سەرژمێری وەك بەڵگەیەكی گەورە.. كورد چۆن خۆی لە تەڵەكانی بودجە رزگار دەكات؟

بینەر: (664)

یەكێك لەو پرسە گرنگانەی كە ئێستە لە بەردەم هەرێمی كوردستان و عێراق هەیە، پرسی بودجەی ساڵی 2027ی عێراقە، كە بە گوێرەی سەرژمێری و ئەو راپۆرتانەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق پێشتر بڵاوی كردووەتەوە، دەبێت پشكی كوردستان لە بودجەی 2027 لە 14.14% بێت نەك ئەوەی پێشوو كە 12% بۆ كوردستان دیاری كرابوو، ئەوەیش بە تەواوی نەنێردرا.

14.14%

پرسی بودجەی عێراق یەكێكە لە پرسە گرنگەكان، كوردستان بە هەموو پێوەرەكان دەبێت 14.14%ی بودجەی عێراقی بۆ بنێردرێت، ئێستە شاندی دانووستانكاری هەرێمی كوردستان سەرقاڵی جێگیركردنی ئەو بڕن و داوایشیان لە تەواوی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كردووە كە پشتیوانیان بن لە پەرلەمان تا ڕێژەكە بە خواستی كورد تێپەڕ ببێت.

لە دوایین لێدوانی كە ئێوارەی ئەمڕۆ بۆ دەزگاكانی راگەیاندن قسەی كرد، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان رای گەیاند، بەكۆی دەنگی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان كۆكین لەسەر ئەوەی دەبێت بەغدا 14.14%ی پشكی بودجەی كوردستان رەوانە بكات.

دووپاتی لەوە كردەوە كە ئەگەر پشكەكە بەو جۆرە نەبێت ئەوە رەتی دەكەنەوە، چونكە بەگوێرەی سەرژمێری پێشوو كە عێراق خۆی كردوویەتی ئەوە مافی خەڵكی كوردستانە.

ئەگەرچی هێشتا هیچ لێدوانێك لەبارەی تەرخانكردنی بودجەی كوردستان نییە، بەڵام بەگوێرەی ئەو هەوڵ و لێكتێگەیشتنانە بێت كە باسی دەكرێت، پێدەچێ‌ بەروارد بە حكوومەتەكانی پێشووی عێراق لێكتێگەیشتن بۆ ئەو پرسە زیاتر بێت.

دانەر عەبدولغەفار ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ “وشە” گوتی، پێویستمان لە كۆدەنگی فراكسیۆنەكان هەیە بۆ ئەوەی داخوازییەكانی كورد لە بودجەدا بە تەواوی جێگیر بكرێن.

دووپاتی لەوە كردەوە كە كۆدەنگی لەسەر ئەو پرسە یەكێكە لە هەنگاوە گرنگەكان و پێویستە بكرێت، بۆ ئەو مەبەستەیش شاندی دانووستان سەردانی لایەنەكان دەكات.

خەرجیی كرداری

یەكێك لەو ئاڵنگارییانەی كە لە بودجەی پێشووی عێراق بۆ كوردستان دروست كرا، بابەتی خەرجی كرداری بوو، كە بەغدا وەك تەڵەیەك لەناو بودجەدا مووچەی فەرمانبەرانی خستە سەر ئەو بڕگەیە، ئەوەیش هۆكاری سەرەكی بوو كە جیا لە دواكەوتنی مووچە هیچ بڕەپارەیەكی تر بۆ وەبەرهێنان و پڕۆژەكان بۆ كوردستان نەنێردران.

خەرجی كرداری، واتە ئەو پارەیەی حكوومەت بۆ بەڕێوەبردنی كاری ڕۆژانە خەرجی دەكات، بودجەی سێ ساڵەی عێراق ئەوە وەك تەڵەیەك بۆ كورد دانرایەوە كاتێك مووچەی فەرمانبەران خرایە سەر ئەو خەرجییە، چونكە ئەو خەرجییە دەكرێ‌ لەناوەڕاستی ساڵەكەدا تەواو بكرێت و مووچەیش نەنێردرێ‌.

دانەر عەبدولغەفار دووپات لەوە دەكاتەوە كە پێویستە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی “خەرجیی كرداری” دەربهێنرێت و تێكەڵ بە ململانێی سیاسی نەكرێت، هاوكات پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی بەپێی دوایین سەرژمێری بگاتە 14%.

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی دووپاتی كردەوە كە شاندی دانووستانكاری هەرێم پاكێجێكی 29 ترلیۆن دیناری پێشكەش بە بەغدا كردووە، كە كۆی شایستە یاسایییەكانی ساڵی 2012ـەوە تا ئێستەیە، لەوانە پلەبەرزكردنەوە، شایستەی هێزەكانی پێشمەرگە، خانەنشینان و دامەزراندنی هەڵگرانی بڕوانامە باڵاكان.

سەرژمێری چی دەڵێ‌؟

یەكێك لەو بەڵگانەی كە ئێستە یەكلا بووەتەوە و بە تەواوی بە دەستی كوردەوەیە، سەرژمێری گشتیی عێراقە كە مافی هەرێمی كوردستانە بە گوێرەی ئەو سەرژمێرییە 14.14%ی بودجەی بۆ رەوانە بكرێت.

چونكە یەكێك لە ئەنجامەكانی سەرژمێری گشتی لە عێراق ئەوە بوو بكرێتە بنەمای بەرنامە و پلاندانانی حكوومەت لە بوارەكانی گەشەپێدانی ئابووری، كۆمەڵایەتی، چارەسەركردنی كێشەكانی هەژاری، بێكاری، خەرجكردنی داهاتی گشتی بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەكانی بواری تەندروستی، خوێندن، ئاو، كارەبا، رێگاوبان، و هتد.. بریتییە لە ژمارەی دانیشتووان و پێكهاتەی دیمۆگرافییان لەڕوی رەگەز، تەمەن، ئاستی خوێندن و شوێنی نیشتەجێبوونیان.

دارەوان نەبیل شارەزایی یاسایی، بۆ “وشە” دەڵێ‌، پشتبەست بە بڕگەی سێیەم لە مادەی 121ی دەستوور دەبێت لە داهاتە فیدراڵییەكان پشكێكی دادپەروەرانە تەرخان بكرێت بۆ هەرێم و پارێزگاكان، بە لەبەرچاوگرتنی دەرامەت و پێداویستی و ڕێژەی دانیشتوانیان كە بەشی جێبەجێكردنی ئەرك و بەرپرسیارێتیەكانیان بكات.

رونیشی كردەوە كە نادادپەروەری بودجە و دابەشكارییەكانی بووەتە مایەی قوڵبوونەوەی كێشەكان و فراوانبوونی جیاوازییەكان لە رابردوودا، بۆیە ئێستە سەرژمێری پێوەری چاككردنەوەی ئەو نادادپەروەرییە، جیا لەوەی هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی فیدڕاڵی دانپێدانراو لە مادەی 117ی دەستوور، بەپێی چەندان مادەی دەستووری مافی هەیە لە داهات و سامانەكانی عێراق.

ئەوەی جێی بیرهێنانەوەیە لە یاسای بودجەی سێ ساڵە وێڕای ئەوەی وەزارەتی پلاندانان رێژەی دانیشتووانی هەرێمی بە 14٪ خەمڵاندبوو، بەڵام پشكی هەرێم هەر بە 12.67% دیاریكرایەوە، جگە لەوەش پشكی هەرێم لە بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەكان بە 11٪ دیاریكرا بە بیانووی ئەوەی رێژەی هەژاری لە هەرێم كەمترە بەراورد بە پارێزگاكانی تری عێراق، بەڵام هیچ بڕێكی پارە لە عێراقەوە بۆ كوردستان نەهات.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *