ئەمڕۆ هەینی 14ی ئابی 2026، سێ کەشتیی زەبەلاحی نەوتهەڵگری بیانی گەیشتنە بەندەری بەسرە بۆ بارکردنی شەش ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو، هاوکات وەزیری نەوتی عێراق ڕای گەیاند، کە بۆ یەکەمجارە لە دوای دەستپێکردنی قەیرانە هەرێمییەکەوە، هەناردەی ڕۆژانەی نەوت گەیشتووەتە دوو ملیۆن بەرمیل.
سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای بەندەرەکانی عێراق ڕای گەیاندووە، توانای بارکردنی هەر یەکێک لەو کەشتییانە دوو ملیۆن بەرمیلە، و چاوەڕوان دەکرێت وەزارەتی نەوت دەست بە کردەوەکانی بارکردن بکات و کۆی شەش ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو هەناردە بکرێت. سەرچاوەکە هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، کە چاوەڕوان دەکرێت کەشتییەکی چوارەمی بچووکتر بگاتە بەندەرەکە بە باری یەک ملیۆن بەرمیل.
ئەمە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کە باسم محەمەد خزەیر، وەزیری نەوت، پێشتر و هەر ئەمڕۆ ڕای گەیاندبوو، کە هەناردەی نەوتی خاوی عێراق لە مانگی تەمووزی ڕابردوودا گەیشتووەتە نزیکەی 49 ملیۆن بەرمیل.
وەزیری نەوت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پارێزگای بەسرە ڕای گەیاند، ئەمڕۆ چوار کەشتیی نەوتهەڵگر نەوتی خاویان بار کردووە و لە ڕێگەی دەرچووندان. ئاشکراشی کرد، تێکڕای هەناردەی ڕۆژانەی نەوت لە سەرەتای مانگی ئابەوە تا ئێستە گەیشتووەتە دوو ملیۆن بەرمیل، و ئاماژەی بەوە دا کە ئەمە بۆ یەکەمجارە لە عێراقدا لە دوای دەستپێکردنی قەیرانە هەرێمییەکەوە ڕوو دەدات.
















Leave a Reply