پلانی ترەمپ بەرانبەر بە حووسییەكان چییە؟

بینەر: (1.6K)

لە ماوەی دوایی و لە چوارچێوەی ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران، حووسییەكانی یەمەن پێشڕەویان كرد و چەند ناوچەیەكی یەمەنیان كۆنترۆڵ كرد، ئەوان گەیشتنە گەرووی بابولمەندەب و هەڕەشەی راستەوخۆیان كردە سەر سعوودیە و ئێستەش رۆژانە ریازی پایەتەخت بۆردمان دەكەن، ئەمەریكا هاوپەیمانێكی ستراتیجیی سعوودیەیە، بەڵام پلانی ترەمپ بۆ حووسییەكان چییە؟

ئێستە ئەمەریكا لەبەردەم هەڵبژاردنێكی گرنگی كۆنگرێسە، بۆیە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە هەنگاوەكانی و مامەڵەكردنی لەگەڵ دۆسیەی ئێران و میلیشیاكانی زۆر وریایە و نایەوێ كارێك بكات بە نەرێنی كاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكە هەبێت و كۆمارییەكان ئەو زۆرینەی هەیانە لە دەستی بدەن، بۆیە شارەزایان پێیان وایە ئەمەریكا شتێكی وا ناكات دۆخی ناوچەكە بتەقێتەوە.

شارەزایان پێیان وایە هەڵسوكەوتی ئەمەریكا بەرانبەر بە حووسییەكان لە پاڵپشتیكردنی هەواڵگری و پێدانی زانیاری هەواڵگری بە ریاز و رەنگە بەشداریكردن لە هێرشی سنووردار دەرناچێت، چونكە ئەو نایەوێ ئاڵۆزییەكان بگەنە گەرووی بابولمەندەب و كێشەی زیاتر بۆ هاتوچۆی نەوت و گەیشتنی بۆ ئەمەریكا دروست بێت، بەتایبەتی لە سەروبەندی هەڵبژاردنەكان.

د. فەرهاد دزەیی توێژەر ئاماژە دەكات كە لە سایەی ئەو هاوكێشە نوێیەی لە نێوان واشنتن و میلیشیاكان لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی رابردوو هاتووەتە كایەوە، ئەمەریكا كاردانەوەیەكی بەهێزی سەربازی بەرانبەر بە حووسییەكان نابێت و رەنگە هێرش بكات، بەڵام كاریگەریی ئەتۆیان بۆ سەر ئەوان نابێت، چونكە ئەوەی لای ترەمپ گرنگە، بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە لایەن حووسییەكانەوە زیانیان بەر نەكەوێت.

بۆیە تەنانەت ئەگەر گەرووی بابولمەندەبیش دابخەن، ئەمەریكا هەڵوێستێكی بەهێزی دژی حووسییەكان نابێت، چونكە بەر لە چەند مانگێك بە لێكگەیشتن گەیشتوون، بۆیە وەڵامی ئەمەریكا بەو شێوەیە نییە كە چاوەڕوان دەكرێت و زیاتر لە بانگەشەیەكی سیاسی زیاتر نابێت.

لای خۆیەوە نوعمان ئەبو عیسا شارەزا لە سیاسەتەكانی ئەمەریكا ئاماژە دەكات كە راستە ترەمپ پەرەسەندنەكانی دوایی حووسییەكانی بە مەترسیدار وەسف كرد، بەڵام ئاماژەی بۆ وەڵامدانەوە راستەوخۆ نەكرد، چونكە ئێستە هەندێك بابەت هەن كە ئەو حیسابیان بۆ دەكات، بۆیە هەڵوێستی ئەمەریكا لە پاڵپشتیی هەواڵگری و زانیاری زیاتر نابێت، هەرچی هێرشی سەربازییە، لەئارادا نییە، واشنتن نایەوێ بەرەیەكی نوێی شەڕ لە گەرووی بابولمەندەب بكاتەوە، لەوكاتەی هەموو هەوڵێكی چارەسەركردنی دۆسیەی گەرووی هورمزە لەگەڵ ئێران، بۆیە زیادبوونی بەرەكانی شەڕ كاریگەریی گەورەی دەبێت و ترەمپ ئەوەی ناوێت، ئەو هەنگاوە و داخرانی گەرووی بابولمەندەب كاریگەری لەسەر هاتوچۆی دەریایی دەبێت و نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە و كار لە بازرگانی نێوان ئاسیا و ئەروپاش دەكات.

ئەو شارەزایە پێی وایە كردنەوەی بەرەیەكی تری شەڕ لە یەمەن و گەرووی بابولمەندەب خزمەت بە ئێران دەگەیەنێت، كە دەیەوێ بازنەی شەڕ فرەوانتر بكات و دوای گەرووی هورمز گەرووی بابولمەندەب تووشی تەنگژە بێت و میلیشیاكانی لە ناوچەكە لە عێراق و لبنان و یەمەن بێنە ناو شەڕێكی فرەوان و ئەو دۆخە بەردەوام بێت، بۆیە ترەمپ نایەوێ ئێران شەڕێكی كراوەی بەسەردا بسەپێنێت و مامەڵەی سەربازی لە ژێر دەستی خۆی بمێنێتەوە، ئەوەش لە كردنەوەی بەرەی شەڕ لەگەڵ حووسییەكان ناگونجێت.

هەر لەو بارەوە ئەحمەد عەلی پسپۆڕ لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان گوتی، ترەمپ لە هەر جموجۆڵێك لە دژی حووسییەكان حسێبی گەڕانەوە بۆ شەڕی ئێران دەكات، جا پێش هەڵبژاردنی نیوەیی كۆنگرێس یان دوای ئەوە، ئەو نایەوێ توانا سەربازییەكانی لەگەڵ حووسییەكان بەكار بێنێت، كە ئێران پلانی بۆ ئەوە داناوە، ناكۆكی لە ناو ئیدارەی ئەمەریكا و فەرماندەی سەربازییەكان لەبارەی وەشاندنی گورزێكی گەورە لە ئێران و بەردەوامبوونی دانوستانەكان و كردنەوەی بەرەیەكی تری شەڕ هەیە، كە بارگرانی لەسەر واشنتن زیاتر دەكات.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *