گەنجینەی ئەمەریكا: دوای دوو رۆژ تەواوی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانیی ئێران لەكار دەكەون

بینەر: (5)

تا دێت گوشارەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران بە مەبەستی رازیبوون بە رێككەوتن و ئاساییكردنەوەی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز زیاتر دەبن، ئەمڕۆ سكۆت بیسنت وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا رای گەیاند كە دوای دوو رۆژ تەواوی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانیی ئێران لە سەرانسەری دنیا لە كار دەكەون.

بەپێی سەرچاوەیەكی تەناهیی عێراق، دوێنێ ئێران بە دەسەڵاتدارانی عێراقی راگەیاند كە ئەگەری هەیە لە رۆژی سێشەمی داهاتوو، سبەی، پێشوازیكردن لە تەواوی گەشتە ئاسمانییەكان بۆ ئێران بوەستێت، ئەوەش بۆ ماوەی چەند رۆژێك.

بیسنت دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی لە توندكردنی گوشارە ئابوورییەكانی سەر ئێران بەردەوامە، ئەو لە دیدارێكی كەناڵی “سی ئێن بی سی”ی ئەمەریكی گوتی، ناتوانم ئەوە بڵێم ململانێ لەگەڵ ئێران چەند دەكێشێت، لەگەڵ چین سەبارەت بە سزاكانی سەر ئێران قسەمان كردووە و ئەویش پابەندە.

وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە تەواوی كۆمپانیا فڕۆكەوانییەكانی ئێران لە دنیا لە 23ی ئەم مانگە لە كار دەوەستن، ئەوەش لە ئەنجامی هەڕەشەكانی سەپاندنی سزا بەسەر كۆمپانیاكان، بەوەش لە كاتی نیشتنەوەی هەر فڕۆكەیەكی ئێرانی لە هەر فڕۆكەخانەیەكی دنیا، ناتوانرێت سووتەمەنی بۆ دابین بكرێت و رێگەی نیشتنەوە و فرۆشتنی بلێتی پێ بدرێت، هەر لایەنێك ئەوە بكات لە سیستمی دارایی بنیاتنراو لەسەر دۆلار دوور دەخرێتەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *