فاگن چی بە بەرپرسانی بەغدا گوتووە؟

بینەر: (5)

لە دوای دەستبەكاربوونی وەك كاربەڕێكەری نوێی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق، ستیڤن فاگن زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا ساز كرد، ئەو لە سەرەتای گرتنەدەستی بەرپرسیارەتییەكەی چەند پەیامێكی سیاسی و تەناهی و ئابووری گەیاندە حكوومەت و بەرپرسانی سیاسی ئەو وڵاتە، لەوانە پێوەندیدار بە حكوومەتی زەیدی و داماڵینی چەك و كۆتاهاتنی ئەركی هاوپەیمانان و سزاكانی سەر ئێران و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و هیتریش.

بەپێی راپۆرتێك، فاگن لە كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، پەیامی لەبارەی چەند پرسێكی گرنگ لە عێراق و ناوچەكە گەیاندووتە ئەوان، بەتایبەتی لە دۆسیەكانی پاڵپشتیكردن لە حكوومەتی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران و دۆسیەی داماڵینی چەكی میلیشیاكان، كە ئێستە مشتومڕێكی زۆری لەناو ماڵی شیعە لەسەرە، هەروەها تەواوكردنی رێوشوێنەكانی كۆتاهاتنی ئەركی سەربازیی هاوپەیمان و ئەمەریكا لە عێراق و سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران و ئەوەی لەسەر عێراق پێویستە لەو بارەوە بیكات و وریای بێت، هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و تەواوكردنی كابینەی حكوومەت و پڕكردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەكان.

بەپێی سەرچاوەكان فاگن لە دیدارەكانی دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە واشنتن بە وردی چاودێریی مامەڵە دارایی و ئابوورییەكانی عێراق و ئێران دەكات و نایەوێ خاك و دامەزراوەكانی عێراق ببنە ئامرازێك بۆ خۆدزینەوەی ئێران لە سزاكانی ئەمەریكا، بۆیە دەبێت عێراق خۆی لە هەموو مامەڵەیەكی دارایی و ئابووری بەدوور بگرێت كە ئەمەریكا بە پاڵپشتیكردنی ئێرانی دادەنێت.

لە دیدارەكان دووپات كراوەتەوە كە تا ئێستە واشنتن بە ئەرێنی سەیری حكوومەتی زەیدی دەكات و پاڵپشتی لێ دەكات، بەڵام دەیەوێ هەنگاوی كردەنی لە چەند دۆسیەیەك بنێت كە پێویستن بۆ بەردەوامی هاوبەشی لەگەڵ ئەمەریكا، بەتایبەتی دۆسیەی داماڵینی چەكی میلیشیاكان، هاوكات لەگەڵ كۆتاهاتنی ئەركی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق و ئەو بابەتە تەنیا لێكگەیشتنی سیاسی لەگەڵ میلیشیاكان نەبێت و ئەمەریكا دەیەوێ ئاگەداری میكانیزمە یاساییەكانی ئەو هەڵمەتە بێت.

لە دۆسیەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، كە ئەمەریكا گرنگی زۆری پێ دەدات، بەپێی سەرچاوەكان واشنتن دەیەوێ رێوشوێنی رژدتر و فرەوانتر بۆ راوەدوونانی گەندەڵكارانی دارایی و ئیداری ببینێت، گرنگیدانی ئەمەریكاش تەنیا بە گرتنی بەرپرسانی بچووك و فەرمانبەرانی بچووك نییە، بەڵكو دەیەوێ رێوشوێنەكانی تۆڕەكانی گەندەڵی و تێوەگلاوان لە دۆسیە گەورەكانیش بگرێتەوە، لەوانە خاوەن دەسەڵات و دەسترۆیشتووە سیاسی و داراییەكان، بۆیە لەو دیدارانەدا فاگن پەیامی بە بەغدا گەیاندووە بە پێویستی رووبەڕووبوونەوەیەكی راستەقینەی گەندەڵی نەك تەنیا رێوشوێنی سنووردار و بە دیاریكراوی، چونكە گەندەڵی هۆكاری راستەوخۆی لاوازیی دامەزراوەكانی دەوڵەت و هەڕەشەیە بۆ سەر ئابووری و وەبەرهێنان و سەقامگیریی سیاسی.

سەبارەت بە تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی زەیدی، سەرچاوەكان دووپاتیان كردەوە كە فاگن باسی قۆناغی داهاتووی حكوومەتی عێراقی كردووە، دووپاتی كردووەتەوە كە واشنتن دەیەوێ دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراق لە دەسەڵات و دەسترۆیشتوویی میلیشیاكان دوور بن، هەر بەشدارییەكی سیاسییانە نابێت ببێتە چەترێك بۆ چالاكییە چەكدارییەكانیان لە دەرەوەی دامەزراوەكانی دەوڵەت، هەڵوێستی ئەمەریكا تەنیا بەو میلیشیایانەوە پێوەست نییە كە دانانی چەكەكانیان رادەگەیەنن، بەڵكو بە سروشتی پێوەندییەكان لە نێوان كاری سیاسی و كاری چەكدارییەوە، ئاخۆ دابڕانێكی راستەقینە لە نێوانیان دەبێت، واشنتن دەیەوێ پۆستە حكوومەتی و تەناهییە سەرەكییەكان بكەونە ژێر دەسەڵاتی دامەزراوەكانی دەوڵەت و بڕیارەكانی، نەك لە ژێر دەسەڵاتی لایەنی چەكدار یان لایەنی سیاسی خاوەن باڵی سەربازی بمێننەوە.

چوارشەمی رابردوو باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق بڵاوی كردەوە كە ستیڤن فاگن لە شوێنی جوشوا هاریس دەبێتە كاربەڕێكەری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق، رۆژنامەیەكی ئیسرائیلیش ئاماژەی كرد كە واشنتن خۆی بۆ سیناریۆی رەتكردنەوەی داماڵینی چەك لە لایەن میلیشیاكان لە عێراق ئامادە دەكات، بۆیە بڕیاری رەوانەكردنی فاگنی بۆ بەغدا داوە.

رۆژنامەی “جیۆرزالیم پۆست”ی ئیسرائیلی لە راپۆرتێكی تیشك دەخاتە سەر ئەو گۆڕانكارییەی ئەمەریكا لە باڵوێزخانەكەی لە غدا ئەنجامی داوە و پێی وایە كە ئەمەریكا بە رەتكردنەوەی دانانی چەك لە لایەن میلیشیاكان دەزانێت و خۆی بۆ ئەو سیناریۆیە ئامادە دەكات، بۆیە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بڕیاری رەوانەكردنی فاگنی بۆ بەغدا داوە، كە ئەو شارەزاییەكی زۆری لە مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسیەی عێراق لە ساڵانی رابردوو هەیە، جیا لەوە بۆ كورد زیاتر دڵنیاكەرەوەیە.

بەپێی زانیارییەكان فاگن خاوەن ئەزموونە لە یەكێك لە هەستیارترین دۆسیە بۆ سیاسەتی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەویش دۆسیەی ئێرانە، ئەو پۆستی بەڕێوەبەری نووسینگەی كاروباری ئێرانی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە 2015 تا 2018 هەبوو، بەر لە هاتنیشی بۆ بەغدا، كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا بووە لە هەولێر و دواتر جێگری سەرۆكی نێردەی ئەمەریكا لە بەغدا، بۆیە شارەزایەكی باشی لە هەردوو دۆسیەی ئێران و عێراق و ناوچەكە هەیە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *