بۆ ئەوەی چەند ساڵێك تەمەنتان درێژتر بێت ئەم هەنگاوانە بگرنەبەر

بینەر: (343)

زۆرن پێیان وایە تەمەندرێژیی پێوەندیی بە بۆماوەیی كەسەكانەوە هەیە، بەڵام پسپۆرانی بواری تەندروستی پێچەوانەكەی دەسەلمێنن كە هۆكاری سەرەكیی تەمەندرێژیی مرۆڤ، پێوەندیی بە فاكتەری ژینگەیی و سیستمی خۆراك و جووڵەوە هەیە، نەك بۆماوەیی.

پێگەی “ئەهرام”ی میسری، هەواڵەكەی لە پێگەی healthline وەرگرتووە كە پسپۆرانی تەندروستی لەبارەی تەمەندرێژیی مرۆڤەوە قسەیان بۆ كردووە”، باس لەوە دەكەن كە زۆرن ئەوانەی پێیان وایە تەمەندرێژیی مرۆڤ پێوەندیی بە بۆماوەییەوە هەیە، لە كاتێكدا بۆماوەیی پێوەست بەو بوارە نابێت و ئەوەی تەمەنی مرۆڤ درێژ دەكاتەوە، لەباربوونی ژینگەیەكی خاوێن و سیستمی خۆراك و جووڵەوە هەیە. ئەوەیش كلیلی مانەوەی مرۆڤە بۆ ماوەیەكی درێژتر.

لەوبارەیەوە پسپۆرانی تەندروستی چەند هەنگاوێك دەخەنەڕوو كە ئەگەر مرۆڤ جێبەجێیان بكات، چەند ساڵێك زیاتر تەمەنی درێژتر دەبێت. لە یەكەم هەنگاودا باس لە سیستمی خۆراك دەكرێ كە مرۆڤ لە تەمەنێكی مامناوەندیدا گرنگە بایەخی پێ بدات، ئەویش بایەخدانە بە خواردنە رووەكییەكان، ئەوە وا دەكات لە نەخۆشییەكانی دڵ و مێشك و شەكرەی جۆری دووەم و چەوریی جگەر دوور بكەوێتەوە، بۆیە باشترە میوە و سەوزە و چەرەزات و دانەوێڵە و پاقلەمەنییەكان بكاتە خواردنی رۆژانەی.

لە هەنگاوێكی تردا باس لە راهێنانی جەستەیی رۆژانە دەكەن كە هۆكارە بۆ تەمەندرێژی، ئەوەیش وا دەكات كێش زیاد نەكات و میزاجیش باشتر بێت، هەروەها دووركەوتنەوە لە نەخۆشییە درێژخایەنەكان و بەدەستهێنانی وزەی بەردەوام، بۆیە زۆر گرنگە بەلای كەمەوە هەفتانە 150 خولەك بۆ راهێنانی جەستەیی تەرخان بكرێت كە بەهۆیەوە ماسولكەكان بەهێزتر دەبن.

جگەرەكێشان هۆكارێكی تری تووشبوون بە نەخۆشیی گەورە و مردنی پێشوەختەیە، بۆیە دووركەوتنەوە لە كێشانی جگەرە، هەنگاوێكی تری تەمەندرێژیی مرۆڤە. هاوكات لە هەنگاوێكی تردا باس خۆشگوزەرانی دەكرێ كە بۆ ژیانی مرۆڤ زۆر گرنگە، پێویستە مرۆڤ حەز و ئارەزووی هەرچی بكات، هەوڵی بەدەستهێنانی بدات، چونكە تەندروستیی دەروونی، پێوەستە بە تەندروستیی جەستەیی، كاتێك مرۆڤ لەڕووی دەروونییەوە باش بێت، جەستەیشی باشتر دەبێت.

هەروەها پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و باشتربوونی بۆ مرۆڤ گرنگە و ئەو ئاسوودەییە لە پێوەندییەكان، تەمەنی زیاتری پێ دەبەخشێت و دوور دەكەوێتەوە لە گۆشەگیری و دڵەڕاوكێ.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *