لە کوڕەکەی کەرکووکەوە تا کوڕەکەی خانقین

بینەر: (4)

ڕۆحی بەرگریی کورد لە هەموو چرکەساتەکانی ستەم و نادادیدا، لەسەر پێ و ئامادە بووە، ئەگەر بدەینەوە بۆ چەند ساڵ پێش ئێستە بدەینەوە، پاش ڕووداوەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر و گەڕانەوەی حەشدی شەعبی بۆ کەرکووک و دزی و تاڵانی و فەرهودی هەموو موڵک و ماڵی کورد، 10 ڕۆژ دواتر، گەنجێکی کورد پڕی دایە زرێپۆشێکی سوپای عێراق و ئاڵاكەی لێ كردەوە و ئاڵای کوردستانی ڕاوەشاند. ئەگەرچی زۆر هەڕەشە و ڕاوەدوونانی هاتە سەر، بەڵام بوو بە سیمبولی بەرۆخۆدانی نوێی کورد لە کەرکووک و دیسانەوە یادی هێناینەوە کە کورد ڕەنگە ئەسیر بکرێت، بەڵام خۆ بەدەستەوە نادا، ڕەنگە گەمارۆ بدرێت، بەڵام مل نادات و ناچەمێتەوە.

لە ڕۆژانی ڕابروودا کاتێک ڕۆژەڤی زمانی کوردی لە هەموو کوردستان و ناوچە دابڕێنراوەکان گەرموگوڕ بوو، کوڕە ئاسنگەرێکی كورد بە ناوی “ڕێبین” وەک کاوەی باپیری دیرۆکی، تابلۆی دووکانەکەی کرد بە کوردی و پاشان لەلایەن هێزە چەكدارەكانی دیالەوە گیرا. بێگومان ڕووداوەكە ئاسایی نییە، چونکە بەپێی ڕوانگەی عێراقچیانەیش و دەستووریش پێوەر بێ، ئەوا نەک تەنیا زمانی کوردی، بەڵکوو ئاڵا و نیشانە و نەتەوەی کورد بە فەرمیی لە عێراقی فیدراڵەوە ددانی پێدا نراوە. ئەمە بەو مانایەیە کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ناتوانێت لاریی لەوە هەبێت و لایەكی کەم ناتوانێت بە ئاسانی ئەو فەرمیبوونە نەدیو بگرێت.

بابەتی زیاتر نائاساییبوونی ڕووداوەکە ئەوکاتە دەست پێ دەکا کە پاش كاردانەوەی هەمەلایەنە دژی ئیدارە و لایەنی تەناهیی خانەقین و دیالە، ڕێبین بە دەستەبەری/کەفالەت یان هەر جۆرێک بێ، ئازاد کرا و دەستی بە گێڕانەوەی واقیعییەتی ئەوەی ڕووی دابوو لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا کرد.

ڕێبین باس لە جۆرێک هەڵسوکەوت و ئەشکەنجە و سووکایەتی دەکات کە تەنیا و تەنیا ئێمە دەتوانین لە مەرگەساتەکانی نوگرەسەلمان و زیندانەکانی بەعسی دڕندەدا وێنای بکەین. دانەپاڵی تۆمەتی هەڵبەستراو و لێدان بۆ ددانپێدانان و سووکایەتی بە کوردبوون، لە لایەک. لە لایەکی ترەوە کاتێک شارەوانیی خانەقین و بەرپرسانی شارەكە قسە دەکەن، وەک بڵێی بابەتەکە بچووکە و ئەوانیش لە مێدیاوە بیستوویانە و دواجار ئەم شەکرەیان شکاندووە کە تۆمەتی ئەم جۆرە کەسانە گێرەشێوێنی و هاندانی ڕای گشتییە دژی حکوومەت.

لە کوێی یاسای تەنانەت وڵاتانی ئەڵمان و ئیتاڵیا نازی و فاشیدا، گۆڕینی تابلۆ وەها لێک دراوەتەوە؟ بێگومان ئەم ڕووداوانە بەشی زۆری خەتاکەی لەسەرشانی کورد خۆیەتی، لە ئەستۆی دڵپاكی و ڕەحمنیی خۆمانە كە لەگەڵ کۆمەڵێک خێڵی بەدەوی و شارنشینی بیابانپەرست هەڵدەكەین کە تەنیا بەهۆی نەوت و هەڵکەوتەی جیۆپۆڵەتیک و جیۆگرافیی و بەکارهێنانی ئیسلامەوە، بوون بە خاوەنی ئەم هەموو دەوڵەتە، کەچی شتێک لە مرۆڤبوون و بەزەیی لە گیانی ڕەش و گڵاویاندا بەدی ناکرێت. ئەو ناوچانە دانەبڕێندراون و کێشە لەسەریش نین، بەڵکوو بە زەبری هێز و بەناوی یاساوە داگیر کراون.

لە هەرکوێ ڕووخساری یاسا بەرەو ناشیرینی ڕۆیشت و هانی میلیشا درا جووتیار، گەنج، کاسبکار و هاووڵاتیی کورد دەچەوسێننەوە و چاوترسێنی دەکەن. ئاخر چۆنچۆنی دەبێت ئەو ناوچانە بە هەموو بەڵگەیەکی مێژوویی موڵکی کورد بن، کەچی بۆ بەرگریی لە زمانی دایکت بتگرن و تۆمەتی ئاژاوەچی بدەنە پاڵت؟ تاکی کورد پەنا بۆ کام هێز و لایەن دەبات کە بە هانایەوە بێت و لەم ستەم و نادادییە بیپارێزێت؟

بە دڵنیاییەوە ئەگەر کورد واتە هێزە کوردستانییەکان، خۆیان کۆ نەکەنەوە و مژاری بە ئەمنیکردنی زمان لە خانەقین و ئەو ناوچانە، بەرەو سلێمانی و هەولێریش پەل دەهاوێ! ئێمە دەبێت بیر لە ڕێگەچاریەکی کردەیی بکەینەوە و ئەم مەترسییانە هەست پێ بکەین، زەقی بکەینەوە و بڵێین ئیتر بەسە. دەبێت لە گوتاری بەرخۆدان کە بە مانایەک هەمان گوتاری بەرگەگرتنی لێدان و ئیهانەکردنە، واز بهێنین و گوتارێکی پراگماتی و کرداریی چارەسەرکەر بنیات بنێین، گوتارێک ئامادە نەبێت بە سووسەیەک لە هەمبەر داگیرکاری و پێشێلبوونی بچووكترین ماف و داوا رەواکانی پاشەکشی بکات و مافەکانی خۆی لە سەرووی هەموو شتێکەوە ببینێت، بەڵام ئایا ئەمە بە تاکێکی ئاسنگەر یان ڕۆژنامنووس و یاخۆ دووکاندار دەکرێت؟ یان هێز و لایەنی کوردستانیی پەرۆش و بە هەیبەت و یەکگرتووی دەوێت تا ئەو جیۆگرافیایە لە کیس نەدەین و لەمە زیاتر سەرباری دیموگرافیی تێکدانی کولتووری و زمانیشی نەیەتە سەر؟.

لە لایەکی ترەوە، دابەشبوونی شەقامی کوردی لە چوارچێوەی پەیج و ئەکاونتی جۆراوجۆردا، ئیرادەی بەرزی کەسانی وەک ڕێبین دەکەن بە موزایەدەی سیاسی و ئەمەیش هۆکارێکی تری نەبینینی وێنە ڕاستەقینەکەیە، بەو شێوەیە تا دێت لەناو گوتارێکی بەرتەسکی بەرخۆدان بە زایەڵەیەکی بچووکی حزبی و گرووپدا دەمێنینەوە و بانگی نەتەوەبوونی کورد تا ڕۆژی حەشەریش ناگاتە گوێی جیهان!

با خۆ کۆ بکەینەوە و ڕابین بۆ ئاگاییەکی کوردستانی، یەکخستنێکی سەرانسەری و ئیرادەیەکی نوێ لە سەرووی بەرخۆدانی ڕووت و قووتەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *