سەرچاوە عێراقییەكان بۆ كەناڵی حوڕەی ئەمەریكی دووپات لەوە دەكەنەوە، هێرشەكەی سەر بۆڕیی نەوتی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای سعوودیە، گرووپێكی چەكداری بچووك ئەنجامیان داوە كە بەمدواییە دامەزراون و لە گرووپێكی میلیشیای دیاری عێراق جیا بوونەتەوە.
سەرچاوەیەك لە هەواڵگریی عێراق بۆ حوڕە گوتی، ئەو گرووپە كە شانەیەكی چەكداری بچووكن و سەربەخۆ كار دەكەن، لە گرووپێكی میلیشیایی دیاری عێراق جیا بوونەتەوە و پێوەندی ڕاستەوخۆیان بە توندڕۆترین باڵی ناو سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە، لەلایەن ئەمەریكاوە خراونەتە ناو لیستی تیرۆرەوە.
ژمارەی ئەندامانی ئەو گرووپە چەكدارە بچووكە لە پێنج تا 10 كەس دەبێ و بە ئۆتۆمبێل و جلی مەدەنی هاتوچۆ دەكەن، هیچ ناوێكیان لە خۆیان نەناوە و ئەركیان هەڵدانی درۆنە بۆ ئەو ئامانجانەی كە بۆیان دیاری دەكرێت.
شەمووی ڕابردوو سعوودیە ئاشكرای كرد، بۆڕیی نەوتی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای سعوودیە بە درۆن هێرشی كراوەتەسەر، درۆنەكانیش لە عێراقەوە هەڵدراون و گرووپە میلیشیاكانی سەربە ئێران ئەنجامدەری ئەو هێرشەن، دواتر حكوومەتی عێراقیش پشتڕاستی كردەوە، هێرشەكە لەسەر خاكی عێراق و بە دیاریكراویش لە پارێزگای میسان ئەنجام دراوە، بۆیە فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی میسان و بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەكە لە پۆستەكانیان دوور خرانەوە، لێكۆڵینەوەی وردیش لەگەڵ ئەفسەرانی باڵای هێزەكانی تەناهی لەو پارێزگایە دەستی پێ كرد.
بەگوێرەی زانیارییەكان، سەرەتا سعوودیە هەڕەشەی وەڵامدانەوەی كردووە، بەڵام دواتر لەسەر داوای زەیدی بڕیاری داوە پشتیوانی هەوڵەكانی حكوومەتی عێراق و لێكۆڵینەوەكان بكات، تا دەرئەنجام و بەرپرسیارانی ئەو هێرشە دیاری بكەن و ڕێگری بكات لەوەی چیتر لەسەر خاكی عێراقەوە دەستدرێژی بكەنە سەر وڵاتانی دراوسێ.
سەباح نوعمان گوتەبێژی فەرمی بە ناوی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان گوتی، سەرۆك وەزیرانی عێراق عەلی زەیدی فەرمانی كردووە بە كردنەوەی دۆسیەی لێكۆڵینەوە، بۆ دۆزینەوەی شوێپێكانی ئەو هێرشە و ئەو لایەنانەی لە پشتی ئەو هێرشەوەن و ڕێوشوێنی یاسایی لە دژی تێوەگلاون دەگیرێتەبەر، دەوڵەت بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بەو جۆرە چالاكییانە نادات و پێوەندییەكانی وڵات لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ناخاتە مەترسییەوە.
سەرچاوەیەك لە نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق گوتی، لێكۆڵینەوە لەبارەی هێرشكردنە سەر بۆڕییە نەوتییەكەی سعوودیە تا ئێستەیش بەردەوامی هەیە و حكوومەت بە دووری نازانێت، لایەنی تر كە لە گرووپی میلیشیا دیارەكان نین، لە پشتی ئەو هێرشەوە بن.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەیشی گوت، یەكێك لەو گرووپە چەكدارەكانە عەسائیبی ئەلی حەقە كە واشنتن خستوویەتییە ناو لیستی تیرۆرەوە و بە حكوومەتی ڕاگەیاندووە، زانیاری لەبارەی ئەو گرووپە دەداتە دامەزراوە فەرمییەكان كە سعوودیەیان بە ئامانج گرت و هێرشیان كردەسەر.
عەسائیبی ئەهلی حەق یەكێكە لەو گرووپانەی كە لە ڕیزی حەشدی شەعبی و لە حوزەیران/یۆنیۆی ڕابردوو بڕیاری دا، چەكەكانی ڕادەستی حكوومەت بكات، بەر لەو وادەیەی كە حكوومەت بۆ چەكداماڵینی میلیشیاكان دیاریی كردووە كە 30ی ئەیلوول/سێپتێمبەری ئەمساڵە.
سەرچاوەیەكی تری سیاسیی نزیك لە حەشدی شەعبی بۆ حوڕە ئاشكرای كرد، زانیارییە سەرەتاییە بەردەستەكان لای دامەزراوە تەناهییەكانی عێراق ئاماژە بەوە دەكەن، ئەو گرووپەی هێرشەكەیان ئەنجام داوە، گرووپێكی بچووكی جیابووەوە لە گرووپێكی چەكداری فەرمی كە ڕەزامەندیی داوە چەكەكانی ڕادەستی حكوومەت بكات، بەڵام ئامادە نەبوو ناوی ئەو گرووپە گەورەیە بهێنێت كە گرووپە بچووكەكەی لێ جیا بووەتەوە.
زیاتر گوتی، بۆردمانەكە تەنگژەیەكی لە نێوان گرووپە میلیشیاكان دروست كردووە، ئەوانەی ڕەزامەندییان داوە چەك ڕادەست بكەن و ئەوانەیشی ڕەتی دەكەنەوە، ئەوانەی كە ڕەتی دەكەنەوە چەك ڕادەست بكەن، دەرفەتی ئەنجامدانی ئەو جۆرە ئۆپراسیۆنانەیان هەیە.
حكوومەتی زەیدی ڕووبەڕووی گوشاری زۆری ئەمەریكا بووەتەوە، تا پەلە بكات لە چەكداماڵینی میلیشیاكان، ئەو دۆسیەیەیش لەمیانەی چەند هەفتەی ڕابردوو جۆرێك لە بارگرژی دروست كردووە لەگەڵ ئەو گرووپانەی كە ئامادە نین چەكەكانیان ڕادەستی حكوومەت بكەن، دیارترینیشیان كەتیبەكانی حزبوڵای عێراق و بزووتنەوەی نوجەبان كە لە ڕیزی ئەو گرووپە میلیشیایانەن كە خراونەتە لیستی تیرۆری ئەمەریكاوە.
سەرچاوەكان لە هەواڵگریی عێراق بڵاویان كردەوە، لە مانگی ئاب/ئۆگەست كەسانی لبنانی و ئێرانی هاتوونەتە عێراقەوە و بەرپرسن لە هەڵمەتی هەڵدانی درۆنەكان، زۆرینەی درۆنەكانیش لە سنوورەكانی ڕۆژهەڵاتی عێراق هەڵدەدرێنە ئاسمان.
















Leave a Reply