دوای 191 ڕۆژ جەنگ.. ئێران بەرەو كوێ؟

بینەر: (4)

191 ڕۆژ بەسەر هێرشی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر ئێران لە 28ی شوبات/فێبرایەر تێپەڕ دەبێت، تاران ڕووبەڕووی گوشارێكی قورسی ئابووری و سەربازیی بووەتەوە، لە پەراوێزی پەرەسەندنی گرژییەكان لە گەرووی هورمز و دابەزینی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە بۆ كەمترین ئاست و هەرەسهێنانی هێزی كڕین لە بازاڕەكان، بۆ سەركەوتن بەسەر كاردانەوەكانی جەنگ و بەردەوامی گوشارەكان، هەنگاوەكانی ئێران بەرەو كوێ دەڕۆن؟

سەرەڕای ئەو ئاڵنگارییە گەورانەی بەرۆكی تارانیان گرتووە، بەڵام بەرەی ناوخۆیی لە ڕووی سیاسی و تەناهییەوە تا ئێستە جێگیرە و دامەزراوەكانی دەوڵەت لەیەك نەترازاون و تواناكانی بەرگەگرتن هێشتا ماوە.

ساڵح قەزوینی شرۆڤەكاری سیاسیی ئێران دەڵێ، وێنەی ناوخۆی ئێران جیاوازە لەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا پێشبینی بۆ دەكەن كە باس لە هەرەسی ئابووری و تێكچوونی دۆخی تەناهی و سیاسی دەكەن.

قەزوینی گوتی، سەرەڕای بوونی هەڵئاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی كاڵاكان و ناكۆكی لە نێوان بەشێك لە بەرپرسانی دەسەڵات، بەڵام ئەو ناكۆكییانە پاشەكشە دەكات، كاتێك بڕیار لە دامەزراوە باڵاكانەوە دەدرێت، بەتایبەت لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و ڕێبەرەوە.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، گرژییەكانی ئێستە پشت بە پەرەسەندنی سنووردار دەبەستێ و جەنگی سەرانسەری بوونی نییە، بڕیاری كۆتایی جەنگی سەرانسەریش پێوەستە بە بژارەكانی دەست سەرۆكی ئەمەریكاوە، ئێران لە بەرانبەردا سوورە لەسەر پاراستنی مافەكانی و هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی لەسەری، بەردەوامبوونیشی بیانوو دەدەنە دەست تاران بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە بە ئامانج بگرێت.

ئێران بە كردەیی ئێستە ڕووبەڕووی گوشارێكی ئابووری قورس دەبێتەوە، بەهۆی سزاكان و گەمارۆی دەریایی ئەمەریكا و هەناردەنەكردنی نەوتەوە، دراوی ئێرانی بە ڕێژەیەكی زۆر خێرا بەهای كەم دەكات و هەرەس دەهێنێت و نرخی كاڵاكانیش زۆر بە خێرایی بەرز دەبنەوە.

حكوومەت بڕیاری دا نرخی بەنزین بۆ جۆری سێیەم كە بەنزینی ئازادە و حكوومەت پشتیوانی ناكات، لە 100 هەزار تمەنەوە بۆ 110 هەزار تمەن بۆ هەر لیترێك بەرز بكاتەوە، لەگەڵ مانەوەی نرخی جۆری یەكەم كە بە تەواوی حكوومەت پشتیوانی لێ دەكات و جۆری دووەمیش كە بە نیوەیی پشتیوانی لێ دەكات.

هاوكات لە بازاڕی ئازاد نرخی تمەن بەرانبەر دۆلار بەردەوام ڕوو لە دابەزینە، ئەمەیش وایكردووە ئاستی هەڵئاوسان بگاتە ڕێژەیەكی مەترسیدار و توانای كڕینی خەڵكی ئێران زۆر كەم ببێتەوە.

مەهدی عەزیزی شارەزایەكی كاروباری ئێران دەڵێ، گوشارە ئابوورییەكان بەو مانایە نایەن كە ئێران نزیك بووەتەوە لە هەرەسهێنان و خۆ ڕادەستكردن، پێشهاتەكانی ئێستە لە چوارچێوەی بەردەوامی گوشارەكان لەسەر تاران، بۆ ئەوەیە تا ئێران بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستانەكان كە هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوە لە هەڵبژاردنی نوێكردنەوەی نیوەیی لە ئەمەریكا، ترەمپ پێویستی بەوەیە لە ململانێی لەگەڵ ئێران دەرئەنجامی خێرا دەستەبەر بكات، تا پێشكەشی دەنگدەرانی ئەمەریكای بكات و بە سەركەوتن هەژماری بكات.

زیاتر گوتی، ئەو بژارە سەربازی و ئابووری و سیاسییانەی تا ئێستە واشنتن دژی ئێران گرتوویەتییەبەر، سەركەوتوو نین لەوەی هانی ئێران بدەن كە خۆی ڕادەست بكات، لەبەرئەوە ئێستە ئەمەریكا گوشاری سەربازی و ئابووری بەیەكەوە كۆ كردووەتەوە و لە دژی ئێران بەكاری دەهێنێت.

عەزیزی بە دووری زانی كە ڕاپەڕینی جەماوەری لە ئەنجامی گوشارە ئابوورییەكان لە ئێران دروست ببێت، كۆمەڵگەی ئێران سروشتی ململانێی دەرەكی دەزانێ و تاران جێگرەوەی ئابووری و سیاسی هەیە، دەیەوێ پێوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە تەواوی بەرەوپێشەوە ببات و بە تەواویش بچێتە ناو ڕێكخراوی شەنگەهایەوە.

لەلایەكی ترەوە گەرووی هورمز بووەتە میحوەرێكی سەرەكی ڕووبەڕووبوونەوەكان كە نزیكەی پێنجیەكی نەوتی دنیای پێدا تێپەڕ دەبێت، بەگوێرەی داتاكانیش جووڵەی كەشتیوانی لە گەرووەكە گەیشتووەتە كەمترین ئاست و ڕۆژانە تەنیا 10 كەشتی بە هورمز تێپەڕ دەبن، ئەمەیش كەمترین ڕێژەیە لە ئایار/مایۆی ڕابردووەوە.

ئەشرەف عەكە پسپۆری پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان دەڵێ، ناوچەكە چووەتە ناو قۆناغی جەنگ پچڕپچڕ و مامناوەند، بە ئامانجی وشككردنی سەرچاوەی یەكتر و ناچاركردن بە سازشكردن، ئێستە ئێران لە ڕووی دەرەكی و ناوخۆییەوە تووشی گوشاری گەورە بووەتەوە، گوشاری دەرەكی بریتییە لە سزاكان و گەمارۆ، لە ناوخۆیش بەهۆی هەرەسی بەهای تمەن و كەمی كاڵا و نەتوانینی هەناردەكردنی نەوت و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان، خەڵكی بە تەواوی نیگەران و تووڕەن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *