سێ مانگی داهاتوو لووتكەی تەنگژەی دارایی دەبێت

بینەر: (1.2K)

ئێستە بەهۆی دەركەوتنی كاریگەرییەكانی شەڕی ئێران و ئەمەریكا و داخرانی گەرووی هورمز و وەستانی زۆرینەی هەناردنی نەوتی عێراق لە رێگەی بەندەرەكانی باشوور، عێراق بە تەنگژەیەكی سەختی داراییدا تێپەڕ دەبێت، عێراق نەوتی هەیە، بەڵام ناگاتە بازاڕەكان و بەوەش كێشەی سیولە و بێتوانایی لە خەرجكردنی مووچەی هەیە، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێی وایە سێ مانگی داهاتوو لووتكەی تەنگژەی دارایی دەبێت.

جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژە دەكات كە عێراق دەچێتە ناو چەند مانگێكی سەختی داراییەوە، سێ مانگی داهاتوو لووتكەی تەنگژەی دارایی دەبێت، ئەو مووچە و شایستە داراییەی لە مانگەكانی سێ و چوار و پێنج خەرج دەكرا، هی داهاتی سێ مانگی پێش ئەوە بوو، تەنگژەی راستەقینە لە مانەگەكانی دوو و سێ و چوار دەستی پێ كرد، كە كاریگەرییان لەسەر مانگەكانی شەش و حەوت و هەشت بەدیار دەكەوێت.

روونی كردەوە، ئەگەر ئێستە نەوت بێتە فرۆشتن، كێشەی دارایی ئەم دوو مانگە چارەسەر ناكات، بەڵكو كاریگەری لەسەر مانگەكانی دوای ئەوە دەبێت، بۆیە ئێستە تەنگژەیەكی قووڵی سیولە هەیە، دیار نییە چەند پارە لە یەدەگ رادەكێشرێت، جیا لەوە رێوشوێنەكانی تر وەك زیادكردنی باج و گومرگ و كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكان و داهاتیان، هەموو ئەوانە ناتوانن زیاتر لە 25%ی تەنگژەكە چارەسەر بكەن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *