئەو بابەتە بزانن بەر لەوەی بۆ هەڵبژاردن بڕۆن.
مارك گۆینس ڕێكخەری هەڵبژاردنەكان لە ویلایەتی تێنسی بە “دەبڵیو ئێس ئێم ڤیی ناشڤیل”ی گوت، ئەم كێشەیە بە دڵنیاییەوە هەڵەیەكی بێ مەبەستی دەستلێدان لە شاشەكە بووە، لە هەموو دۆخەكاندا لەو كاتەوەی لێرە كار دەكەم ئەمە ڕوو دەدات و هەموو جارێكیش دەستلێدان بە هەڵە و بێ مەبەست بووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئامێرەكان كاغەزێكی هەڵبژاردنەكە كۆپی دەكەن بۆ دەنگدەران، كە ئەمەش وا دەكات لە هەڵبژاردەكانیان دڵنیا بن.
















Leave a Reply