نیویۆرك تایمز: ترەمپ و كۆمارییەكان متمانەی دەنگدەرانيان له‌ ده‌ست داوه‌

بینەر: (309)

ڕاپرسییەكی ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمەریكی دەریخستووە، كاندیدی دیموكراتەكان لە زۆربەی ویلایەتەكان، ئاستی دەنگەكانیان بە ڕێژەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە و پێش كاندیدی كێبەركێكاریان لە پارتی كۆمارییەكان كەوتوونەتەوە، ئەمەیش بەهۆی سیاسەتەكانی ئابووری و دەرەوەی دۆناڵد ترەمپە كە پشتیوانی دەنگدەرانی لە كۆمارییەكان پاشەكشە پێ كرد.

بەردەوامیی پاشەكشەی پێگەی جەماوەریی ترەمپ و ڕەشبینیی دەنگدەران لە گرانبوونی كاڵاكان و پێویستییە ژیارییەكان، وایكردووە كۆمارییەكان لە ڕاپرسییەكان پاشەكشەی تەواو لە زۆربەی بازنەكانی هەڵبژاردن بكەن و دەنگدەران زیاتر مەیلی ئەوەیان هەیە دەنگ لە بەرژەوەندیی كاندیدانی پارتی دیموكراتەكان بدەن.

بەگوێرەی ڕاپرسییەكەی نیویۆرك تایمز، دیموكراتەكان بە نۆ خاڵ لە پێش كۆمارییەكانەوەن، ئەمەیش ڕێژەیەكی زۆرباشە و سەركەوتنی دیموكراتەكان دەسەلمێنێت، ئەگەر تا كاتی هەڵبژاردن دەرئەنجامەكان بەمشێوەیە بمێننەوە.

لەو كاتەوەی ترەمپ جەنگی دژی ئێران دەست پێ كردووە، ڕێژەی پشتیوانی دەنگدەران لە ترەمپ و كۆمارییەكان لە 38% تێپەڕی نەكردووە، ئەمەیش بە كەمترین ئاستی پێگەی جەماوەری ترەمپ و حزبەكەی لە دوای بردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا لە خولی دووەمی هەژمار دەكرێت.

دەنگدەرانی ئەمەریكا لە زۆربەی بوارەكان لە مامەڵەكردنی ترەمپ ناڕازین، لە ڕووی ئابووری و كۆچبەران و رسووماتی گومرگی و جەنگ، لە هەموویشیان گرنگتر بەرزبوونەوەی نرخی كاڵاكان و كڕینی پێویستییە سەرەكییەكانی ژیانكردنە، بۆیە دەنگدەران دەیانەوێ متمانەی گەورە بە دیموكراتەكان بكەن لەو دوو دۆسیەیەی كە بوونە هۆی سەركەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردنی 2024، ئەوانیش پرسی كۆچبەران و ئابووری ئەمەریكا بوو.

بەگوێرەی ئەنجامەكان، پێشبینی دەكرێ دیموكراتەكان لە تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری ئەمساڵ و لە میانەی هەڵبژاردنەكان سەركەوتنێكی یەكلاكەرەوە تۆمار بكەن، بەڵام ئەمە تا ئێستە ڕێژەییە، چونكە لە زۆربەی هەڵبژاردنەكانی كۆنگرێس كێبەركێی ڕاستەقینە لەگەڵ نزیكبوونەوەی زیاتر لە وادەی هەڵبژاردن دەست پێ دەكات، بۆیە تەنانەت پێشكەوتنی دیموكراتەكان بە نۆ خاڵ لە پێش كۆمارییەكانەوە، ناتوانێ سەركەوتنی دیموكراتەكان یەكلا بكاتەوە، بەتایبەت لە ویلایەتەكانی تێكساس و ئۆهایۆ و ئالاسكا و ئیوا.

نیویۆرك تایمز نووسیویەتی، گۆڕانكاریی گەورە لە هەڵوێستی دەنگدەران بەرانبەر بە ترەمپ دروست بووە و ڕێژەی 10%ی بەشدارانی ڕاپرسییەكە دەڵێن، ئابووری ئەمەریكا بەر لە ساڵێك پێش ئێستە لە باشترین دۆخی خۆیدا بوو، 27%ی دەنگدەرانیش ڕازین لە ئەدای ترەمپ وەك سەرۆك. لە كێبەركێی هەڵبژاردنی كۆنگرێسیش ڕێژەی 57%ی بەشداران دووپات لەوە دەكەنەوە كە دەیانەوێ دەنگ بە دیموكراتەكان بدەن، لە بەرانبەر 24%ی دەنگدەران بە پارتی كۆمارییەكان.

بەرزبوونەوەی تێچووی ژیانكردن بووەتە بارێكی قورس بەسەر شانی كۆمارییەكانەوە و لە هەر بوارێكی تر زیاتر، كاریگەریی نەرێنیی بەسەر پێگەی جەماوەری ئەو حزبە هەیە، تەنانەت بەشێك لەوانەی دەنگیشیان بە كۆمارییەكان و ترەمپ داوە، متمانەیان بە ئابووری ئەمەریكا لە سەردەمی ترەمپ لە دەست داوە، ڕێژەی 28%ی خەڵكی ڕازین لە مامەڵەی ترەمپ لەگەڵ دۆسیەی گرانبوونی پێویستییە سەرەكییەكانی ژیان لە ئەمەریكا، ڕێژەی ئەوانەیشی ناڕازین 21% لەو ڕێژەیە زیاترە.

52%ی بەشداران لە ئەدای ترەمپ وەك سەرۆك ناڕازین، سێ لەسەر چواری بەشدارانیش لە مامەڵەی ترەمپ لە ململانێ لەگەڵ ئێران ڕازی نین كە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و غاز، ئەمەیش واتەی ئەوە دەگەیەنێت، چارەكێكی ئەوانەی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2024 دەنگیان بە ترەمپ داوە، لە هەڵوێستەكانیان پەشیمان بوونەتەوە.

ئەلیزابێس گلادن قوتابییەك لە ویلایەتی ئەریزۆنا كە مافی دەنگدانی هەیە و دەڵێ، پێشتر دەنگم بە ترەمپ دا، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەمجارە پلانم ئەوەیە دەنگ بە دیموكراتەكان بدەم، هەموو ئەوەی دەیبینم ئەوەیە كە كۆمارییەكان دەسەڵاتیان سەپاندووە و هیچ گۆڕانكارییەك نابینم كە هیوام بۆی دەخواست.

ئەو كچە قوتابییە كە تەمەنی 21 ساڵە دەڵێ، من لە نەوەی زێدم، ئێمە لە تەمەنێكداین كە پێویستە ماڵی باوكمان جێبهێڵین، بەڵام ناتوانین ئەوە بكەین، چونكە هەنگاوێكی لەمجۆرە پێویستی بە ملیۆنان دۆلارە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *