راپۆرتێك دوا زانیاری لەسەر داماڵینی چەكی میلیشیاكان ئاشكرا دەكات

بینەر: (7)

بڕیارە 30ی ئەم مانگە دوا وادەی داماڵینی چەكی میلیشیاكان لە عێراق بێت، بڕیارە لە دیدارەكەی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆكی ئەمەریكا باسی ئەو دۆسیە بكرێت و داوا لە ترەمپ بكات دوا وادەكە دوا بخرێت و سزا نەخرێتە سەر عێراق، كە شیعە گرەو لەسەر ئەو بژارەیە دەكەن، راپۆرتێك ئاماژە دەكات كە تا ئێستە چەكە قورسەكانی میلیشیاكان رادەستی حكوومەتی عێراق نەكراوە.

راپۆرتەكە ئاماژە دەكات كە زۆرینەی چەكە قورس و مووشەك و درۆنی میلیشیاكان رادەست نەكراونەتەوە و سیناریۆی پێشبینیكراو ئەوەیە بەشێكی زۆری ئەو چەكانە رەوانەی جبەخانەكانی حەشدی شەعبی بكرێن، واتە چەكەكان لە بەكارهێنان پەك بخرێن، بەڵام بێ بوونی گەرەنتی بەكارنەهێنانەوەی لە كاتی شەڕ و هێرشەكاندا.

سەرچاوەیەكی سیاسیی نزیك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دووپاتی كردەوە كە لە دانووستانە دوو مانگییەكە لەگەڵ میلیشیاكان، باوەڕ دروست بووە ئەگەر چەكەكان بخرێنە جبەخانەكانی حەشدی شەعبیش، ئەگەری هەیە لە كاتی شەڕ و هێرشكردنە سەر ئێران بخرێنەوە گەڕ و بێنەوە ناو شەڕەكەوە.

سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە بەشێك لە میلیشیاكان، بەتایبەتی ئەوانەی پێوەندیی بەهێزیان لەگەڵ تاران هەیە، پێیان وایە لە كاتی هەڵگیرسانی هەر شەڕێكی نوێی ئەمەریكا و ئێران، ئەوان لە خاكی عێراقەوە بەشداری تیادا دەكەن و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و وڵاتانی ناوچەكە بۆردمان دەكەن، ئەگەری هەیە لە ئێران و یەمەنیش بەشداری شەڕەكە بكەن.

حەیدەر سەرحان توێژەری سیاسی ئاماژە دەكات، واشنتن بە دوای میكانیزمێكی روونە بۆ پرۆسەی داماڵینی چەكی میلیشیاكان، نەك تەنیا رێگرتن لە كرنەئامانجی بەرژەوەندییەكانی لە عێراق و ناوچەكەن بەڵكو هەژموونی ئێران لەسەر عێراق لاواز بكات و رێگری بكات لەوەی عێراق ببێتە لایەنێكی شەڕ لە پاڵ ئێران، بۆیە مامەڵەی ئەمەریكا لەگەڵ میلیشیاكان لە چوارچێوەی مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران دەبێت.

لەوكاتەی سەرچاوەكان ئاماژە دەكەن كە حكوومەتی عێراق خۆی بۆ قۆناغی دوای 30ی ئەیلوول و ئەگەری فرەوانبوونی بازنەی رووبەڕووبوونەوەی ‌ئەمەركیا و ئێران ئامادە كردووە، سەرحان ئاماژە دەكات كە ئێستە سزا و هێرشی سنووردار ئامرازی ئەمەریكان بەرانبەر بە میلیشیاكان و عێراق، بەڵام ئەگەر كاریگەریی ئێران لەناو دامەزراوەكانی حكوومەتی عێراق زیاتر بێت، ئەگەری هەی ە بازنەی رێوشوێنەكانی ئەمەریكاش فرەوانتر و زیاتر بن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *