لە زیقار خۆپێشاندانە و بریندار هەیە

بینەر: (96)

بە بەردەوام هاوینی عێراق بە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەكانی باشوور گەرمتر بووە، ئەمڕۆ دانیشتووانی شارۆكەی فهوود لە پارێزگای زیقاڕ هاتنە سەر شەقام و داوای باشكردنی كارەبایان كرد، لەو ناوەدا رووبەڕووبوونەوە دروست بوو و دوو خۆپێشاندەر بریندار بوون.

وەك میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە، ئەمڕۆ دووشەم شارۆكەی فهوودی سەر بە پارێزگای زیقار خۆپێشاندانێكی ناڕەزایەتی بەهۆی خراپیی كارەبا بەخۆیەوە بینی، ئەوان ژمارەیەك شەقامیان بە تایەی سووتێنراو داخست، هێزە تەناهییەكان هەوڵی رووبەڕووبوونەوە و كۆنترۆڵكردنی دۆخەكەیان دا و لە ئەنجامدا دوو خۆپێشاندەر بریندار بوون.

خۆپێشاندەرانی شارۆكەی فهوود جیا لە داخستنی رێگا و شەقامەكان، داوای لادانی محەمەد روێزی بەڕێوەبەری كارەبای زیقاریان كرد.

شایەنی باسە بە بەردەوام هاووڵاتییانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق لە وەرزی هاوین بەهۆی كەمیی كارەبای نیشتمانییەوە هاواریان لێ هەڵدەستێت و دەڕژێنە سەر شەقامەكانەوە، ئەوە لەو كاتەی پارەیەكی زۆر لە بودجەكانی عێراق لە كەرتی كارەبا و گرێبەستەكانی ئەو وەزارەتە خەرج كراوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *