ڕۆژنامەی شەرق ئەوسەت زانیارییەكانی ناو كۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ موحسین قومی نوێنەری موجتەبا خامنەیی لە بەغدا بڵاو كردەوە و ئاماژەی داوە، باس لە گرتنی سەركردەی گرووپە میلیشیاكان و حەشدی شەعبی كراوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی شەرق ئەوسەت، بەشێك لە سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ گرتنی سەركردەی میلیشیاكان بە زەبری هێزی سەربازی نەبوون، بەڵكو بە پێویستیان زانیوە كە سەرجەمیان بەشێوەیەكی ئارام لەلایەن دادگا و بە ڕێوشوێنە یاساییەكان داوا بكرێن، لەبری بەكارهێنانی هێزی سەربازی بۆ گرتنیان.
لە پێشهاتێكی ڕەنگدانەوەی ئەو دۆسیە هەستیارە، دەستەی حەشدی شەعبی باسی لە گرتنی ژمارەیەك چەكداری خۆی كرد كە ڕادەستی ئاسایشی دەستەی حەشدی شەعبی كراون و لەوێشەوە دۆسیەكانیان دراوەتە دەستی دادگای عێراق.
ئەو هەنگاوانە لە كاتێكدایە كە حكوومەتی زەیدی دەیەوێ بنەمای قۆرخكردنی چەك لە دەستی دەوڵەت بە وردی جێبەجێ بكات، بەشێكیش هۆشداری دەدەن كە گرتنەبەری ئەو ڕێڕەوە ئەگەری پێكدادانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ میلیشیا چەكدارەكان بە دوای خۆیدا دەهێنێت، كە خاوەنی هەژموونی سیاسی و تەناهی زۆر و فراوانن بەسەر عێراق.
دۆسیەی چەكداماڵینی میلیشیاكان تاقیكردنەوەیەكی قورس و هەستیاری عەلی زەیدی و حكوومەتەكەیەتی و ئێستەیش لە هەموو لایەكەوە ڕووبەڕووی گوشار دەبێتەوە، ئەمەریكایش لەلایەكی تر سوورە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی گرووپە میلیشیاكانی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت.
لەلایەكی ترەوە لە تاران فایەق زێدان سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری عێراق لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئێران كۆبووەوە، زێدان لە تاران لەگەڵ غولام حوسێن موحسینی ئێژەیی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری ئێران كۆبووەوە، تاوتوێی بەهێزكردنی میكانیزمی ئاڵوگۆڕی بەندكراوانی لە نێوان هەردوو وڵات كرد و ئێژەیی ڕوونی كردەوە، لە ماوەی ڕابردوودا 131 تۆمەتباری ئێرانی لە گرتووخانەكانی عێراقەوە بۆ ئێران گەڕێنرانەوە.
هەروەها فایەق زێدان لەگەڵ موحسین ڕەزایی ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران كۆبووەوە. هاتن و چوونی بەرپرسانی ئێران و عێراق بۆ بەغدا و تاران لە پەراوێزی هەوڵەكانی حكوومەت بۆ چەكداماڵینی میلیشیاكان و هەوڵدانی بەغدایە، بۆ گوشار خستنە سەر میلیشیاكان تا بە دانانی چەك ڕازی ببن.
هاوكات بەغدا دەیەوێ تاران كارئاسانی و ڕەزامەندی پێ بدات، تا نەوتی عێراقی بە گەرووی هورمز بێ كێشە تێپەڕ ببێت، تا بتوانێ پارە و قەرزەكانی ئێران بداتەوە، چونكە ئێستە بەغدا 12 ملیار دۆلار قەرزاری ئێرانە كە بەهۆی هاوردەكردنی غازی سروشتی لە ئێرانەوەیە.
لە ماوەی ڕابردوودا محەمەد باقر قالیباف سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراق كۆبووەوە، دیداری قالیباف و هەیبەت حەلبووسی دەنگدانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، دوای ئەوەی حەلبووسی لە قالیبافی پرسی، ئێران ڕێ دەدات كە عێراق گرووپی میلیشیا لە ناوخۆی ئێران دروست بكات؟
سەرەڕای گوشاری زۆر و چاودێری وردی ئەمەریكا بەسەر جووڵەكانی حكوومەتی عێراق لە جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاكانی ئێران لە عێراق، بەڵام چاودێران دووپات لەوە دەكەنەوە، جۆرێك لە پاشەكشە لەسەر چەكداماڵینی میلیشیاكان و ئەو وادەیەی بۆیان دیاری كرابوو، لەلایەن حكوومەتی زەیدییەوە بوونی هەیە. كەچی ئەمە تا ئێستە بە فەرمی یەكلا نەبووەتەوە.
ئەمە ئەوكاتە بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دەركەوت كە چەند سەركردەیەكی میلیشیاكان لەلایەن هێزەكانی تەناهیی عێراقەوە گیران، بەڵام بەهۆی هەڕەشە و هەڵچوونەكان هەرزوو لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە ئازاد كران.
سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەكان بەردەوام دەیانەوێ ئەو دۆسیەیە بە هێمنی و دوور لە كەوتنەوەی گرژی و توندوتیژی چارەسەر بكرێ، نەبێتە هۆی پێكدادان لە نێوان میلیشیاكان و هێزە فەرمییەكانی حكوومەت، زەیدیش بە ئارامی مامەڵەیان لەگەڵ دەكات و تا ئێستە هەنگاوی توند و خێرای نەگرتووەتەبەر.
















Leave a Reply