10ی ئاب ئەو رۆژەی سەرۆك فەرمانی كرد و مەسروور بارزانی بووە قەڵغان

بینەر: (92)

ساڵی 2014 كاتێك مەخموور لەژێر چنگی داعش رزگار كرا 10ی ئاب بوو، كە سەرۆك بارزانی فەرمانی ئازادكردنی دەركرد و مەسروور بارزانی كە ئەوكاتە راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بوو بوو بە قەڵغانی بەرگری و سەركەوتن.

دوای داگیركردنی مەخموور لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، بە فەرمان و سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی، رۆژی 10ی ئابی 2014 ھێزی پێشمەرگەی كوردستان ھێرشی كردە سەر مەخموور، ھێزی پێشمەرگە توانی لە ماوەی یەك سەعاتدا مەخموور ئازاد بكات.

لیوا زریان شێخ وەسانی فەرماندەی پێشمەرگە لە مەخموور لەبارەی ئازادكردنی مەخموور رای گەیاند، ئەو رۆژەی داعش ھێرشی كردە سەر مەخموور و داگیری كرد، پێشمەرگەی تێدا نەبوو، چونكە پێشتر بە بڕیاری ھاوپەیمانان دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق تەنیا فەوجێكی سوپای عێراق لەنێو مەخموور مابوونەوە، بەڵام ئەو ھێزەی عێراقیش كورد بوون، ئێمە وەك پێشمەرگە كاتێك گەیشتینە مەخموور، لەلایەن داعشەوە داگیر كرابوو، بەڵام لە بازاڕگە پێشمەرگە سەنگەری بەرانبەر بە تیرۆریستان دانا و بەرەنگاریان بووینەوە.

ئەو دەڵێ‌، تەنیا سێ رۆژ داعش لەنێو مەخموور مایەوە و پێشمەرگە ھێرشی كردە سەر مەخموور و هێرشی ئازادكردنەوەی مەخموور بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی ئەنجام درا، چونكە رۆژێك پێش ئازادكردنەوەی مەخموور سەرۆك بارزانی ھاتە نزیك مەخموور و لە بازاڕگە كۆبوونەوەی بە پێشمەرگە كرد.

ئەو ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە جگە لە ھێزی پێشمەرگە ھیچ ھێزێكی ترم نەبینی بۆ ئازادكردنی مەخموور.

باسی لەوە كرد كە لەبەر ئەوەی سەرۆك بارزانی بە ماڵباتەوە لە یەكەم شەڕی داعش بەشدارییان كرد تا ئێستەش بەردەوامن و زۆرێك لە كوڕ و برا و برازاكانی سەرۆك بارزانی راستەوخۆ بەشداریی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعشیان كرد، كاتێك باس لە شەڕی داعش دەكرێت، ئەوانە بوون رۆڵی سەرەكییان گێڕا بۆ شكاندنی گەورەترین رێكخراوی تیرۆریستی لە دنیادا.

مەسروور بارزانی لە كاتی شەڕی دژ بە داعش، ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بوو، كە تێیدا ڕۆڵێكی سەرەكی و ستراتیجی گێڕا لە سەرپەرشتیكردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان و هەواڵگرییەكان لە تەواوی بەرەكانی شەڕ، بەتایبەتی لە بەرەی مەخموور.

مەسروور بارزانی سەرپەرشتی هێزەكانی دژەتیرۆر كرد وەك بەرپرسی یەكەمی ئەنجوومەنی ئاسایش، سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتێرۆریش بوو كە ئەم هێزانە لە كاتی هێرشەكانی داعش بۆ سەر مەخموور و دەوروبەری لە ساڵی 2014، هاوشانی هێزەكانی پێشمەرگە، ڕۆڵێكی خێرا و كاریگەریان گێڕا لە ڕاگرتنی پێشڕەوییەكانی داعش و پاشان كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكە.

هەروەها یەكێك لە هەنگاوە ستراتیجییەكانی مەسروور بارزانی، هاوئاهەنگی بەردەوامی بوو لەگەڵ هاوپەیمانان لە ڕێگەی پێگەكەیەوە، مەسروور بارزانی یەكێك بوو لە كەسایەتییە سەرەكییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، ئەو لە بەرەی مەخموور و بەرەكانی تر، پردی پێوەندی بوو بۆ ڕێكخستنی لێدانە ئاسمانییەكانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانان كە هۆكارێكی گرنگ بوون بۆ تێكشكاندنی داعش لەو سنوورەدا.

مەسروور بارزانی چەندان جار بە شێوەیەكی مەیدانی سەردانی سەنگەرەكانی پێشەوەی هێزی پێشمەرگەی لە سنووری مەخموور و چیای قەرەچووغ كرد بۆ ماوەیەكیش لەوێ‌ دەمایەوە كە ئامانجی ئەم سەردانانە لە نزیكەوە ئاگاداربوون بوو لە دۆخی تەناهیی، داڕشتنی پلانی سەربازی، و بەرزكردنەوەی ورەی پێشمەرگەكان دوای هەر هێرش یان جموجۆڵێكی چەكدارانی داعش لە ناوچەكەدا.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *