سەركەوتنی توندڕۆكان.. خۆری مێرتس لە ڕاوێژكاری ئەڵمانیا بەرەو ئاوابوون دەبات

بینەر: (682)

حزبە پارێزخوازەكانی ئەڵمانیا ڕووبەڕووی كێشەیەكی دوولایەنە دەبنەوه، لەلایەكەوە بەرزبوونەوەی ڕێژەی دەنگدەرانی پارتی جێگرەوەی ئەڵمانیا “ئا ئێف دی” و لەلایەكی تریشەوە خراپیی ئەدای فریدریش مێرتسی ڕاوێژكاری ئێستەی ئەڵمانیا، ئەمە وایكردووە پێگەی جەماوەری پارتی دیموكراتی كریستیان و مێرتس بە بەردەوامی روو لە دابەزین بكەن.

بەگوێرەی دوا ڕاپرسی كە لە ئەڵمانیا ئەنجام دراوە، تەنیا 10% خەڵكی ئەڵمانیا لە كارەكانی فریدریش مێرتس ڕازین و 88%ی لە كار و بڕیارەكانی ناڕازین، ئەم ژمارانە یەكەمجارە بەمشێوەیە دەردەكەون، دوای ئەوەی فریدریش مێرتس بوو بە ڕاوێژكاری ئەڵمانیا، هەروەها حزبەكەی پارتی كریستیان دیموكرات لە ڕیزبەندی دووەمی حزبەكانە لە ڕووی پێگەی جەماوەرییەوە، تەنیا 20%ی خەڵكی ئامادەن دەنگی پێ بدەن، لە كاتێكدا پارتی جێگرەوە كە پارتی ڕاستڕۆ توندڕۆكانە، ڕێژەی 27%ی خەڵك دەیانەوێ هەڵیبژێرن.

هەروەها پارتی سۆشیال دیموكرات كە هاوبەشی كریستیان دیموكراتەكانە لە حكوومەت، تەنیا 12%ی خەڵك دەیانەوێ دەنگی پێ بدەن، بەمشێوەیە كۆی پێگەی جەماوەری هەردوو حزب دەكاتە 32%ی دەنگدەران، ئەمەیش پرسیارێكی گرنگی هێناوەتە كایەوە، ئایا هەردوو حزب بە تەنیا 32%ی دەنگی دەنگدەران دەتوانن بەردەوام بن لە حوكمكردنی ئەڵمانیا؟

دەرئەنجامی ئەو ڕاپرسیە دوای ئەوە دێت، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ویلایەتی زاكسن ئەنهالت لە شەشی ئەیلوول/سێپتێمبەر، پارتی جێگرەوەی ئەڵمانیا كە حزبی توندڕۆكانە، زۆرینەی دەنگی جەماوەری بە دەست هێنا و ڕیزبەندی یەكەمی لیستی براوەی هەڵبژاردنەكانی مسۆگەر كرد، ئەمەیش لە كاتێكدایە لە داهاتوویەكی نزیكدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی ویلایەتی بەرلین و ماكلنبۆرگ فۆپەرمان ئەنجام دەدرێت.

ڕاپرسییەكان ئەوە دەردەخەن، پێگەی جەماوەریی حزبەكەی مێرتس لە ویلایەتی ماكلنبۆرگ فۆپەرمان تەنیا 7%ە و دوای شكستی هەڵبژاردن، لە ویلایەتی زاكسن ئەنهالتیش ناڕەزایی و دەنگەكان بۆ دوورخستنەوەی فریدریش مێرتس لە پۆستی ڕاوێژكاری ئەڵمانیا بەرز بووەتەوە.

سەرەڕای بوونی ئەو هەڵوێستانە بە لادانی مێرتس لە پۆستی ڕاوێژكاری، بەڵام لابردنی و دانانی كەسێكی تر كێشەكان چارەسەر ناكات، چونكە بە هاتنی كەسێكی تریش دواكەوتنی گەیشتنی شەمەندەفەرەكان كۆتایی نایەت كە بە تەواوی ئەڵمانەكانی تووڕە كردووە، هەروەها نرخی بەنزین دانابەزێت و رسووماتی گومرگی ئەمەریكا كە سەپاندوویەتە سەر ئەوروپا ناگۆڕێت، سیاسەتەكانی چین بەمشێوەیەی ئێستە بەردەوام دەبن و حووسییەكانیش چەكەكانیان ڕادەست ناكەن، تا هاتوچۆی كەشتییە بازرگانییەكان لە دەریای سوور ئاسایی بێتەوە.

لێرەوە پارتی كریستیان دیموكرات ڕووبەڕووی پرسیارێكی سەرەكی بووەتەوە كە تا ئێستە یەكلا نەكردووەتەوە، ئایا وەك حزبێكی خۆپارێزی ڕژد دەمێنێتەوە لە ڕیزی بەرەی میانڕۆكان و هەڵوێستی بەرانبەر بە بژارە قورس و پڕ لە تێچووەكان بە جێگیری دەمێنێتەوە، یان دەبێتە پارتێكی میلی و بە سەردێڕی میدیاكان و ڕەخنەی خەڵك كار و سیاسەت دەكات؟.

بەشێك لە سەركردەكانی پارتی كریستیان دیموكرات داوای كەمكردنەوەی وەرگرتنی باج لە خەڵك دەكەن، بەڵام بێ ئەوەی چۆنیەتیی قەرەبووكردنەوەی پارەی كەمكراوەی باج بخەنەڕوو، لە كاتێكدا ئەڵمانیا پێویستی بە پارەی زەبەلاحە بۆ بنیاتنانی بەرگری و ژێرخانی وڵاتەكە، لە دوای جەنگی ئۆكراینا و گۆڕانكارییە ئابوورییەكان و جیۆپۆلەتیكییەكان، بەمشێوەیە تێچووی بەرگری و پاراستن لەسەر سیاسەتی دارایی و دەستپێوەگرتن و كەمكردنەوەی باج لە یەك كاتدا كارێكی ئەستەم دەبێت.

پارتی جێگرەوەی توندڕۆكان لە بەرانبەر ئەوەدا، بەرنامەیەكی سیاسی ڕوونی هەیە و چارەسەری كێشەكان دەخاتە ڕوو، لەبری ئەوەی ململانێی پارتە فەرمانڕەواكان لە ڕێی میدیاوە بكات.

مێرتس دوای بوونی بە ڕاوێژكار، پەی بە گرنگیی گۆڕانكاری لە ڕێی دروستكردنی سندووقی تایبەت بە ژێرخان و كەمكردنەوەی بەربەستی قەرزكردن لە پێناوی بەهێزكردنی توانای بەرگری هێزە چەكدارەكان، بەڵام كێشەی مێرتس خاوەنی دەسەڵاتی سیاسی پێویست نییە، تا ئەو گۆڕانكارییانە لە ناو حزبەكەی بهێنێتە دی و باوەڕ بە سەركردەكانی حزبەكەی بهێنێت.

میدیاكانی ئەڵمانیا دووپات لەوە دەكەنەوە، سەعاتی ڕۆیشتنی مێرتس لە پۆستی ڕاوێژكاری ئەڵمانیا نزیك دەبێتەوە، سەرەڕای ئەوەی سەرۆكی حكوومەتی ویلایەتەكان كە لە پارتی كریستیان دیموكراتن پشتیوانیان بۆ مێرتس دووپات كردووەتەوە، بەڵام دۆخەكە بە ئاستێك گەیشتووە كە دەرفەتی مانەوەی لە پۆستی ڕاوێژكاری زۆر كەمە.

دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی ویلایەتەكانی بەرلین و ماكلنبۆرگ فۆپەرمان لە یەكشەمی داهاتوو 20ی ئەیلوول/سێپتێمبەر، چاوەڕوانی شكستێكی گەورەی حزبەكەی لە ویلایەتی ماكلنبۆرگ فۆپەرمان دەكرێت، بۆیە دوای ئەوە ئەگەری زۆرە مێرتس دەست لە پۆستەكەی بكێشێتەوە، ئەگەر لەگەڵ خۆی و حزبەكەی و وڵاتەكەی ڕاشكاو بێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *