دۆسییەی لاهوور تاڵەبانی و گیراوانی تری لالەزار هێشتا یەكلا نەكراوەتەوە، ساڵێك زیاتر بەسەر رووداوەكاندا تێپەڕ بووە، زۆربەی رۆژانی پێنجشەم دادگای سلێمانی بۆ ئەو مەبەستە كۆ دەبێتەوە، بەڵام هیچ ئەنجامێكی لێ دەرنەكەوتووە.
دوایین پێنجشەمی رابردوو، ئاراستەی دادبینی بەهۆی گۆڕینی قسەی چەند گیراوێكی لالەزار گۆڕا، ئەوان كە پێشتر وەك تۆمەت گوتەكانیان دەبینی ئەمجارە بە تەواوی ددانپێدانیان كرد، بە جۆرێك دیزاینەر بوو بە درۆن هەڵدەر و قەناس بە دەستیش تووشی نەخۆشی دەروونی بوو.
“وشە” لە بەدواداچوونی ئەو دۆسییەیە وەك هەمیشە بەردەوامە، ئەمڕۆ شەموو 12ی ئەیلوول، چەند زانیارییەكی نهێنی گەیشتن، بەڵام بەهۆی دروست نەكردنی كاریگەری لە كاری دادگا بەشێكی كە پێوەندی بە یەكێتی و كوڕانی تاڵەبانییەوە هەیە بڵاو دەكەینەوەوە.
بەپێی بە دواداچوونەكانی “وشە” دۆسیەكە نەك لای بەرەی گەل و لایەنگرانی لاهوور تاڵەبانی، بەڵكو لای یەكێتی و هەریەكە لە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی كەوتووەتە چوارچێوەیەكی چەقبەستوو، ئێستە كوڕانی تاڵەبانی پەرۆشترن لە گیراوان بۆ ئەوەی ئەو دۆسیەیە بە لایەكدا بخەن.
چەند سەرچاوەیەكی باوەڕپێكرا و ئاگەدار دەڵێن، هەریەكە لە بافل تاڵەبانی و قوباد تالەبانی بۆ ئەوەی بتوانن لەو چەقبەستووییە یاساییەی دادگاییكردنی لاهوور جەنگی و هاوڕێكانی دەربچن، لە ماوەی رابردوو كار گەیشتووەتە ئەوەی هەموو هەوڵ و توانایەكیان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی لە رێی كۆمەڵایەتی بڕوا بە چەند كەسێكی بەندكراو لەگەڵ لاهوور جەنگی بكەن بۆ ئەوەی لەبەردەم راگەیاندنەكان و دادگا ئەو تومەتانەی خستوویانەتە پاڵ لاهوور و هاورێكانی، دانپێدانانی لەسەر بكەن و لە بەرانبەر ئەو كارەدا بەڵێنیان پێداون كە ئازادیان بكەن.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، لە رێی دلێری سەید مەجید توانراوە بڕوا بە حامیدی حاجی غالی بێنن، تا ئەویش قسە لەگەڵ رێبواری كوڕیدا بكات، بەڵام رێبوار حامد حاجی غالی ئەوەی رەت كردووەتەوە و رازی نەبووە لە بەرانبەر ئازادكردنی خیانەت لە هاورێكانی بكات.
دەگوترێ، وەهاب هەڵەبجەیی لەگەڵ ماڵباتی رێبوار قەناس ئەو كەسەی گوایە قەناس بووە، هەوڵی داوە و تا رادەیەك توانیویەتی بڕوایان پێ بكات، بەو مەرجەی كە كوڕەكەیان دواتر ئازاد دەكات، بەڵام ئەگەر هەردوو رێبوارەكە دانپێدانان بكەن، كاریگەری زیاتر دەبێت.
لەسەر ئەو پرسە “وشە” پێوەندی بە تیمی پارێزەرانی لاهوور تاڵەبانی یان لاهوور شێخ جەنگی كرد / بەهەردوو جۆر لای خەڵك ناسراوە/، لە وەڵامدا گوتیان، ئەوان ئاگەداری وردەكارییەكی لەو جۆرە نین، بەڵام لە دانیشتنی رابردووی دادگادا هەستیان بە حاڵەتێكی لەو شێوەیە كردووە، بەتایبەت كاتێك رێبوار قەناس گوتەكانی گۆڕیوە.
ئاماژەیان بۆ ئەوەیش كرد كە دوایین پەیامی لاهوور ئەوەیە كە نایەوێ سوڵحی بۆ بكرێت، بەڵكو دەیەوێ لە ڕێی یاساوە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەكەیدا بكرێ.
رۆژی 22ی ئابی ساڵی ڕابردوو، چەكدارانی یەكێتی هێرشیانكردە سەر لالەزار و دوای شەڕێكی دوو سەعاتی و كوشتن و سووتاندنی چەندان كەس توانیان لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و زیاتر لە 200 كەسی ئەو شوێنە بگرن.
بەڵام ئێستە ئەوەی لە گرتووخانەكانی كانی گۆمە ماوەتەوە جگە لە لاهوور و براكەی 12 كەسی ترن، كە پێشتر بە ڤیدیۆ لە میدیاكانی یەكێتییەوە ددانپێدانانیان لەسەر بڵاو كراوەتەوە كە گوایە ویستوویانە و پیلانیان بۆ دانراوە، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و ئامۆزای لاهوور شێخ جەنگی تیرۆر بكەن.
















Leave a Reply