ئەو گروپانەی كە عێراقیان خستووەتە بەردەم هەڕەشە لەماوەی شەش مانگدا 1.8 تریلیۆن دینار خەرجیان بووە

بینەر: (119)

تا ئێستە سێ گرووپی دیار رەتیان كردووەتەوە چەكەكانیان رادەستی حكوومەتی عێراق بكەن، ئەوانیش كەتائیبی حزبوڵای عێراق، كەتائیبی سەید شوهەدا، بزووتنەوەی نوجەبان، ئەم سێ گرووپە زیاتر لە 30 هەزار چەكداریان هەیە و چەك و جبەخانەی گەورە و مۆڵگەی دروستكردنی درۆنیان هەیە، هەرسێكیان سەربە ئێرانن.

گرووپە چەكدارەكانی عێراق كە بەپارەی حكوومەتی فیدراڵی بەڕێوە دەچن و چەك و جبەخانەیەكی گەورەیان پێكەوە ناوە، ئەو سێ گرووپەن كە رەتیان كردەوە بچنە ژێر فەرمانی حكوومەتی عێراق و چەكەكانیان رادەست ناكەن و مەترسییەكی رژدیان دروست كردووە.

كەتائیبی حزبوڵای عێراق، كەتائیبی سەید شوهەدا و بزووتنەوەی نوجەبا ئەم سێ گرووپە كە بەپێی ئامارەكان زیاتر لە 30 هەزار چەكداریان هەیە، خاوەن جبەخانەیەكی گەورەی سەربازین، هاوكات مۆڵگەی دروستكردنی درۆنیان هەیە و بوونەتە مەترسی لەسەر عێراق.

وڵاتانی ناوچەكە دوا مۆڵەتیان بە عێراق داوە ئەو گرووپانە چەك بكات، سەرۆك وەزیران بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ كۆنترۆڵكردنی چەكی ئەو گرووپانە و هەوڵوەشاندنەوەیان، بەڵام بەشێكیان فەرمان لە ئێران وەردەگرن و ئامادە نین تا ئێران بڕیار نەدات چەك رادەست بكەن.

عەلی زەیدی شاندێكی بۆ تاران رەوانە كردووە و بڕیارە لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپانە گفتوگۆ بكەن، بەڵام پێ ناچێت ئێران بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو گوورپانە بدات، بەتایبەت كە ئەوانە بوونەتە هێزی گەورەی ئێرانی لە ناوچەكە و ئێران هەست دەكات مانەوەی پێوەستە بەمانەوەی ئەو گرووپانەوە.

گرووپە چەكدارەكانی شیعە لە عێراق پێشتر بەهۆی شەری داعشەوە بۆ بەرگری لە وڵاتەكە سەریان هەڵدا، بەڵام ئێران هەمویانی كردە بەشێك لەخۆی و لەو رێگەشەوە ئامانجەكانی هێنایە دی و پارەی زۆری دەست كەوت و پارەسەنگی هێزی بەلای خۆیدا شكانەوە.

ئەو گرووپانە لە عێراق ساڵانە بودجەیەكی زۆریان تێدا خەرج دەكرێت، تەنیا لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا، خەرجییەكانی دەستەی حەشدی شەعبی بە رێژەیەكی بەرچاو هەڵكشاون و 1.8 تریلیۆن دینار زیادیان كردووە. بەپێی ئامارەكان، تەنیا بۆ كڕینی چەكی سووك و قورس لەو ماوەیەدا، زیاتر لە یەك تریلیۆن دینار تەرخان كراوە.

ئەو سێ گرووپەی ئێستە بەئەگەرێكی زۆر لەلایەن سوپای حكوومەتی عێراقەوە بەناچاری هێرشیان دەكرێتە سەر، ئەگەر لە ماوەی داهاتوودا بڕیاری خۆ هەڵوەشاندنەوە رادەستكردنی چەكەكانیان نەدەن، ئەوانیش بریتین لە “كەتائیبی حزبوڵای عێراق، كەتائیبی سەید شوهەدا و بزووتنەوەی نوجەبا”.

بزووتنەوەی نوجەبا گرووپێكی چەكداریی شیعییە و لەناو حەشدی شەعبیدایە، لە ساڵی 2013وە دامەزراوە، لە عەسائیبی ئەهلی حەق جیا بووەتەوە، ژمارەی چەكدارانی بە نزیكەی 10 هەزار چەكدار مەزەندە دەكرێت، ئەكرەم كەعبی ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەكەیە.

كەتائیبی سەید شوهەدا گرووپێكی چەكداری شیعەی عێراقییە و لە ساڵی 2013وە دامەزراوە. ئەم گرووپە بە سەرۆكایەتیی ئەبو ئالا وەلائی بەشێكە لە گرووپەكانی ناسراو بە موقاوەمەی ئیسلامی و حەشدی شەعبی لە عێراق، پێوەندیی نزیكی لەگەڵ ئێراندا هەیە و یەكێكە لە مەترسیدارترین گرووپەكانی ناو شیعەی عێراق.

كەتائیبی حزبوڵا، گرووپێكی چەكداری میلیشیایی عێراقە كە لە كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نزیكە، لە 2003پاش گرتنی عێراق لەلایەن ئەمەریكاوە دامەزراوە.

ئەم گرووپە بەهێزترین بەرەی چەكدارە لە ناو موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراقدا، گرووپێكن لە گرووپە توندڕەوە شیعەكان كە لە دوای جەنگی غەزەوە زیاتر لە 150جار هێرشیان كردووەتە سەر بنكەكانی ئەمەریكا، لە عێراق و هەرێمی كوردستان و سووریا.

ئەم گرووپە هەر لە دوای دامەزراندنی بە خێرایی ناوبانگێكی زۆری پەیدا كرد، بەهۆی هێرشە كوشندەكانی لە دژی ئامانجە سەربازی و دیپلۆماسییەكان لە ساڵانی 2000 بە بەكارهێنانی چەندان ڕێگەی وەك هێرشی قەناس بەدەست و مووشەك و هاوەن و بۆمبی كەناری ڕێگەكان.

ئەمەریكا لە ساڵی 2009دا وەك ڕێكخراوێكی تیرۆریستی دەستنیشانی كرد.

ئەم گرووپە لەلایەن ئەبو مەهدی موهەندیس كە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئێرانی-عێراقی بوو سەرپەرشتی دەكرا، تا ئەوكاتەی لە ساڵی 2020 لە هێرشە ئاسمانییەكەی ئەمەریكا لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لەگەڵ قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران كوژرا.

شانبەشانی میلیشیا شیعەكانی تر لە كاتی شەڕی ناوخۆی سووریادا دژی هێزە سوننەكان شەڕیان كردووە و لەو كاتەوە تا ئێستە بەردەوامە لە چالاكییەكانی. ئەم گرووپە ئایدۆلۆجیای شیعی هەیە و سنوورەكانی نێوان عێراق، سووریا و لبنان بە دەستكردی ڕۆژئاوا دەزانێت، هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق بەداگیركاری دەزانێت و داوای دەركردنیان دەكات.

بەرپرسانی عێراقی و ئەندامانی گرووپەكە دەڵێن كە گرووپێكی سێبەرە و هیچ پێكهاتەیەكی سەركردایەتی ڕاگەیەنراوی نییە، كەتایبی حزبوڵا خاوەنی هەزاران چەكدارە و جبەخانە و درۆن و مووشەكی بالیستیكی كورتمەودای هەیە.

ئەمەریكا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندان جار پێگە و بنكە و ناوەندەكانی مەشق و ڕاهێنان و لۆجستیكی كەتائیبی حزبوڵای بەئامانج گرتووە.

كەتائیبی حیزبوڵای عێراق، سێ لیوای لەناو حەشدی شەعبیدا هەیە كە لیواكانی 45، 46، 47ن، زیاتر لە سێ هەزار چەكدار دەبن، كۆی گشتی چەكدارەكانیشی بە شەش هەزار مەزەندە دەكرێن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *