هەژموونی توركیا لە ئەفریقا تەنیا درێژبوونەوەیەكی ئابووری و زیندووكردنەوەی فەرهەنگی عوسمانییەكان نییە، بەڵكو گۆڕانێكە كە لە دوو دەیەی ڕابردوو دروست بووە، تۆڕێكی فراوان لە نێوان بازرگانی و ژێرخان و هاریكاری سەربازی و دیپلۆماسی و شوناسی ئیسلامی دروست كراوە، ئەمەیش ئامرازی هەژموونی زۆری داوەتە دەست ئەنكەرە كە سنوورەكانی هێزی ئابووری و سەربازی كلاسیكی تێپەڕێنێت.
ئەمیر نوی نووسەر لە بابەتێكی لە ڕۆژنامەی “مەعاریف”ی ئیسرائیلی دەڵێ، پێناسەكردنی ئەو جۆرە فرەوانخواز و هەژموونخوازییە بە ناوی “عوسمانییە نوێیەكان”، بەس نییە بۆ شرۆڤەكردنی سروشتی بوونی توركیا لە ئەفریقا، ئەگەر توركیا سەركەوتوو بێ لە دروستكردنی پێوەندی هاوشێوە لە لیبیا و باكوری ئەفریقاوە بۆ سوودان و سۆماڵ و ئەسیوبیا و ناوچە كەناراوەكان.
توركیا نایەوێ هەژموون لەسەر سنوورەكانی پێشووی ئیمپراتۆریی عوسمانی بسەپێنێت، بگرە كار لەسەر دروستكردنی نموونەیەكی نوێی هەژموونسەپاندن و دەستورەدان لە بەرژەوەندیی بازرگانی و پڕۆژەی ژێرخان و پیشەسازی بەرگری و هێزی سەربازی و ئیسلامیی سیاسی دەكات، سەرجەم ئەو ڕەگەزانەیش پشتیوانی ئامانجی ستراتیجی ئەنكەرە دەكەن.
سەرەتای فرەوانخوازی و هەژموونخوازی توركیا لە ئەفریقا لە ڕێی ئابوورییەوە دەستی پێ كرد، لە ناوەڕاستی دەیەی یەكەمی هەزارەی سێیەم، كۆمپانیاكانی توركیا بە فراوانی هاتنە ناو كەرتی بنیاتنان و فڕۆكەوانی و پێوەندییەكان و وزە و ژێرخان، هاوتەریب لەگەڵ ئەوەیش هێڵی فڕۆكەوانی توركیا ئیستانبوڵ و ئەنكەرەی بە پایتەختی ئەو وڵاتانەی ئەفریقا بەستەوە، كە پڕۆژە و وەبەرهێنانی توركیا تێیدا بوونی هەبوو.
لە تەك ئەمەدا دامەزراوەكانی بەهاناوەچوون و فێركردن و ئاینی توركیا لە كیشوەری ئەفریقا بڵاوەیان پێ كرا، تا لە رووی فەرهەنگیشەوە هەژموون بەسەر ئەو وڵاتانە بسەپێنێت.
ئەمیر نوی كە توێژەرێكی دامەزراوەی كارنیگییە دەڵێ، كۆمپانیاكانی كەرتی بنیاتنانی توركیا بەردەوامبوون لە كاركردن تا 2023 بایی 85 ملیار دۆلار پڕۆژەیان لە ئەفریقا ئەنجام دا، ئەمەیش وایكرد توركیا لە ڕیزبەندی دووەم وڵات لە دوای چین بێت كە زۆرترین وەبەرهێنانی لە ئەفریقا كردووە. بەڵام بوونی توركیا لە ئەفریقا تەنیا لە وەبەرهێنان كورت ناكرێتەوە.
لە هەندێ حاڵەتدا كۆمپانیاكانی توركیا، دەست بە دروستكردنی فڕۆكەخانە دەكەن و كۆمپانیایەكی دەست بە پەرەپێدانی بەندەرەكان و بەیەكەوەبەستنەوەی ئاسمانی و دەریایی لەگەڵ توركیا كاری لەسەر دەكرێت، ئەمە وایكردووە توركیا ببێتە خاوەنی تۆڕێكی گەیاندنی زۆر فراوانی نێودەوڵەتی، لە تەك ئەمانە ئەنكەرە مەشقی سەربازی بە چەكداری ئەو وڵاتانە دەكات و پیشەسازی بەرگری خۆی لە درۆن و تانك و سیستمی چەكی پێشكەوتوویان پێ دەفرۆشێت.
نووسەر دەڵێ، ئەو شێوازە لە هاریكاریكردن دەتوانرێ لە پێوەندییەكی بازرگانییەوە بۆ پاشكۆیەتی ستراتیجی بگۆڕێت، بە تایبەت كاتێك سێكتەرە گرنگەكانی دەوڵەت بە تەواوی دەكەونە ژێر دەستی كۆمپانیا و دامەزراوەكانی توركیا.
جیا لە بواری ئابووری و تەناهی، ڕەهەندی ئیسلامی لە سیاسەتی دەرەوەی توركیا بە تەواوی ڕەنگی داوەتەوە، دوای گەیشتنی پارتی داد و گەشەپێدان بۆ حوكم، توركیا خۆی وەك وڵاتێكی پێشەنگی دنیای ئیسلامی دەناسینێت و پێوەندییەكانی لەگەڵ قەتەر زۆر بەرەوپێشەوە بردووە، بە تایبەت لە دۆسیەی ئیخوان موسلیمین و ڕێكخراوە نزیكەكانی تری قەتەر.
ئیسلامی سیاسی تایبەتمەندییەكی زیاتر دەداتە دەستی توركیا تا هەژموونی خۆی بە تەواوی و بە قووڵی بەسەر وڵاتانی ئەفریقا بسەپێنێت. بۆیە ئێستە خەسڵەت و تایبەتمەندییەكانی سیاسەتی دەرەوەی توركیا خۆی لە پراگماتیكی ئابووری و شوناسی ئیسلامی دەبینێتەوە، ئەو دوو بوارە وەك ئامرازی گرنگ و كاریگەر بۆ فراوانكردنی هەژموون و جێگیركردنی شوێنپێی خۆی بەكار دەهێنێت.
بۆ بەیەكبەستنەوەی ئەفریقا بە توركیایشەوە، ئەنكەرە پێویستی بە تەواوكردنی ئەڵقەكە هەیە و لە وڵاتانی ئەفریقاوە ئەم ڕێگەی هەژموونسەپاندنە بە سووریاوە تێپەڕ دەبێ و دەگاتەوە ئەنكەرە، لەبەرئەوە توركیا ئێستە زۆرترین سەرنجی خۆی لەسەر سووریا چڕ كردووەتەوە.
یەكێك لە گرنگترین ستراتیجەكانی ئێستەی توركیا ئەوەیە كە پێوەندییەكانی لەگەڵ سووریا تەواو قووڵ بكاتەوە و بەشداریی سەرەكی بێت لە بنیاتنانەوەی سوپای سووریا. مەبەست لەمەیش تەنیا فرۆشتنی چەك نییە بە سووریا، بەڵكو مەشقپێكردنی سەربازان و فەرماندە سەربازییەكان و دروستكردنی ڕێككاری و ڕێكخستنەوە و دانانەوەی پەیكەری سەركردایەتی و كۆنترۆڵكردنی سوپای سووریا.
ئەنكەرە دەیەوێ نەوەیەكی نوێ لە ئەفسەر و سەركردەی سەربازی لەسەر بنەمای باوەڕ و پێوەرەكانی سەربازی توركیا و شێوازەكانی مەشق و بیركردنەوەی سەربازی توركیا بنیات بنێت، سەرەڕای ئەوەی دەیەوێ یارمەتیدەر بێت لە دروستكردنەوەی دەستەی سوپاسالار و پەیكەری سەركردایەتی و كۆنترۆڵكردن و هەواڵگری و میكانیزمەكانی دەركردنی بڕیار.
















Leave a Reply