پاکستان بە هێرشی ئاسمانی 28 چەکدار لەسەر سنووری ئەفغانستان دەکوژێت

بینەر: (9)

ئەمڕۆ دووشەم 21ی ئەیلوولی 2026، حكوومەتی پاکستان کوژرانی 28 چەکداری لە ئەنجامی چەند هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی لەگەڵ ئەفغانستان ڕاگەیاند، لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان ئاماژە بە کوژرانی سێ کەس دەکەن و هەڕەشەی وەڵامدانەوە دەکەن.

ئەم هێرشانە کۆتاییان بەو ئارامییە هێنا کە ماوەی سێ مانگ بوو لە ناوچەکەدا هەبوو، دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان باسیان لەوە کرد کە هێرشەکان ماڵێکیان لە هەرێمی کۆنار کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەست داوە و چواری تریش بریندار بوون، هەروەها دوو شوێنی تریش لە هەرێمی پەکتیكا بۆردمان کراون.

گوتەبێژی حكوومەتی ئەفغانستان دووپاتی کردەوە کە بە شێوەیەکی گونجاو وەڵامی ئەو هێرشانە دەدەنەوە.

لەلایەکی ترەوە سوپای پاکستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، لە پێکدادانێکی تردا لە نزیک سنوورەکە، شەش سەربازی پاکستانی و هەشت چەکدار کوژراون. ئەم گرژییانە دوای ئەوە دێن کە ڕۆژی هەینی ڕابردوو هێرش کرایە سەر بنکەیەکی پۆلیس لە باکووری ڕۆژئاوای پاکستان و لانی کەم 24 کەس کوژران، کە دواتر گرووپێکی چەکدار بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند.

ساڵانێکە پێوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ئاڵۆزیی تێکەوتووە، پاکستان کابول تۆمەتبار دەکات بە داڵدەدانی گرووپە چەکدارەکان کە هێرش دەکەنە سەر خاکەکەی، بەڵام ئەفغانستان ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە و بە کێشەیەکی ناوخۆیی پاکستانی دەزانێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *