جه‌نگ تەنگژەی دەرمان لە ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دروست دەكات

بینەر: (1.3K)

بەرپرسانی جێبەجێكار لە كەرتی دەرمان دووپات لەوە دەكەنەوە، جەنگی ئێستەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆسپ و تەگەرەی گەورەی لە بەردەم گەیاندنی دەرمان بۆ وڵاتانی كەنداو دروست كردووە، ئەمەیش هەڕەشەی لەسەر تووشبووانی شێرپەنجە و نەخۆشییە ماوەدرێژەكان دروست كردووە كە بە بەردەوامی پێویستییان بە دەرمانە.

ڕۆیتەرز ڕاپۆرتێكی لەوبارەیەوە بڵاو كردووەتەوە و نووسیویەتی، گواستنەوەی دەرمان پێویستی بە ساردكەرەوە و ڕێوشوێنی تایبەت هەیە، جەنگ ئێستە ڕێگەی ئاوی پەكخستووە، بۆیە كۆمپانیاكانی دەرمان ناچارن بە ڕێگەی وشكایی دەرمان بگەیەننە وڵاتانی كەنداو.

هەرچەندە تا ئێستە حەب و دەرمانی پێویست لە كۆگەی وڵاتانی كەنداو بوونی هەیە و كەموكورییەكی ئەوتۆ دروست نەبووە، بەڵام شارەزایان نایشارنەوە كە ئەگەر جەنگەكە درێژە بكێشێ و بەردەوامی هەبێت، ئەوا كاریگەریی گەورە لەسەر كەرتی دەرمان دروست دەكات. كۆمپانیا زەبەلاحەكانی دەرمان بیر لە دۆزینەوەی چارەسەر دەكەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەیش دەیانەوێ دەرمان بگەیەنن بە مەسقەت یان ئیستانبۆل بە فڕۆكە و لەوێشەوە بە ئۆتۆمبێل بگەیەنرێتە وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كەنداو.

لەگەڵ ئەوەیشدا هێشتا مەترسی لەسەر حەب و دەرمان كۆتایی نایەت، ئەگەر ڕێگەی وشكاییش بدۆزرێتەوە، چونكە حەب و دەرمان پێویستی بە ساردكەرەوەی تایبەتە تا لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر بگوێزرێتەوە، ئەمەیش ئێستە بەردەست نییە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *