فۆرێن ئەفێرز: گوشارەكانی سەر ئێران سەركەوتوو نابن و شكست بە تاران ناهێنن

بینەر: (345)

نەیت سوانسن یەكەم بەڕێوەبەری پڕۆژەی ستراتیجی ئێران لە ئەنجوومەنی ئەتڵەسی و بەڕێوەبەری پێشووی دۆسیەی ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا لە 2022 تا 2025، بابەتێكی بە ناونیشانی “زۆرترین گوشارەكان سەركەوتن بەسەر ئێران بەدەست ناهێنن، جەنگی ترەمپ ستراتیجی ئەمەریكای بە بنبەست گەیاندووە”، لە گۆڤاری فۆرێن ئەفێرز بڵاوی كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، لە ماوەی 47 ساڵی ڕابردوودا كۆماری ئیسلامیی ئێران بووەتە كۆسپی بەردەم سەرۆكەكانی ئەمەریكا، تەنگژەی بارمتە ئەمەریكییەكان لە 1979 بووە هۆی شكستی جێمی كارتەر لە دووبارە بردنەوەی پۆستی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا.

هەروەها ئابڕووچوونی ئێران-كۆنترا لە ناوەڕاستی هەشتاكان چارەنووسی ڕۆناڵد ریگانی بەرەو خراپی برد، هەروەها ڕێككەوتنی ناوكی كە لە 2015 لەلایەن باراك ئۆباماوە لەگەڵ ئێران واژوو كرا، وایكرد كۆنگرێس سەركردەیەكی بیانی بانگهێشت بكات و ناڕەزایی پێ بگەیەنێت.

لە شوبات/فێبرایەری ئەمساڵ كاتێك سەرۆك دۆناڵد ترەمپ جەنگەكەی لە دژی ئێران ڕاگەیاند، دووپاتی لە شكاندنی هەمیشەیی ئەو شێوازە شەرمەزاركەرە بۆ هەمیشە كردەوە، لە ڕووی سەربازییەوە ئێران تێكدەشكێنێت و ڕژێمەكەی دەگۆڕێ و شانازی بەخۆیەوە دەكات كە ئەوەی سەرۆكەكانی پێشوو لە ڕێی هەڕەشەكردن نەیانتوانی بە ئێرانی بكەن، بەڵام ترەمپ پێی دەكرێت.

ترەمپ لە سەرەتا رێوشوێنی توند و یەكلاكەرەوەی بۆ ئەو پلانە دانابوو، بەڵام دوای تێپەڕینی شەش مانگ لە جەنگ و ململانێ ئێستە وا دەردەكەوێ، ترەمپ یەكێكی ترە لە سەركردەكانی ئەمەریكا كە لەلایەن ئێرانەوە سەركۆنە دەكرێ، ئەم جەنگە بووەتە بە هەڕەشە بۆ سەر پلان و پلانی حزبەكەی لە هەڵبژاردنی نیوەیی ئەمەریكا، لەوانەیە بەهۆی ڕه‌شبینیەوە ترەمپ بیەوێ ئابووری ئێران بە تەواوی بخنكێنێت، بەڵام ئەو دۆخە پرۆسەی گوشاری ئابووری گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر ڕاستگۆیی ئەمەریكا و بەها و پرەنسیپەكانی.

ڕاستییەكەی جەنگ فرە ئاراستەیە، بەڵام ئەوەی ترەمپ ئەنجامی دا هەڵگیرسانی جەنگ بێ بوونی دەرچەیەكی سەلامەت. نیشانەی بوونی ستراتیجێكی پڕ لە كەلێنە كە سەرۆكه‌كانی ئەمەریكا پێشتر لە بەرانبەر كۆماری ئیسلامی لە دوای دامەزراندنیەوە گرتوویانه‌ته‌بەر. ئەمە وایكردووە ڕژێمی ئیسلامی سیۆكراتی ئێران هەر لە سەرەتاوە پاشەكشە بە ئامانجەكانی ئەمەریكا بكات، ئەمەیش بەشێوەیەكی لاوەكی بۆ دژیەكە قووڵەكانی نێوان هەردوولا دەگەڕێتەوە.

ئێران خاوەنی ڕژێمێكی ئایدلۆجی سوود وەرگرە لە یەك كاتدا و تا ئێستەیش تاران دەستی گرتووە بەسەر بنەما سەرەكییەكانی ئایدلۆجیای شۆڕش، لە سیاسەتی دەرەوەیشی بنەماكانی شۆڕشی لەسەر دژایەتی ئەمەریكا و ئیسرائیل هێشتووەتەوە، بەڵام بەشێوەیەكی پراگماتی مامەڵە دەكات كاتێك هەموو لایەكی لێ دەگیرێت، بۆ نموونە تاران كۆتوبەندەكانی سەر بەرنامەی ناوكی خۆی لە 2015 قبووڵ كرد و لەگەڵ ئەمەریكا گەیشتە ڕێككەوتن، هەروەها گرێبەستی لەگەڵ سعوودیە كرد و پێوەندییەكانی لە 2023 ئاسایی كردەوە، لە كاتێكدا دوژمنایەتی دەكرد، هەروەها پێوەندییەكانی ئێران بە بەرژەوەندی نیشتمانی ئەمەریكا بە تەواوی پێچەوانەی یەكترن، ئەمەیش وایكردووە كە هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆ بێ بۆ سەر ئەمەریكا بەهۆی بەرنامە ناوكییەكەیەوە.

بەر لەوەی جەنگی ئێستە دەست پێ بكات بە ماوەیەكی درێژ، گرووپە تیرۆریستی و میلیشیاكانی بریكاری تاران كە لەلایەن ڕژێمی ئیسلامییەوە پارەدار دەكران، بەردەوام سەرچاوەی هەڕەشە بوون بۆ سەر هاووڵاتییانی ئەمەریكا و كەشتی ئەمەریكی لە دەریای سوور و كەنداو كێشەیان بۆ دروست دەكرا، بەڵام سەرەڕای ئەوەیش بەلای زۆربەی ئەمەریكییەكان دۆسیەی ئێران پرسێكی لاوەكییە. جەنگ ژێرخانی ئێرانی بە تەواوی وێران كردووە و ئابوورییەكەیشی شێواندووە، بژارەی سەركردەكانی ئێرانی كۆتایی پێ هێناوە، جیا لە مەرگی هەزاران سەرباز و هاووڵاتیی سڤیل، بەڵام ئەوانە هیچ كاریگەرییەكانیان لەسەر ئەمەریكییەكان نەبووە، تەنیا بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی نەبێت.

بۆ چارەسەری ئەو دژیەكییە، واشنتن كەمتەرخەمە و ورد نییە لە دروستكردنی بڕیاری سیاسی، ستراتیجی ئەمەریكا بەرەو گوشار وەك ئامرازی سەرەكی بۆ كۆتاهێنان بە ئێران یان گۆڕینی ڕەفتاری هەنگاو دەنێت، ستراتیجی گوشار سەرنجی خستووەتە سەر دوو خاڵی سەرەكی، یەكەمیان سەلماندنی بوونی هەڕەشەی سەربازی متمانەپێكراو، بەردەوامیدان بە گوشاری ئابووری، بەڵام لەبری ئەوەی چارەسەری ناكۆكییەكان بكات كە لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران بوونی هەیە، ئەو ستراتیجیە هیچ شرۆڤە و ڕوونكردنەوەیەكی بۆ خەڵك لا نییە تەنیا قووڵكردنەوەی زیاتری نەبێت.

ترەمپ دەیەوێ ستراتیجی گوشار زیاتر بكات و شەپۆلی خۆپێشاندان لە ناوخۆی ئێران هاوشێوەی خۆپێشاندانەكانی كانوونی دووەم/یەنایەر دەست پێ بكات، ئێران ئێستە بە دەست كێشەی ناوخۆییەوە دەناڵێنێت، بەڵام جەنگ ئەوەی سەلماند كە كۆماری ئیسلامی ئێران دەتوانێ بەرگە بگرێ و خۆڕاگر بێ و خۆی ڕادەست نەكات.

بۆردمانی فڕۆكە جەنگییەكان توانا سەربازییەكانی ئێرانیان بە تەواوی لاواز كردووە، بەڵام پێگەی لە ناوخۆ بەهێز كردووە، ئێران پێویستی زۆری بە كەمكردنەوەی سزاكان هەیە، بەڵام دركی ئەوەیش كردووە كە كات لە بەرژەوەندیی ئەواندایە، زاڵبوونیان بەسەر گەرووی هورمز دەتوانێ سزای هاوشێوەی ئەمەریكا و گوشار بەسەر ئەمەریكا و دنیا بسەپێنێت.

جەنگی شكستخواردووی ترەمپ لە دژی ئێران و دانوستانی پچڕ پچڕ بۆ كۆتاهێنان بە جەنگ، بە تەواوی توانای واشنتنی لە جێبەجێكردنی گوشارەكان لەسەر تاران لاواز كردووە، خۆڕاگری ئێران وایكردووە كە حكوومەتەكانی ئەمەریكا جارێكی تر ئەو ستراتیجە كلاسیكییە نەگرنەبەر، بەڵام ئەوە تاكە لایەنی ئەرێنی بۆ ئێران ئەوەیە كە جەنگ زیانی گەورەی بە جبەخانەی ئەمەریكا و ئابووری دنیا گەیاند، بۆیە ئەو جەنگە پێویستی ئەوەی دەرخست كە پێویستە پێداچوونەوەی تەواو بەو ستراتیجییە شكستخواردووەی ماوەی 47 ساڵە كاری لەسەر دەكرێ، بكرێت.

لە ساڵی 2006 هێنری كیسنجەر وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریكا لە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست نووسی، لەسەر سەركردەكانی ئێران پێویستە بڕیار بدەن كە نوێنەرایەتی گەلێك دەكەن یان دۆزێك، داوای كرد پێویستە ئێران لە نێوان جێگیری و خۆشگوزەرانی گەلەكەی و بەردەوامیدان بە لادان لە دوای خواستە ئایدلۆجی و شۆڕشگێڕییەكانی هەڵبژێرێت.

ماوەی نزیكەی 50 ساڵە ئەمەریكا هەوڵ دەدات تاران لە ڕیشەی شۆڕشێگڕی و ئایدلۆجیای شۆڕش دوور بخاتەوە، بەڵام سیاسەتەكانی بۆ بەدیهێنانی ئەو ئاراستەیە ئامانجی نەپێكاوە، بەردەوام هەوڵی داوە هەژموونی ئێران سنووردار بكات و ناچاری بكات بەشێوەیەكی عەقڵانی مامەڵە بكات، بۆ ئەمەیش تێكەڵەیەك لە ترساندن و نائامادەیی و هەڕەشە و هێرشی دژی ئێران بەكار هێناوە.

تاران هەڵبژاردنی یەكێك لەو دوو بژارەیەی بە پێویست نەزانیوە، ڕژێمی ئیسلامی هەندێ جار وەك دۆزێك مامەڵە دەكات و هەندێك جاریش وەك دەوڵەتێكی عەقڵانی، سەرەڕای هەڕەشە زۆرەكانی، بەڵام هەمیشە ویستوویەتی خۆی بە دوور بگرێ لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمەریكا.

ئایەتوڵا خومەینی یەكەم ڕابەری ئێران و عەلی خامنەیی شوێنگرەوەی هەمیشە دووپاتیان لەوە دەكردەوە كە لە سوپا و هێزی ئەمەریكا ترسیان نییە، بەڵام لە واقیع ئەمە جۆرێكی تر بوو، كاتێك لە جەنگی ئێران و عێراق، ئەمەریكا دەستوەردانی كرد و پەلاماری كەشتییەكانی ئێرانی دا، خومەینی بە پەلە ڕازی بوو كە كۆتایی بە جەنگ لەگەڵ عێراق بهێنێت، بەهۆی ترسی زۆری لە هاوپەیمانی سەرۆك ریگان و سەدام حوسینی سەرۆكی ئەوكاتی عێراق.

كاتێك من ئەندامی شاندی دانوستانكار بووم لەگەڵ ئێران لە نیوەی یەكەمی خولی دووەمی سەرۆكایەتی ترەمپ، تووشی سەرسوڕمان بووم كاتێك هەستم بەوە كرد دانوستانكارانی ئێران سەرنجیان لەسەر كەمكردنەوەی سزاكان نییە، بەڵكو دووپات لە وەرگرتنی بەڵێنی هێرشنەكردنە سەریان لەلایەن ئەمەریكا و ئیسرائیل دەكەنەوە، ترس لە جەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریكا یەكێك بوو لە هۆكارەكانی پەرەپێدانی تۆڕێكی میلیشیاكانی بریكار لەلایەن ئێرانەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *