گۆڤاری فۆرێن ئافێرز بابەتێكی لەبارەی هۆی نەتوانینی ئەمەریكا بە خنكاندنی ئێران و شكستی لە جەنگی ئابووری دژی تاران بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، سەرەڕای ئەوەی وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا، جەنگی ئابووری و پێوەندییە داراییەكانی ئێرانی لەگەڵ دنیا ڕاگەیاند، بەڵام دەرئەنجامەكان بە دڵی ئەمەریكا نین.
سكۆت بێسنت وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا لە مانگی ئاب/ئۆگەست دووپاتی كردەوە، هێرشی ئابووری دەكەینە سەر هەموو شادەمارێكی ژیانی ئابووری ئێران، بەڵام ڕژێمی ئێران تا ئێستەیش ماوەتەوە و خۆڕاگرە، سەرەڕای ئەوەی ئەمەریكا پێشتر سزای بە كۆمەڵ و زۆری سەپاندبووە سەر ئێران.
هاوكات ئەو هەڕەشەی وێرانكردنی ئابووری ئێران لە مانگی نیسان/ئەپریلیش لەلایەن ئەمەریكاوە كراوە و دواتریش ترەمپ هەڵمەتی زۆرترین گوشاری لە سەرەتای ئایار/مایۆ ڕاگەیاند، لە دوای كشانەوەی ترەمپیش لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران لە 2018، مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەو كاتی ئەمەریكا ڕای گەیاند، ئێران ڕووبەڕووی بەهێزترین سزا دەبێتەوە كە لە مێژوودا حاڵەتی هاوشێوەی بەخۆیەوە نەبینیوە، هاوكات باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا لە 2012 ئاشكرای كرد كە سزا ئابوورییەكان زۆر وێرانكەر دەبن بۆ سەر ئێران.
ئەمەریكییەكان چەند دەیەیەكە ئەمە دەڵێنەوە، بەڵام ئێران هەر ماوە و ئابوورییەكی سەرەڕای ئەوەی ناڵاندوویەتی و لاواز بووە و گرفتی زۆری بۆ دروست بووە، سەرەڕای ئەو هەموو سزا و كۆتوبەندە، بەڵام بە تەواوی هەرەسی نەهێناوە.
لە سەردەمی ویلایەتی یەكەمی سەرۆكایەتیی ترەمپ، ئێران كەمێك گەشەی ئابووری بەخۆیەوە بینی، بەڵام ڕێژەی هەڵئاوسان هەر بەرز بوو، لە ئەنجامی ئەوە كۆمپانیاكانی ئێران وەبەرهێنان لە ژێرخان كەم كردەوە و لەبری ئەوە دەستیان بە گرتنەبەری تەكنیكی نوێ كرد، بە بەراورد بە ئابووری دواكەوتووی وڵاتانی تر، هەروەها ماڵباتە ئێرانییەكان كە بە جۆرێك لە جۆرەكان لە ئاستێكی باشی بژێوی بوون، هەڕەشەی دابەزینی داهات و چوونە ژێر هێڵی هەژارییان كەوتەسەر.
لەگەڵ ئەوانەیشدا ئێران سەركەوتوو بوو و لە دەیەی ڕابردوو توانی خۆڕاگرانە بەرانبەر بە سیاسەتی تووڕەیی ئابووری ئەمەریكا بوەستێتەوە، تەنانەت ئەو گەمارۆ دەریاییەی بەمدواییەیش كە ئەمەریكا سەپاندییە سەر ئێران، تاران میكانیزمی جۆراوجۆری بۆ خۆزدینەوە و بەردەوامیدان بە هەناردەكردنی نەوتەكەی داوە، بەهای دراوی ئێرانی بەردەوامە لە دابەزین، ئەمەیش وایكردووە نرخی بەروبوومی ئێرانی لە بازاڕی وڵاتانی ناوچەكە بە كەمترین نرخ بێتە كڕین و خواستی زۆری لەسەر بێت، ئەمەیش وایكردووە هەناردەكردنی بەروبوومی زیاتر بێت، بەمشێوەیەیش هەڕەشەی هەرەسی ئابووری لەسەر نەمێنێت، لە كاتێكدا وڵاتانی تری وەك سووریا و ڤەنزوێلا بەهۆی سزا و گەمارۆكانەوە هەرزوو كەوتن.
ئێستە كە ئێران لە جەنگی خۆڕاگری ئابووریدایە و سزاكان بە تەنیا نەیانتوانی ئابوورییەكەی بخەن، لەگەڵ ئەوەدا بۆردمانی بەردەوامی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ژمارەیەكی زۆری دامەزراوەی پیشەسازی و بە ئامانجگرتنی كارگەكانی پۆڵا و پترۆكیمیایی لە ئێران، هەموو ئەوانە توانای بەرهەمهێنانی كاڵایان لە ئێران كەم كردووەتەوە.
زیانی زۆری ئەو بۆردمانانە وایكردووە بەشێكی گەورە و سەرەكی بەرهەمی پیشەسازی ئێران بوەستێت، جیا لەوە وەستانی جووڵەی كەشتیوانی لە گەرووی هورمز و گەمارۆی دەریایی ئەمەریكا وایكردووە هەناردەی ئێران لە ڕێی دەریاوە نزیك ببێتەوە لە سفر، بۆیە هاوردە و هەناردەكردنی كاڵای بەكاربردن و پیشەسازی زۆر كەمی كردووە.
ئەمانە دۆخی ئابووری ئێرانیان هێندەی تر هەراسان كردووە، بەڵام تا ئێستەیش سەركردایەتیی ئێران لە توانایدایە بەرگەی سزا قورسەكان بگرێت، چونكە تا ئێستەیش كۆگەی كاڵا و كەلوپەلە جۆراوجۆرەكان پڕن و بەهۆی چەندان ساڵ ئەزموونیش لەگەڵ سزاكان و دۆزینەوەی كەلێن و میكانیزمی جیاجیا بۆ بەرگەگرتن، وایكردووە لەسەر پێی خۆی بمێنێتەوە، بەڵام سەرەڕای مانەوەی ڕژێمی سیاسی لەسەر دەسەڵات و خراپیی دۆخی ئابووری، بارە قورسەكەی كەوتووەتە سەر شانی خەڵك و هێزی كڕین بە تەواوی كەم بووەتەوە و نرخی كاڵاكان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدان.
بەرپرسانی ئێران ددان بە قورسیی دۆخی ئابووری وڵات دەنێن، لە 21 ئاب/ئۆگەست محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران گوتی، هەرچەندە هێزی سەربازیمان بەهێز بێت، ئیمە ناتوانین بەرگە بگرین، ئەگەر گەلی ئێران بە دەست برسیەتی و هەژاری و نەبوونی گەشەی ئابووری و بەرهەمی ناوخۆیی بناڵێنێت.
هەفتەی ڕابردوو مەسعوود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران، نیگەرانیی خۆی لە بەردەوامی نكۆڵیكردنی بەشێك لە سەركردە سیاسیەكان لە ڕاستییەكان دەربڕی كە دووپات لەوە دەكەنەوە، سزاكان زیان بە وڵات ناگەیەنن، بەشێك لە سزاكان زیانیان نییە، بەڵام ڕاستییەكەی نازانم چی بەو سەركردانە بڵێم.
لێدوانەكانی قالیباف و پزیشكیان نیگەرانییەكی ڕاستەقینە لەبارەی ئابووری ئێران دەردەخەن، هەستكردنی قالیباف و پزیشكیان بە نیگەرانی، پێشهاتێكی ڕوونە، چونكە تێكچوونی دۆخی خەڵك و ڕای شەقام، پێوەندی و لكانی نێوان خۆشگوزەرانی ئابووری گشتی و شەرعییەتی سیاسی بەیەكەوەیە و ناكرێ لە یەكتر جیا بكرێنەوە.
سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانی لەلایەن ئەو بەرپرسە باڵایانەی ئێران، بەڵام بە هیچ شێوەیەك باسی ئەوەیان نەكردووە كە ئابووری وڵاتەكە لە سەروبەندی هەرەسهێنانی تەواوەتییە. بەگوێرەی خەمڵاندنی ئەمەریكییەكان بۆ ئابووری ئێران و سزا و گەمارۆكان، ئەو لێدوان و زانیارییانەی لەلایەن سەركردەكانی ئێران بڵاو دەكرێنەوە و دەنگ بەرز دەكەنەوە، ترسیان لە هەرەسی ئابووری وڵات نییە، بەڵكو لەسەر ئەوە كۆكن و پلانی ئەوەیان هەیە بە گوێی خەڵكی وڵاتەكە بچرپێنن، كە خۆیان بۆ قۆناغێكی سەختتری بەرگەگرتن ئامادە بكەن.
هەڵسەنگاندنەكانی ئەمەریكا بۆ ئابووری ئێران، دینامیكییەتی ئەركەكەی پەراوێز خستووە، لێكەوت و كاریگەری سزاكان لە ڕێی ئاماژەكانی ئابووری گشتی هەڵناسەنگێنرێت، كە لە ناویدا ڕێژەی گشتی گەشە و هەڵئاوسان و دابەزینی نرخی دراوی ئێرانیش بوونی هەیە، بەڵام ئەو پێوەرانە لە ڕیزبەندی یەكەم ڕەنگدانەوەی كاریگەریی نرخەكانە، واتە نرخی كاڵا و خزمەتگوزارییەكان، بۆیە ڕوانینی ئابووری جیاوازە لە ڕوانینی كاركردن، بۆ دەستەبەركردنی ڕوانینی كاركردن و كارمەندان، پێویستە چاو بە دینامیكییەتی ئاستی كۆمپانیاكان و داهاتی ماڵباتەكان بخشێنرێت، ئەمەیان بە تەواوی هۆی خۆبەدەستەوەنەدانی ئێران و بەرگەگرتنی زۆرتر و بەردەوامی ئێران بەرانبەر بە سزا و گەمارۆ قورسەكان دەدات.
كۆسپی سەرەكی كە دروستكەرانی بڕیاری سیاسی لە وڵات ڕووبەڕووی دەبنەوە، كاتێك وڵاتێك دەكەوێتە ژێر سزای قورس و فراوان بریتییە لە چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ خاڵی لاواز لە تەرازووی پارەدانەكان، لەوانە تەواوبوونی بڕی دراوی بیانی پێویست بۆ پارەدانی تێچووی هاوردەكردن، لێرەوە بەشێوەیەكی گشتی دوو ڕەوتی جیاوازی مامەڵەكردن دەردەكەون، ئەویش سیاسەتی كاشی فرەوان بۆ پاراستنی وەبەرهێنان و سوودوەرگرتن لە سوو و رسووماتی بازرگانی لە ڕێی تێكەڵەیەك لە زیادكردنی هاوردەكردن و بەرزكردنەوەی تێكرای بەرهەمی ناوخۆیی، یان ڕەوتی دووەم وەك جێگرەوەیەك بۆ ئەمیان دەتوانرێ پەنا بۆ دەستپێوەگرتنی پارەدانی كاش بگیرێتەبەر، سیاسەتی دەستپێوەگرتن لە ئاستی هاوردەكردنی كاڵا بگیرێتەبەر و دووبارە سوو و رسووماتی بازرگانی لەگەڵ پاراستنی ئاستی كەمی هاوردەكردن بسەپێنرێتەوە.
كاتێك ڕووسیا رووبەڕووی سزای گەورە بووەوە لە پەراوێزی جەنگی ئۆكراینا، ڕەوتی یەكەمی پێڕەو كرد و ئابووری جەنگی ڕاگەیاند، زۆرترین خەرجی لە بەرهەمهێنانی كاڵای سەربازی چڕ كردەوە، هەروەها بازاڕی كاری بەشێوەیەكی گەورە چالاك كرد، بەو شێوەیەیش ڕووسیا هەنگاوی نا بۆ بەدیهێنانی ئامانجە جەنگییەكانی سەرەڕای گوشار و سزاكانی ئەمەریكا و ئەوروپا.
ئێستە ئێران دووەم ڕەوتی مامەڵەكردنیان لەگەڵ سزاكان گرتووەتەبەر، كاتێك سزای دارایی و سزای گەورە خرانە سەر كەرتی وزە لە سەردەمی ئۆباما، ئێران ڕووبەڕووی هەرەس لە 2012 بووەوە، ئەوكات ڕێبەری ئەوكاتی ئێران عەلی خامنەیی سیاسەتی “ئابووری موقاوەمە”ی ڕاگەیاند، بە سەرنج خستنەسەر توانای ناوخۆیی بۆ وەستانەوە بە ڕووی سزاكان، بەڵام دەسەڵاتی ئێران نەیتوانی سیاسەتی پیشەسازیی نوێ و سیستمی نوێی چاودێری كۆمەڵایەتی بەرهەم بهێنێت، بگرە ڕازی بوون بە هەڵئاوسانی زیاتر، بۆیە لە تەواوكردنی ڕەوتی دووەم شكستیان هێنا و تەنیا بارگرانییەكەیان لەسەر شانی حكوومەت لابرد و خستیانە سەر شانی خەڵك و كۆمپانیاكان.
ئەمە هەنگاوی یەكەمی شكستی سیاسەتی شوێنكەوتن بوو، بەڵام ئێستە ڕژێمی ئێران ڕازییە لە كەمبوونەوەی چالاكی ئابووری، چونكە ئەمە توانای خۆڕاگریی زیاتر دەكات بۆ وەستانەوە بە رووی سزاكانی ئەمەریكا.
داتاكانی ئابووری ئێران شوێنەواری گوشارەكانی ئەمەریكا لەسەر چالاكی ئابووری لەسەر ئاستی كۆمپانیا و ماڵباتەكان دەردەخەن، ئاماژە و توانای كڕین لە 2019 تا 2023 ڕووی لە پاشەكشە كرد، ئەمە هۆكارەكەی تەنیا سزاكان نەبوو، بگرە پەتای كۆرۆنا و خۆپێشاندانەكان بەهۆی كوشتنی ژینا ئەمینی، هەموویان كاریگەرییان لەسەر دابەزینی ئاستی گەشەی ئابووری ئێران هەبوو.
لە تەك ئەمانەدا پیشەسازیی نانەوتی ئێران گەشەیەكی ئاسایی لە تەواوی ئەو ماوەیە بەخۆوە بینی، لە 2023ەوە ئێران لە حاڵەتی داتەپین و پاشەكشەی ئابووری تێپەڕی، گەشەی ئابووری ئێران بەرز بووەوە و كەرتی پیشەسازی لە تەكەوە پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینی، بۆیە ئاستی بژێوی خەڵك لە ژیان بەرزبووەوە، بە جۆرێك لە داهاتی خەڵك بە ڕێژەی 15% گەشەی كرد.
ئەو چاكبوونەوەیە تووشی گرفت بووەوە، بەهۆی بۆردمانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە نیسان/ئەپریلی 2024، بۆیە لەو كاتەوە بێمتمانەیی ئابووری دروست بوو و ئابووری وڵات پێوەست بوو بە ململانێی سەربازییەوە و چالاكی پیشەسازی بە تەواوی ڕووی لە پاشەكشە كرد، ئەمەیش ئێرانی بەرەو دۆخێكی قورس و قووڵتر ئاراستە كرد، بەڵام كۆمپانیاكانی ئێران بەردەوامن لە گەشەكردن و بەرهەمهێنان لە دوو دەیەی ڕابردوو كۆگەی گەورە و توانای بەرهەمهێنانیان زۆر زیادی كردووە.
چالاكی و كاری بەردەوامی كۆمپانیاكان، وایكردووە شوێنەوارەكانی سزاكان كەمتر ببنەوە، هەروەها یارمەتی بودجەی گشتی و بازاڕ و داهاتی خەڵك دەدات كە بەرگەی دۆخەكە بگرن، بەگوێرەی داتاكانی بۆرسەی تاران، كەلوپەلی كۆگەكراوی بەرهەمی ناوخۆ بەشی سێ مانگ بە بەردەوامی بوونی هەیە، لە كەرتە هەستیارەكانیش بەتایبەت كەرتی ئامێری كارەبایی كە سزای قورسی ئەمەریكای بەسەرەوەیە، دەتوانێ 200 ڕۆژ پشت بە ئامێری كۆگەكراوی خۆی ببەستێت.
















Leave a Reply