ڕۆژنامەیەكی ئەمەریكی لە زاری بەرپرسانی ئەمەریكا و ئەوروپا، نهێنیی پشت بڕیاری لە ناكاوی واشنتنی بۆ كشانەوەی فڕۆكە پێشكەوتووەكانی جۆری بی 1 لە بنكەی سەربازی فیرفۆردی بەریتانی ئاشكرا كرد و نووسیویەتی، ئەمە دوای بوونی زانیاری هات لە ئەگەری هێرشكردن بە درۆن بۆ سەر ئەو فڕۆكانە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە.
بەرپرسە ئەمەریكی و ئەوروپییەكان قسەیان بۆ وۆڵ ستریت جۆرنال كردووە و دەڵێ، هێرشەكە پلانی بۆ دانراوە و بەشێك بووە لە پیلانگێڕییەكی فرەلایەنی ئێران، بۆ بە ئامانجگرتنی ئەو فڕۆكانە و كوشتنی سەربازانی ئەمەریكا لەو بنكە سەربازییەی شانشینی یەكگرتووی ئەمەریكا لە ناویشیاندا فڕۆكەوانانی ئەو جۆرە فڕۆكە پێشكەوتووە.
یەكشەمی ڕابردوو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەشێوەیەكی لەناكاو 12 فڕۆكەی جۆری بی 1ی لە بنكەی سەربازی فێرفۆردی بەریتانیا كشاندەوە، بەهۆی بوونی مەترسی و ئەگەری هێرشكردنە سەر ئەو فڕۆكە ئاڵۆز و پێشكەوتووانە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە.
ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، بەر لە گواستنەوەی ئەو فڕۆكانە، بەرپرسانی ئەمەریكا ئاگاداری ئەو پیلانگێڕییەی ئێران بوون، بۆ هێرشكردنە سەر فڕۆكەكان و فڕۆكەوانان و سەربازانی ئەمەریكا لەو بنكە سەربازییەی بەریتانیا، لقێكی سەربە سوپای پاسداران، هاووڵاتییانی بەریتانیای بە كرێ گرتووە تا ئەو پیلانگێڕییە جێبەجێ بكەن، كە خۆی لە چەندان هەنگاوی جیاجیا دەبینێتەوە، سەرەتایش خەڵكی نیشتەجێی دەوروبەری بنكە سەربازییەكە خرۆشان پەیدا دەكەن و دواتر ئەو هێرشە ئەنجام دەدرێت.
لە بەشێكی تری ڕاپۆرتەكەی وۆڵ ستریت جۆرنالدا هاتووە، جیا لە ئەگەری هێرشكردنە سەر فڕۆكەكان بە درۆن، ئەگەرێكی تریش كە بەرپرسانی ئەمەریكا لە ئەوروپا پێیان زانیوە، بریتی بووە لە بردنی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو بۆ بەردەم سەربازگەكە و تەقاندنەوەی.
بەرپرسانی بەریتانیا ئاماژە بەوە دەكەن، سەرەڕای بوونی هەڕەشەی ئاشكرای لەمجۆرە كە ئێران دژی بنكە سەربازییەكانی بەریتانیا ئەنجامی دەدا، بەڵام تا ئێستە هیچ بەڵگەیەكی یەكلاكەرەوە بوونی نییە، بیسەلمێنێت تاران لە پشتی ئەو هەوڵە و ئەو پیلانگێڕییەوەیە و ئەنجامدانی هێرشێكی لەمجۆرەیش لەلایەن ئێرانەوە قورس و ئاڵۆزە.
پێشتر ئێران بنكەی سەربازی ئەكرۆتیری بەریتانیای لە قوبرس و دیگۆگارسیای لە زەریای هیندی كردە ئامانج، لەو چوارچێوەیە ڕۆژنامەكە لە زاری رۆبەرت تۆلاست توێژەر لە پەیمانگەی شاهانەی خزمەتگوزاری یەكگرتووی بەریتانیا كە ناوەندێكی توێژینەوەی سەربازی بەریتانیا گواستوویەتییەوە، ئەنجامدانی هێرشێكی لەمجۆرە بە درۆنی بۆمبڕێژكراو دژی بنكەیەكی سەربازی بەریتانیا، لە ڕووی تەكنیكییەوە كارێكی یەكجار قورسە، چونكە تەكنەلۆجیای دژە درۆن و بەرگریی ئاسمانی لە بنكە سەربازییەكە بوونی هەیە.
زیاتر گوتی، جیا لەوەیش كاریگەریی ئەو هێرشه، ئەگەر شكستیشی بهێنایە لە پێكانی فڕۆكە جەنگییەكانی جۆری بی 1، لە كۆتایی جۆرێك لە شەرمەزار و ئاڵنگاری دەبوو بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، چونكە جارێكی تر بە پێكهاتەی زۆر هەرزان، دەیتوانی كاریگەری گەورە لەسەر دۆخی ململانێكان دروست بكات، ئەگەر هێرشەكە سەركەوتوو بووایە.
دوێنێ دووشەم جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا گوتی، فڕۆكەكان بۆ وریایی لە پاراستنی سەربازانمان گوێزرانەوە و نیگەرانین لەو هەڕەشانەی ئێران دروستی كردووە، سەرەڕای ئەوەی ئامادە نەبوو وردەكاریی زیاتر لەسەر پیلانی هێرشكردنەكە ئاشكرا بكات.
دی ڤانس بۆ ڕۆژنامەوانان لە بنكەی ئەندرۆز بەر لەوەی گەشت بۆ ویلایەتی ئالاسكا بكات گوتی، باوەڕێكی تەواومان هەیە ئێران هەوڵی داوە و ئەزموونی 49 ساڵی لە كردەی تیرۆریستی دژی ئەمەریكا هەیە، كردەیەكی لەمجۆرە ئەنجام دەدات، بۆیە پێویستە لەوپەڕی وریاییدا بین.
هاوكات دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا گوتی، كەسانێك كە پێوەندییان بە ئێرانەوەیە، هەڕەشەیان بۆ سەر فڕۆكەكانمان لەو بنكە سەربازییە دروست كردبوو، زانیاریی وردمان لابوو كە ئاماژەیان بە بوونی هەڕەشەی لەو جۆرە دەكرد، كەواتە بۆچی لەوێ بمێنینەوە؟.
لە بەرانبەر ئەو زانیارییانەدا، گوتەبێژێك بە ناوی حكوومەتی بەریتانیا گوتی، بنكە سەربازییەكانی بەریتانیا سەلامەت و پارێزراون، ڕەتی كردەوە قسە لەسەر بڕیاری ئەمەریكا بە كشانەوەی فڕۆكە جەنگییەكانی لە بنكەیەكی سەربازیی وڵاتەكەی بكات.
هاوكات وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا بەهەمانشێوە ڕەتی كردەوە قسە لەسەر پیلانگێڕییەكەی ئێران بكات، تەنیا دووپاتی لەوە كردەوە كە سەرجەم فڕۆكە جەنگییەكانی جۆری بی 1 لە بنكە سەربازییەكە كشێنراونەتەوە و بۆ ئەمەریكا گەڕێنراونەتەوە.
















Leave a Reply